هــه‌نــدێ لایەنی سیاسی هەن هەم دژی ئابووری سەربەخۆ هەم دژی ڕێککەوتنی بە غدا و هەرێم

هــه‌نــدێ لایەنی سیاسی هەن هەم دژی ئابووری سەربەخۆ هەم دژی ڕێککەوتنی بە غدا و هەرێم

 

 

بە داخەوە کە هةندێ حزبی سیاسی هەرێمی کوردستان ڕەفتار و هەڵسوکەوتی نەرێنیان لە دژی قەوارەی سیاسی هەرێم وەك مانگە شەو لە هاونیشتیمانیانی کوردستان دیارە، تا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان ستراتیژیەتی ئابوری سەربەخۆی پەیڕەو دەکرد، ئەم حزبە سیاسیانە بەردەوام لافی ئەوەیان لێدەدا و دەیانگوت لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندایە نەوت و غاز ڕادەستی بەغدا بکات و بە هەموو شێوەیەک دژایەتیان دەکرد؛

بەڵام کاتێک لەم دواییانەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ بەغدا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی نەوتی هەرێم ڕادەستی سومو بکرێت دوای دەرچونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس؛ ئەمجارە ئەم حزبانە سوکانەکەیان باداوە و تەنگەتاو بوون و لە هەوڵی بەردەوام دان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێککەوتنە؛
ئەوانیش باش دەزانن کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەك حزبی سەرەکی هەرێمی کوردستان هەرگیز شتێک ناکات کە بەرژەوەندی گەلی کوردستانی تێدا نەبێت.

زۆرینەی هاونیشتیمانیانی کوردستانیش پاڵپشتی خۆیان نەشاردەوە بۆ ئەم ڕێککەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدا، دەیان ساڵە ئەمانە دوژمنایەتی دۆزی ڕەوای کورد دەکەن لەم هەرێمە و خیانەت کردن بە گەل و نیشتیمان لە کوێ بێت ئەمانە لەوێدا ئامادەن.

حزبی سیاسی ڕاستەقینە بەر لەوەی بیر لە بەرژەوەندی تەسکی تاکە حزبی و تاکەکەسی بکاتەوە دەبێ بەرژەوەندی نیشتیمانی لە سەروی هەموو بەرژەوەندیەکی ترەوە دابنێت؛ مخابن کە ئەمانە ناتوانین ناویان بنێین حزبی سیاسی، بەڵکو بێجگە لە نەیارانی سیاسی دژی گەل و وڵاتەکەیان ناکرێت هیچ ناوێکی تریان لێ بنێین.

قەیران گەلێک ڕویان لە هەرێمی کوردستان کرد لەم چەند ساڵانەدا، زۆربەی هەرە زۆری ئەو قەیرانانە خودی ئەم حزبانە هۆکاری سەرەکی دروستکردنیان بوون کە پێویست بە باسکردنیان ناکات؛ بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان وەك حوکمرانی سەرەکی هەرێم لە هەمبەر هیچ قەیرانێکدا خۆی نەچەماند و تا لە ئەنجامدا گشت قەیرانەکانی تێپەڕاند.

پارتی و بارزانی نە دوێنێ، نە ئەمڕۆ، نە سبەی ئامادە نیە سازش لە سەر مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بکات، بۆیەش هەرێمەکەمان لە دەستێکی خۆ بە خاوەنزان و ئەمین دایە، جێگەی متمانەی هاونیشتامانیانی کوردستانە، ھەر ئەمەشە هۆکاری سەرەکی مانەوەی پارتی و بارزانی بە پێشەنگ لە گورەپانی سیاسی کوردستاندا.

Top