جیڕاڵد فێریشتەین باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە یەمەن بۆ گوڵان: سەنگی مەحەك لە ڕێككەوتنی نێوان سعودیە و ئێران جێبەجێكردنیەتی

جیڕاڵد فێریشتەین باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە یەمەن بۆ گوڵان:     سەنگی مەحەك لە ڕێككەوتنی نێوان سعودیە و ئێران جێبەجێكردنیەتی

جیڕاڵد فێریشتەین جێگری سەرۆك ئەنستیتوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، كە بارەگاكەی لە (واشنتۆن دی سی)یە و توێژەری باڵای بواری دیپلۆماسییەتی ئەمریكایە لەم ئەنستیتوتە، پێشتریش چەندین پۆستی دیپلۆماتیی جۆراوجۆری هەبووە و، لە شاندە دیپلۆماتییەكانی ئەمریكادا بووە بۆ پاكستان و سعودیە و، لە ساڵی 2010 لە لایەن ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما كرایە باڵیۆزی ئەمریكا لە یەمەن و تا ساڵی 2013 لەو پۆستەدا مایەوە، لە ساڵی 2013 تا ساڵی 2016 جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە ڕێككەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی عەرەبستانی سعودیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕووی پاڵنەر و هۆكارەكانی گەیشتن بەم ڕێككەوتن و ئەگەری سەركەوتن و جێبەجێكردنی و دەرەنجام و دەرهاویشتەكانی لەسەر تێكڕای ناوچەكە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* هەروەك ئاشكرایە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی پڕ لە كێشە و تەنگژە و قەیرانە و تووشی چەندین شەڕ و ناسەقامگیری و باری ناهەمواری ئابووری بووەتەوە، سەرەڕای بوونی ڕكابەریی نێوان هێزە گەورە هەرێمایەتییەكان، بەڵام لەم دواییەدا هەندێ بەرەوپێشچوون و پێشهاتی گەورە هاتنەئاراوە، وەك لێكنزیكبوونەوە و ڕێككەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی ڕكابەری پێشوو، (عەرەبستانی سعودیە و ئێران) كە دوو وڵاتی گەورە و خاوەن دەستڕۆیشتوویین لە ناوچەكەدا، ئێوە چۆن لەم ڕێككەوتنە و هۆكارەكانی هاتنەئارای دەڕوانن؟

- لە ڕاستیدا من پێم وایە هەر هەوڵ و هەنگاوێك كە بگیرێتەبەر و بێتەئاراوە بۆ مەبەستی خاوكردنەوەی بارگرژییەكان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانین بە پێشهات و پەرەسەندنێكی ئەرێنی لە قەڵەمی بدەین. ئەگەرچی سەنگی مەحەك لە ڕێككەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی عەرەبستانی سعودیە و ئێراندا بریتییە لە پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكە و جێبەجێكردنی. هەر لەم ڕووەوە من تێڕوانینم وایە كە بەڵێنی گەڕانەوەی باڵیۆزەكان بۆ هەردوو پایتەخت پێشهات و پەرەسەندنێكی گرنگ نییە، ئەگەر هەردوو وڵات ڕێككەوتن نەكەن لەسەر گفتوگۆكردن لە بارەی ئەو پرسە گەورە و بەرچاوانە كە مایەی دروستكردنی دابەشبوون و ناكۆكیی نێوانیانن. لەم ڕووەوە من باوەڕم وایە هەم ئێرانییەكان- كە لە ئێستادا ڕووبەڕووی گوشاری ناوخۆیی و دەرەكی بوونەتەوە، هەم عەرەبستانی سعودیە- كە خوازیاری ئەوە نییە هەڵكشانی هەڕەشەی هێزێكی هەرێمی بەدی بكات- هۆكاری ئەوەیان هەبوو كە بڕیاری ئەوە بدەن كە كاتەكە لەبار و گونجاو و ڕاست و دروستە بۆ دووبارە نوێكردنەوەی پەیوەندییەكانیان.

