شیشار ئەسوەد ڤیدیۆ كلیپێكی نوێی بڵاوكردەوە

شیشار ئەسوەد ڤیدیۆ كلیپێكی نوێی بڵاوكردەوە

گۆرانیبێژ و موسیزیان (شیشار ئەسوەد) لە تۆڕی ڤیدیۆیی یوتیوب گۆرانییەكی نوێی بەناوی(بردمانۆ) بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاوكردەوە كە تێكست و ئاوازی ئەم بەرهەمە فۆلكلۆرە و گۆرانییەكە بەشێوەی شاد و هەڵپەڕكێ بەرهەمهاتووە,كاری وێنەگرتنی ڤیدیۆ كلیپی ئەم بەرهەمە لە چەند ناوچەیەكی كوردستان بۆ كراوە لە شارەكانی هەوڵێر و سلێمانی و ناوچەی گەرمیان .

هەروەها لەلایەن ئاریۆس پرۆدەكشنەوە كاری دابەشكردن و میكس و ماستەرینگی گۆرانییەكە ئەنجامدراوەو (ئەحمەد رەمەزان) كاری دەرهێنانی ڤیدیۆ كلیپی بەرهەمەكەی كردووە .

شیشار وشیار ئەحمەد ئەسوەد ناسراو بە (شیشار ئەسوەد) لەدایكبووی شاری كەركووكە و لە ئێستادا لە شاری هەولێر نیشتەجێیە,دەستپێكی كاری هونەریی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2000 كاتێك بەشداری لە فیستیڤاڵەكاندا دەكرد و خاوەنی پێنج بەرهەمی تۆماركراوەو ژەنیاری ئامێری عودەو لە بواری مەقامدا شارەزاییەكی باشی هەیە,شیشار زیاتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چالاكەو بە بڵاوكردنەوەی كورتە ڤیدیۆ بەرهەمی هونەرمەندە گەورەكان بە گوێگرەكانی دەناسێنێت وەك بەرهەمەكانی سەڵاح رەشید و عەدنان كەریم و مەزهەری خلقی و زیاد ئەسعەد,هەروەها بۆ زیندووڕاگرتنی گۆرانیی كلاسیكی كوردی بەرهەمی هونەرمەندە گەورەكانی گوتوەتەوە وەك بەرهەمەكانی هونەرمەندانی كۆچكردوو قادر كابان و سابیر كوردستانی و كەریم كابان,شیشار ئەسوەد یەكێك بوو لە بەشداربووانی پرۆگرامی پێشبڕكێی دەنگی(كوردستان ستار), لە سەرەتای بەشداری كردنی لەو پڕۆگرامە بە گۆرانی (چەند جارم ووت)ی هونەرمەندی گەورەی كورد عەلی مەردان لە پێش ئەندامانی لێژنە ئامادە بوو كە ئەمەش پاڵپشت بوو بۆ زیاتر دەركەوتن و ناوبانگی, ئەم هونەرمەندە لە تەمەنێكی بچووكدا بە ئامێری ساز دەست دەكات بە ژەنینی میوزیك و حەز و خولیای موزیكی لەلا درووست دەبێت, بەڵام لە ئێستادا ژەنیاری ئامێری عودەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەوادارێكی زۆری هەیە .

گوڵان-ئاسۆ كاكەیی

Top