نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە سەنگاپور دەکات سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە سەنگاپور دەکات سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت

 

 

 

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە حکومەتی سەنگاپور کرد، کە پرۆسەی سزای لەسێدارەدان لەم وڵاتەدا ڕابگرێت.

وتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: سەنگاپور ئامادەیە سزای لەسێدارەدانی دیکە لەسەر تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان جێبەجێ بکات، ئەو داوای لە سەنگاپور کرد کە خۆی لەم کارە بەدوور بگرێت.

ڕاڤینا شەمداسانی لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گوتی: نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیاری لەسەر نزیکبوونەوەی لەسێدارەدانی زیندانییەک وەرگرتووە کە تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی مۆبایلەکەی بۆ هەماهەنگیکردنی قاچاخچێتی حەشیش. ئاماژەی بەوەشکرد: كە ئێمە نیگەرانیمان هەیە سەبارەت بە پرۆسەی دادپەروەرانە و ڕێزگرتن لە گەرەنتی دادگاییکردنی دادپەروەرانە.

ئەم تۆمەتبارە کە خەڵکی سەنگاپورە، لە ساڵی ٢٠١٨دا بەهۆی هاوکاریکردن لە هەوڵی قاچاخکردنی زیاتر لە یەک کیلۆگرام (١٠١٧.٩ گرام) حەشیش سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. دادوەرێک بۆی دەرکەوتووە کە ژمارە تەلەفۆنێك بەکاردەهێنێت کە پەیوەندی بە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە سەنگاپور یەکێکە لەو وڵاتانەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە سزای لە سێدارەدان بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنێت.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top