* ئێوە ئاماژەتان بە خاڵێكی گرنگ كرد كە سەركەوتنی ڕاستەقینە لە ئەنجامدانی ڕێككەوتنەكەدا نییە، بەڵكو لە پابەندبوونە پێی و لە جێبەجێكردنیدایە، دەمانەوێت ئەو پرسیارە بكەن كە ئایا لە دیدی ئێوەدا تا چەند ئیرادە و خواستێكی ڕاستەقینە هەیە لە هەردوولاوە بۆ ئەوەی جددی بن لە جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنەدا و ئایا پێتان وایە لە مەودای دووردا سەركەوتوو دەبێت؟

- لەم ڕووەوە ئێمە دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین كە ئایا ئەم ڕێككەوتنە چ دەرئەنجامێكی لێ دەكەوێتەوە و، تا چەند جێبەجێ دەكرێت. هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، ئەم ڕێككەوتنە تەنیا ئەو كاتە سەركەوتوو دەبێت كە سەربكێشێت بۆ بەرەوپێشچوونی ڕاستەقینە لە چارەسەركردنی نیگەرانییە بەرچاوەكانی پەیوەست بە خودی ئێرانەوە، لە نێویاندا پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران، مووشە بالیستییەكانی، پڕۆگرامی دروستكردنی فڕۆكەی بیفڕۆكەوان و دەستتێوەردانەكانی لە كاروبارە ناوخۆییەكانی دەوڵەتە دراوسێكانیدا، بەتایبەتی لە یەمەن و سووریا.

* هەروەك ئاشكرایە كە ئەم ڕێككەوتنە بە ناوبژیوانیی وڵاتی چین كراوە، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئەم ناوبژیوانییە بەڵگە و ئاماژەیە بە هەڵكشان و بەرفراوانبوونی دەستڕۆیشتوویی و كاریگەریی چین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟ ئایا تا چەند ئەم گەورەبوونەی ڕۆڵی چین، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای نیگەران و ناڕەحەت كردووە؟

- حاڵی حازر چین بووەتە هاوبەشی بازرگانی بۆ چەند وڵاتێكی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بووەتە گەمەكارێكی گرنگی نێودەوڵەتی. هەروەك ئەگەر ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە ئەم ڕێككەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی عەرەبستانی سعودیە و ئێران بە ناوبژیوانیی چین هاتەئاراوە و ئەنجام درا، ئەوا پەكین هەندێ مافی ئەوەی بەدەست هێناوە كە بە خۆهەڵكێشانەوە باس لە هەوڵ و كۆششە دیپلۆماتییەكانی بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بڵێین كە ئەم ڕێككەوتنە نابێتە هۆی ئەوە پێگەی چین لە ناوچەكەدا بە چەشنێكی بنەڕەتی بگۆڕێت، كە بە شێوەیەكی سەرەكی ئەم پێگەیە بەندە بە هێزی ئابووریی چینەوە. بە تێڕوانینی هەندێ لە شرۆڤەكارانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە هەمیشە پێشهاتەكان لەو ڕوانگەیەوە لێك دەدەنەوە كە تا چەند كاریگەرییان لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا هەیە، ئەوا ئەم پەرەسەندنە بە شكست و پاشەكشە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لێك دەدەنەوە، بەڵام من پێم وایە موبالەغەیەك لەم شرۆڤەكارییەدا هەیە.

