بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر پارێزەرەکەی هەولێر بڵاوکردەوە
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوی هێرشکردنە سەر پارێزەرێک لە شاری هەولێر بڵاوکردەوە و دەستگیرکردنی سێ لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی رووداوکەوەی راگەیاند.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، "دوابەدوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە لایەن چەند کەسێکەوە لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەر (محەممەد یابە سۆفی) و دەستدرێژیی کرایە سەر، دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەڕێز وەزیری ناوخۆ 3 تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت".
هەروەها ئاسایشی هەولێر دڵینایی دەداتە هاووڵاتییان کە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر ئەرکیانە و "بەزاندنیان هێلی سوورە" و ئاماژە بەوەشدەکات، "تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین".
ئەمڕۆ بەیانی (15ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، چەند کەسێک لە هەولێر هێرشیان کردە سەر پارێزەرێک بەناوی محەممەد یابە سۆفی، دوای ئەوەی زۆری لێدەدەن و قژیان تاشیوە و جێیان هێشتووە.
دوای رووداوەکەش، ئەو پارێزەرە بۆ چارەسەری پزیشکی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر و یونس یابە، برای ئەو پارێزەرە بە کوردستان24ی گوت: "هێرشکردنە سەر براکەم بەهۆی کەیسی ژن و مێردێک بووە، ماڵی ژنەکە براکەمیان کردووەتە بریکاری خۆیان، لایەنەکەی تر کە ماڵی پیاوەکەن بە یاسا رازی نەبوونە و براکەمیان رفاندووە و سێ کاتژمێر لێیانداوە و هەموو گیانی بووەتە خوێن".
دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێرەوە
دوابەدوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە لایەن چەند کەسێکەوە لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەر (محەممەد یابە سۆفی) و دەستدرێژیی کرایە سەر، دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەڕێز وەزیری ناوخۆ 3 تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت.
هاووڵاتییانی بەڕێز دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر و هاوشارییانمان ئەرکێکە و بەزاندنیان هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
15ی نیسانی 2023