مانگی ڕەمەزان و پرسی ئیمان و نیشتمان

مانگی ڕەمەزان و  پرسی ئیمان و نیشتمان

 

مانگی ڕەمەزان وێڕای ئەوەی مەوسمێكی تایبەتمەند و شەعیرەییەكی گەورەی ئیسلامە، لە هەمان كاتدا دەرفەتێكی گرنگە بۆ دووبارە نوێكردنەوەی هەست و بەرپرسیارێتیی تاكی موسڵمان بەرانبەر ئەركە ئایینی و نیشتمانی و مرۆڤایەتییەكان، چونكە دینداری و هەستی نیشتمانپەروەری وەك دوو چەمكی وابەستە، هەمیشە وا دەخوازن مرۆڤ لە ڕێی ئایینیەوە خزمەتی نیشتمان بكات و لە ڕێی هەستی نیشتمانیشەوە خزمەتی نەتەوەكەی بكات و ببێتە هۆكاری پێشكەوتن و بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە و پاراستی ئارامی.

لەو سۆنگەوە گەلی كورد هەمیشە دوو شت بەلایەوە زۆر گرنگ بووە و لێكیان جیا ناكاتەوە، یەكەمیان ئینتیما بۆ دین، دووەمیان ئینتیما بۆ نەتەوە، لەسەر ئەم بنەمایە ئەمنی قەومی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی پەرەی سەندووە، كەواتە ئینتیما بۆ دین ‌و نەتەوە تەواوكەری یەكترن‌ و زۆر جار دین ڕۆڵی ڕابەری گێڕاوە لە چارەسەركردنی كێشەی نەتەوەییدا، بۆیە كە دەڵێین ئەمنی نەتەوەیی واتە دابینكردنی ئارامی بۆ بەرژەوەندیی نەتەوە ‌و پاراستنی تایبەتمەندییەكانی.

ئەگەر سەیری ئیسلام بكەین، دەبینین مەبەست و بنەماكانی كار بۆ ئەوە دەكەن ئەم ڕەهەندە فەراهەم ببێت، بەشێكی زۆری ئەرك و پەرستشەكان بە ئامانجی دروستكردنی ئارامیی كیان و كۆمەڵگە مرۆڤ ئاراستە دەكەن و ڕایدێنن لەسەر هەنگاوە ئەرێنیەكانی پەیوەست بە دەوروبەریەوە، ئەوەتا پێغەمبەر ئیبراهیم كاتێ‌ لە شاری مەككە نیشتەجێ بوو، یەكێك لە نزایەكانی ئەوە بوو: «خودایە ئارامی بە سەر ئەم شارەدا بێنە و خێر و پیتوبەرەكەت بە سەر خەڵكەكەیدا بڕێژە».

بە پەیڕەوی لەم ڕەهەندە گرنگە، ئیسلام وەك دوایین ئایین سەرچاوەیەكی گەورەی‌ هێنانەدی، ئەمن‌ و ئارامیی كیان و كۆمەڵگەی لە بەرچاو گرتووە و لە دیاریكردنی سیستمی گونجاو بۆ دابینكردنی ئارامیدا پێشكەوتووە، ئەوەشی بە یەكێ‌ لە ئامانجە بنەڕەتییەكانی شەریعەت داناوە، لەبەر ئەوە مەسەلەی ئەمن لە چوارچێوەی ئیسلامدا هەڵقوڵاوی دەرەنجامی ئەو ئیمانەیە كە لەسەر دەستی ئیماندار بۆ كۆمەڵگە بەرهەم دێت، پابەندیی دینداری‌ و ئەكتیڤكردنی پتری ڕۆڵی مینبەر و گەڕانەوە بۆ پەیامی ڕاستەقینەی ئیسلام ‌و فیقهی ئیسلامی، بەو تێگەیشتنە زانستی و لۆژیكییەی كە گەورە زانایانی پێشوو چوارچێوەیان بۆ داڕشتووە، هۆكارێكی گرنگە بۆ پەرەسەندن ‌و بەرەوپێشەوەبردنی پرسی ئەمن‌ و ئاسایش لە هەر زەمان‌ و زەمینێكدا، نەخاسمە لە ناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزان كە وێستگەی ئارامیی دڵان و هێوربوونەوەی هەست و دەروونی مرۆڤە، ئەمەش بۆ ئەوەیە لە ئارامیی تاكەوە بۆ ئارامیی كۆمەڵگە بڕۆین و سەرەنجام هەمووان بە پاڵنەری ئایینی لە خزمەت ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی پێكەوەژیانی خۆماندا بین. بەو پێیەی ئەم ئەركە درێژەپێدەری ڕێبازی ڕاستەقینەی پێغەمبەری ئیسلام و تەواوی پێغەمبەرانە- سەلامی خوایان لەسەر بێت.

مانگی ڕەمەزان یەكێكە لەو وێستگانەی دەكرێ مرۆڤ لە ڕێیەوە نزای خێر بۆ بەرژەوەندیی وڵات و گەل و ئارامیی كیان و كۆمەڵگە بكات و، لە ڕێی چاكە و عیبادەتكردنەوە ببێتە كەسێكی خاوەن هەست و هەڵوێستی نیشتمانی و وەك كوردپەروەرێكی موسڵمان هەنگاوەكانی بە ئاراستەی خزمەتی گشتی و پێكەوەژیان و بڵاوكردنەوەی تەبایی و ئاشتەوایی بێت، چونكە وەك چۆن مانگی ڕەمەزان كەشێكی تایبەت و جیاوازی بۆ خوداپەرستی هەیە، گرنگە بەو ئەندازەیەش هەڵمەتی خۆشەویستیی نیشتمان ببێتە بەشێكی گرنگی ژیانمان، بۆ ئەوەی بتوانین لە چوارچێوەی دادپەروەری و ماف و كەرامەت و یەكڕیزی و ویژدانی مرۆڤبوونەوە خزمەت بكەین.