* باشە ئەگەر وامان دانا كە ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێ دەكرێت و هەردوولا خواستی ڕاستەقینە و جددییان هەیە بۆ ئەوەی لاپەڕەی ناكۆكی و كێشەكانیان بپێچنەوە و دەست بە ڕۆژگارێكی نوێی هاوكاری و دراوسێیەتیی باش بكەن، ئەگەر ئەم تێڕوانینە گەشبینە لە جێی خۆیدا بێت، ئایا ئەم ڕێككەوتنە لەسەر تێكڕای ناوچەكە، چ كاریگەری و دەرەنجامێكی لێ دەكەوێتەوە؟

- بە تێڕوانینی من ئەگەر ڕێككەوتنەكە بە تەواوەتی جێبەجێ بكرێت، ئەوا دەرگا واڵا دەكات بە ڕووی چارەسەركردنی نیگەرانییە درێژخایەنەكاندا و لە هەمان كاتدا بۆی هەیە هاوكار بێت لە كارئاسانیكردن بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن، ئەگەرچی دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین، كە ڕیشەی كێشە و شەڕی یەمەن پەیوەستن بە هەلومەرجی ناوخۆیی ئەو وڵاتەوە و لایەنە دەرەكییەكان ناتوانن چارەسەری بكەن، لە نێویاندا هەردوو وڵاتی ئێران و عەرەبستانی سعودیە، بەڵكو دەبێت خودی یەمەنییەكان خۆیان چارەسەری بكەن. هەروەها دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەڕەشەی گرتنەبەری ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران.

* ئاشكرایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عەرەبستانی سعودیە پەیوەندییەكی قووڵ و ستراتیژییان هەبووە، بەڵام ئایا پێت وانییە بەدیهێنانی پێشهاتێكی گەورەی لەم چەشنە بە هەوڵ و كۆششی چین، تەمی گومان دەخاتەسەر پەیوەندییە ستراتیژییەكانی ئەمریكا و سعودیە؟ ئایا چۆن لە ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەڕوانن؟

- نەخێر، من پێم وانییە، چونكە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە هاوبەشێكی سەرەكیی ستراتیژیی عەرەبستانی سعودیە دەمێنێتەوە. هەرچۆنێك بێت، دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە عەرەبستانی سعودیە زیاتر و زیاتر وەك هێزێكی سەرەكیی هەرێمی و جیهانی لە خۆی دەڕوانێت، كە پارێزگاری لە پەیوەندیی هاوسەنگ دەكات لەگەڵ گەمەكارە گەورە نێودەوڵەتییەكانی دیكەدا. لەم ڕوانگەیەوە و لە پێناو بەرەوپێشچوونی زیاتردا، پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیەدا بكات، ئەویش لەسەر بنەمایەكی یەكسان تاوەكو بتوانێت قەناعەت بە ڕیاز بكات، كە پاڵپشتی لە سیاسەت و تێڕوانینەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكات.

* هەر لە پەیوەندی بە پێگەی ئەمریكا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئایا پێت وانییە ئەم هەوڵ و كۆششەی چین دەرئەنجامی ئەوەیە كە ئەمریكا بۆشاییەكی جێ هێشتووە و بوارێكی خوڵقاندووە بۆ ئەوەی هێزە جیهانییەكانی دیكە بێن و برەو بە دەستڕۆیشتوویی خۆیان بدەن، لە لایەكی دیكەوە، ئایا پێت وایە ئەو ڕێچكە بنیادنەر و ئەرێنییە چییە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەتوانێت و پێویستە بیگرێتەبەر لە ئاست ئەم ناوچەیەدا و لە دوای ئەم ڕێككەوتنەوە؟

- ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی قسە بكەین، ئەوا دەتوانین بڵێین كە بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە جەخت دەكەنەوە لەسەر دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووری، گۆڕانكارییان بەسەردا نەهاتووە. هەر لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە پێویستە ئەمریكا بەردەوام بێت لە ئەولەوییەتدان بە خاوكردنەوە و كەمكردنەوەی بارگرژییە هەرێمایەتییەكان، لە نێویاندا چارەسەركردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران و چالاكییە گرفتئامێزەكانی دیكەی، ئەویش لە ڕێی بەرەوپێشبردنی كێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین و چڕكردنەوەی هەوڵەكان لەسەر كێشە وجوودییەكان، وەك گۆڕانی كەشوهەوا، تەندروستیی گشتی، ئاسایشی خۆراك و پرسە سەرەكییەكانی دیكە.

 

Top