محەمەد ئەمین فارس بۆ گوڵان : رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی هەنگاوێكی گرنگە بۆ داڕشتنەوەی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی

محەمەد ئەمین فارس بۆ گوڵان :  رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی هەنگاوێكی گرنگە بۆ داڕشتنەوەی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی

 

 

ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ سێ ساڵی 2023 و 2024 و 2025 دەبێت

 

 

بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چووەتە قۆناغێكی نوێی لێكتێگەیشتن و هەنگاونان بەرەو چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بوونی نییەتپاكی و ئیرادە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە و گرفتەكان واقیعێكی نوێی دروست كردووە و، وڵاتەكەی بەرەو سەقامگیریی سیاسیی بردووە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ (محەمەد ئەمین فارس) ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق ئەنجام دا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

 

* نزیكبوونەوەی كورد و بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی دوای ڕێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئومێدێكی بەخشیوەتە هەوڵەكانی دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و هاتنی بەشە بودجەی هەرێم، ئێوە وەك ڕاوێژكاری سەرۆك كۆمار هەڵسەنگاندنتان بۆ بارودۆخە نوێیەكە چۆنە؟

- هەر وەكو پێشبینی دەكرا كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی ڕووی لە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی كردووە، لە ئێستادا سەرجەم كوتلە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی لە ناو ئەنجومەنی ئیدارەی دەوڵەتدا لەسەر ئەوە كۆكن ئەو سەقامگیری و ئارامییە بپارێزن، ئەم كابینەیەش بە كۆكردنەوەی زۆرینەی دەنگی هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی شیعە و كورد و سوننە پێك هێنرا، بۆیە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەوانەی لە ناو حكومەتیشدا نین، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە خەڵكی عێراق ماندوو بوون و چیتر تەحەمولی لێكەوتەكانی ئەو هەموو ململانێ سیاسییە ناكەن، خەڵك خوازیاری ئەوەن خواست و پێداویستی و خزمەتگوزارییەكانیان بە باشترین شێوە بۆ جێبەجێ بكەن، حكومەتیش ئەم سەقامگیرییەی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت پرۆژە و كار و چالاكی و خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و كارەبا و ئاو و پاكوخاوێنی بە شێوەیەكی باش پێشكەش بكات، هەر لایەنێكی سیاسی دژی سەقامگیریی بارودۆخی ناوخۆ بێت و ببێتە هۆكار بۆ پاشەكشەكردنی خزمەتگوزارییەكان و دابیننەكردنی پێداویستییەكانی خەڵك، ئەوا لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا پێگەی جەماوەریی خۆی لەدەست دەدات.

ئەم ڕێككەوتنەی دوایی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق ئەوەندەی دیكە سەقامگیریی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئاشكرایە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵكو لە ناوچەكە و جیهانیشدا دیار و بەرچاوە، ئەو پەیوەندییە بەهێزەی سەرۆك كە لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی كۆمار و پەرلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكان هەیەتی، ڕۆڵی لەو سەقامگیری و ئارامییەدا هەبووە، كە دواجار بۆ خێر و خۆشیی هەموو گەلانی عێراق و بەتایبەتی خەڵكی كوردستان گەڕاوەتەوە، لەلایەكی دیكەوە كار و كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش زیاتر ڕوویان لە كزی كردووە، بۆیە سەقامگیری لە عێراق و ڕێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم ڕۆڵی لە ئامادەكردن و تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە دەبێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پابەندبوونی عێراق بە بڕیار و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانەوە دۆخی كاریگەریی لەسەر پێگەی ئەم وڵاتە هەبووە، ئەوەتا لە كۆنگرەی نیویۆركدا شاندێكی باڵای عێراقی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق و نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان بەشدار بوون و ئومێدێكی گەورەی لێ كەوتەوە، بەوەی عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانیشدا ڕۆڵ و پێگەی خۆی بۆ بگەڕێتەوە.

* ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە وا بڕیارە بۆ سێ ساڵ بێت، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، تاچەند ئەم پرۆژەیە گرنگە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورە و ستراتیژی و زامنكردنی پشكی هەرێمی كوردستان؟

- عێراق وڵاتێكە بەشی زۆری بودجەكەی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، خۆی لە خۆیدا پەسەندكردنی پرۆژەیاساكەش دواكەوتووە و گرفتی كورتهێنانی هەیە، بۆیە ڕاوەستاندنی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان لە بەرژەوەندیی عێراقیشدا نییە، لەگەڵ ئەمەشدا پەسەندكردنی بودجەكە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان گرنگیی زۆری هەیە، لە ئێستادا ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەكە گەیشتووەتە پەرلەمان و هەوڵ دەدرێت بۆ سێ ساڵی 2023 و 2024 و 2025 بێت، بەمەش حكومەت لە كۆمەڵێك گرفتی دووبارەبوونەوەی دواكەوتنی ئامادەكردنی بودجە و جێبەجێنەكردن و دواكەوتنی تەواوبوونی پرۆژەكان ڕزگاری دەبێت و دەتوانرێت پرۆژەی گەورەتر و ستراتیژی لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا ئەنجام بدرێت.

* ڕەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان كە بڕیار وایە بە ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ئامادە بكرێت، تاچەند دەرچوونی ئەم بڕیارە بۆ ئێمەی كوردستانی گرنگە؟

- داڕشتنەوەی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بە هەماهەنگی لە نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراقدا ئامادە دەكرێت و ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت، بڕیار وایە ئەم یاسا گرنگ و هەستیارە بە ڕێككەوتنی نێوان هەموو لایەنە سیاسییەكان بێت، بە شێوەیەكی گشتی بارودۆخ و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ڕووی لە باشی كردووە و ئەمەش ڕۆڵی دەبێت لە داڕشتنەوەی پرۆژە یاسای بودجەكە و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دیكە .

* بەو پێیەی سەرۆكایەتیی كۆمار پارێزەری دەستوورە، بەڵام بەداخەوە لە دوو كابینەی پێشوودا سەرۆك كۆمار نەیتوانیوە ئەم ڕۆڵە بگێڕێت و هەمووان پابەند بكات بە جێبەجێكردنی دەستوورەوە، ئەو دەستوورەی گەرەنتیی پاراستنی شكۆمەندی و یەكڕیزیی وڵاتە، ئایا لەم خولەدا ئێوە لە كۆشكی سەلام تاچەند كار بۆ چەسپاندنی فیدڕاڵییەت و جێبەجێكردنی هەموو ماددەكانی ناو دەستوور دەكەن؟

- مادام عێراق خاوەنی دەستوورێكی هەمیشەییە و لەلایەن گەلەوە دەنگی لەسەر دراوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەك پێوەی باپەند بن و سەرجەم ماددە و بڕگە یاساییەكانی ناو دەستوور جێبەجێ بكەن، چەند یاسایەكیش هەیە،ـ پێویستە دەربچێت تاوەكو زۆر لەو ماددە دەستوورییانەی هەیە، جێبەجێ بكرێن، لەوانە یاسای نەوت و گاز و یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی و.. تادوایی، بەداخەوە لە كابینەی پێشتر سەرۆك كۆمار هیچ ڕۆڵێكی نەبوو، بەتایبەتی لەو كێشانەی پەیوەندییان بە خەڵكی كوردستانەوە هەبووە، لەم كابینەیەدا سەرۆك كۆمار ڕۆڵێكی زۆر باشتری هەبووە لەوەی پێشوو.

* ڕێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و واژۆكردنی لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ تا چەند گرنگ بوو بۆ دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، بەتایبەتی كە خۆت وەكو ڕاوێژكاری سەرۆك كۆمار لەوێ ئامادە بووی؟

- ڕێككەوتنی نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی هەردوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و هەنگاویی جددیی بۆ نراوە، ڕۆڵی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دیار و لەبەرچاو بووە، بۆ سەركەوتنی ئەم ڕێككەوتنە، ئەم ڕێككەوتنەش لێكنزیكبوونەوەی هەردوو حكومەتە لە بەرژەوەندیی سەرجەم گەلانی عێراق و هەرێمی كوردستانیشە، هەروەكو چۆن هەنگاوێكی گرنگە بۆ داڕشتنەوەی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گاز و كۆتاییهاتنی ئەم ململانێ ئاڵۆز و قورسە، بێگومان دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی كۆتایی بەو هەموو ململانێ و ناكۆكییە سیاسییە دەهێنێت كە ساڵانێكی زۆرە دروست بووە .

* ئەنجومەنی فیدڕاڵی تا چەند گرنگە بۆ چەسپاندنی بنەمای فیدڕاڵییەت لە عێراقدا و لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق؟

- یەكێك لەو كەموكورتییانەی لە سیستمی فیدڕاڵییەتی عێراقدا هەیە، نەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵییە، كە بەپێی دەستوور دەبێت پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات و ئەو ئەنجومەنە دابمەزرێنێت، گرنگیی ئەم ئەنجومەنی فیدڕاڵییە لەوەدایە هەر بابەت و پرسێك ناكۆكیی لەسەر بێت و یەكلانەكردنەوەی لە ناو دامەزراوەكانی دیكەی فیدڕاڵییەتدا ئاسان نەبێت، ئەوا لەناو ئەو ئەنجومەنەدا دەتوانرێت دەنگی لەسەر بدرێت، تەنانەت لە هەندێك پرسی چارەنووسساز و هەستیاردا هەرێمەكە مافی ڤیتۆی دەبێت و ناهێڵێت كێشەكان لەوە زیاتر ئاڵۆز بێت، بە پێچەوانەوە كێشەكان لە ناو ئەو ئەنجومەنەدا كۆنتڕۆڵ دەكرێت و بەرەو چارەسەر دەچێت.

* بەردەوام گلەیی لە سەر ڕۆڵ و ئەركی نوێنەرانی كورد لە بەغدا هەیە، ئایا تا چەند لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و نوێنەرەكانیان لەم ڕووەوە خزمەت بە ماف و شایستە داراییەكانی گەلی كوردستان دەكەن؟

- سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیر و شاندەكانی حكومەت لە بەغدا تەواجودێكی بەرچاویان هەبوو، ڕۆڵی وەزیرەكانی هەرێمی كوردستان لە بەڕێوەچوونی گفتوگۆ و شاندەكان جێگەی شانازییە، ئەمەش بۆ تەوجیهاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە هۆكاری نزیكبوونەوەی وەزارەت و دامەزراوەكانی هەردوو حكومەت و گەیشتن بەو لێكتێگەیشتنانەیە، بگرە چوونی شاندەكانی حكومەتی ئیتحادیش بۆ هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆی كەمبوونەوەی زۆر لە گرفت و كێشەكان و بارگرژی و ناكۆكییەكانی كەم كردەوە، ئێمەش ئامادەیی هەموو هاوكاری و پاڵپشتییەكی شاندە باڵاكان و شاندە تەكنیكارەكانمان هەیە.

سەبارەت بە پرسیارەكەشتان پێویستە نوێنەرانی كورد لە بەغدا بە پەرلەمانتار و وەزیر و بریكار و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و نوێنەرایەتییەكانەوە، ڕۆڵی سەرەكی بگێڕن لە داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان، چەندە كۆدەنگی هەبێت لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و هەموو عێراقە، ئەگەر ناكۆكی هەبێت كاریگەری لەسەر خودی كابینەی حكومەتی عێراقیش هەیە، لێرە لە بەغدا ئەركی نوێنەرانی كورد جیاوازە، ناكرێت ناكۆكی و كێشەكانی نێوان حزبە كوردستانییەكان بهێنرێتە ئێرە و زیان بە قووت و بەرژەوەندیی خەڵكی بگەیەنن.

 

Top