بینیمان لەگەڵ دەستپێكی ڕەمەزان بە دەست بێت، یان بە قەست، دەنگۆ و لێدوانی دژ بەم كیان و قەوارەیە لێ دەدرا و بڵاودەكرایەوە، لێرە و لەوێ لە ناو سۆشیال میدیا و لە ڕێی ئەم جۆرە هەنگاوە ناجۆرانە؛ هەست دەكرا كەسانێك بە بیانووی جیا جیا لە ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی كەم دەكەنەوە و، بە بیستن و بڵاوكردنەوەی دەنگۆی ڕووخان و پاشەكشەی هەرێم و هەڵوەشانەوەی قەوارە و تێكچوونی كیان و داڕووخانی ئابووریی كوردستان شادی دێتە سەر لێویان، وەك بڵێی ئاواتیان ئەوە بێت هەرێم كەی بڕووخێت! لەم پێناوەدا هەواڵی بێ بنەما و پەیامی ئاژەوەگێڕی و هەڵایسانی شەڕ بە ئەملا و ئەولادا بڵاو دەكەنەوە، بێ ئاگا لەوەی ئەم جۆرە هەست و بیركردنەوە و ئاراستەیە نەك پێچەوانەی كەلتوور و بەهای نەتەوەییە، بەڵكو پێچەوانەی بنەماكانی شەریعەتی ئیسلامیشە.

مەگەر پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) باسی گەورەیی عیبادەتی مانگی ڕەمەزان ناكات، بەوەی هۆكاری ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و هاریكاری یەكتری و وەلانانی بوغز و ڕق و كینە و زمانی هەڕەشە و شەڕ بێت؟ ئەی مەگەر هەمان پێغەمبەر نییە لەبارەی پارێزگاریكردن لە كیان و نەتەوە و نیشتمان دەفەرموێ: (خَيْرُكُمْ الْمُدَافِعُ عن عَشِيرَتِهِ ما لم يَأْثَمْ) واتە: باشترینتان ئەو كەسەیە پارێزگاری لە نەتەوەكەی خۆی بكات، مادام گوناهباری تێدا نییە.

مەگەر ئەم هەستە تا ئەندازەی تێكۆشان و گیانی بەرگری لە پیرۆزییەكانی نەتەوە و نیشتمان لای پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) گرنگ و هەستیار و زیندوو نەبووە؟ هەر وەك ئاماژەی بۆ دەكا و دەفەرموێ: (عن عَمَّارٍ أَنَّ النبي صلى اللَّهُ عليه وسلم كان يَسْتَحِبُّ لِلرَّجُلِ أَنْ يُقَاتِلَ تَحْتَ رِايَةِ قَوْمِهِ) واتە: لە عەممارەوە گێڕدراوەتەوە، كە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) حەز و ئارەزووی لەوە بووە هەر كەسەو لەژێر ئاڵای هۆز و نەتەوەكەی خۆیدا بجەنگێت.

لە دونیای نوێدا كاری لەپێشینەی ئایین چاككردن و بەرەوپێشبردنی ئاستی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و دیندارییە لە چوارچێوەی پاراستنی سنوور و بەها گرنگەكاندا، نەك پیشاندانی ڕەشبینی و نائومێدی و پەیامی ڕقەكاری و نانەوەی پشێوی و پەیامی دژ بە كیان و نەتەوە و نیشتمان، دینداری بۆ ڕاستكردنەوەی پەیوەندیی خود بەرانبەر خودا و خەڵك و خاكە و پاڵفتەی دەروون و بیناكردنی كەسایەتیی مرۆڤ و لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە دونیایی و قیامەتییەكانە، نەك بۆ هەڕەشە و تێكدانی ئارامی و دژایەتیی گەل و نیشتمان.

كەواتە گرنگە ڕەهەند و دیوی دووەمی دینداری، بەتایبەت لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لەبەر چاو بگرین، بەوەی وەك چۆن پەیڕەوی لە جێبەجێكردنی پایە و ڕوكنێكی گەورەی ئیسلام دەكەین كە بەرۆژووبوونە، بە هەمان شێوە پابەندی ئەو دەق و هەڵوێستە نەبەوییانەش بین كە فێرمان دەكەن خزمەتی نەتەوە و نیشتمان بە بەشێك لە دینداری بزانین.

پەیام و كرداری ڕێبەر و گەورە زانایانی كورد هەمیشە وا بووە بە دەستێك خزمەتی ئایین و بە دەستەكەی دیكە خزمەتی نیشتمانیان كردووە، لەو نێوەشدا خۆشەویستی بۆ ئایین و نیشتمان بووەتە هەوێن و بناغەی كوردایەتی و كاری گەورە و ئاسۆ و ئومێدی ئایندەی خۆیان و گەلەكەیان.

بە كورتی زۆر گرنگە بە ئەندازەی نوێبوونەوە و گەرموگوڕی و كۆكردنەوەی زادیی ئیمانی لە ناو مانگی ڕەمەزاندا، تێڕوانین و هەڵوێست و خۆشەویستیمان بۆ گەل و وڵاتی خۆمان هەبێت و هیچ گلەیی و دۆخ و ویست و دەستێك لە مەبدەئی بوونمان بەرانبەر نەتەوە و نیشتمان كەم نەكاتەوە.

 

 

 

بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان

Top