سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی، بۆ گوڵان: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێكخستنەوەی كەرتی بازرگانی و سزادانی سەرپێچیكاران و ڕێگرتن لە قۆرخكاری سەركەوتوو بووە

سەروەر كەمال هاواری  بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی، بۆ گوڵان:     حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێكخستنەوەی كەرتی بازرگانی و سزادانی سەرپێچیكاران و ڕێگرتن لە قۆرخكاری سەركەوتوو بووە

 

 

 بازرگانی و ڕێكخستنەوەی ئەم كەرتە گرنگە بە شێوەیەك كە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت و ڕۆڵی لە فرەچەشنكردنی ئابووری و پێشخستنی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیدا هەبێت، بە یەكێك لە كارنامە و هەنگاوەكانی چاكسازیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، لە ئێستاشدا لەگەڵ هاتنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕ و بازرگانی بۆ ڕێگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی شمەك و كەلوپەلە خۆراكییەكان، ئەركێكی دیكەی حكومەتە، لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی سازدا .

 

 

 

* لەگەڵ هاتنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و بەرزبوونەوەی نرخ لەسەر كەلوپەل و كەرەستە خۆراكییەكان، سەرەتا دەكرێت بزانین وەك وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا دەكەن؟

- كەمبوونەوەی بەرهەمی خۆراكی لە جیهان و گرانبوونی نرخەكەی بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و تێچوونی گواستنەوە، وای كردووە كە لەسەر ئاستی جیهان نرخەكان ڕوو لە هەڵكشان بكەن، لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش بە هۆی داشكانی بەهای دینارەوە هەڵاوسانێكی گەورە هەیە، هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و زیادبوونی خواست، وای كردووە كە نرخی خۆراك لەسەر هاووڵاتیان گران بێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ڕێگەی لێژنەكانی چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕ و كۆمەڵێك ڕێكاری دیكەی بازرگانی و ڕێكخستنەوەی پێدانی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیانەوە توانیویەتی ڕێگری لە هەڵكشانی زیاتری نرخەكان بكات. پرسی خۆراك و ڕێگرتن لە قۆرخكاری و گەمەكردن بە نرخەكان، هەر لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاتنی پەتای كۆرۆنا و گرانبوونی نرخەكان و مەترسیی كەمبوونەوەی پێداویستییە خۆراكییەكان، ڕێوشوێنی پێویستی بۆ گیرانەبەر، ئەوە بوو بە پاڵپشتیی سەرۆكی حكومەت لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران ئەزموونێكی سەركەوتوومان بۆ دروست بوو بۆ ڕێگرتن لە گرانبوونی نرخەكان و نەهێشتنی قۆرخكاری، لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و لە بۆردی خۆراكیدا بەرەنگاربوونەوەی ئەم حاڵەتەمان كرد و، كارئاسانیی باشمان بۆ برا بازرگانەكان و گواستنەوەی كەلوپەل و پێداویستییە خۆراكییەكان كرد، باجی گومرگی لەسەر پێداویستییە سەرەكییەكانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانیش هەڵگیرا، بە تەواوەتی ڕۆتین و ئاستەنگەكانمان لابردووە و پشكنینی خێرا بۆ كاڵا هاوردەكان دەكەین و نووسینگەی هەناردەكردنمان لە دهۆك كردەوە، لەلایەكی دیكەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەندیشدا وێڕای سەرنج و تێبینییەكانمان لەسەر بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و هەندێك مامەڵە دەرهەق بە هەرێمی كوردستان، هەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە بەشە خۆراكی هاووڵاتیان باشتر بەڕێوە بچێت.

بە هەموو پێوەرەكان لە هەرێمی كوردستاندا، لە ڕووی ستراتیژیەتەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی خۆماڵی و كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكان هەنگاوی باش نراوە.

* ئایا دەتوانین بڵێین نەخشەڕێگەی بەرەوپێشبردنی كەرتی بازرگانی لەسەر ڕێگەیەكی ڕاست و دروستە و دواجار لە خزمەتی هاووڵاتیان و ئابووریی هەرێمی كوردستاندایە؟

- لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەو كارانەی بۆ هەڵسانەوە و ڕێكخستنەوەی بازرگانی گیراونەتە بەر، لە پێناو دوو ئامانجدا بووە، ئامانجی یەكەم خودی هاووڵاتی بووە و دووەم ئامانج كە ئەویش بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بووە، كە ستراتیژیەت و پلان و نەخشەڕێگەی بازرگانییە لە هەرێمی كوردستاندا، ئێمە هەوڵی ئەوەشمان داوە جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستاندا لە خزمەتی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و گواستنەوەشدا بێت، ئەوەتا بۆ ڕێگرتن لە هەڵكشانی نرخەكان گرنگیمان بە بەرهەمی ناوخۆ داوە و ئاسانكاری و پاڵپشتیی گومرگی و باج و گواستنەوەمان بۆ بەرهەمی ناوخۆ و بووژانەوەی پیشەسازیی خۆراك كردووە، لەو وەرزانەی كە بەرهەمی ناوخۆ هەیە، باج لەسەر هێنانی بەرهەمی بیانی دادەنێین، تەنانەت ئاسانكاریی پێدانی مۆڵەتی هاوردە بۆ ڕێگرتن بووە لە گرانبوونی ئەو پێداویستییانەی لە ناوخۆی هەرێم بەرهەم ناهێنرێت، بۆ یەكەمین جار بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆك وەزیران توانرا بەرهەمی ناوخۆیی هەنار بۆ وڵاتانی كەنداو بنێردرێت و هەنگاو بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمەكانی دیكەی جووتیارانیش بۆ دەرەوەی هەرێم بنرێت، لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراقیشدا، ئاراستەی گفتوگۆ و دانوستانەكان بۆ باشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و هەڵگرتنی كۆت و ئاستەنگەكانی بەردەم بازرگانەكان و، دابینكردنی شایستە داراییەكانی گەنمی جووتیاران بووە، سەبارەت بە یاسا و ڕێنماییەكانیش توانرا یاساكانی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و نەهێشتنی قۆرخكاری هەموار بكرێنەوە و ڕێنمایی باش و سەردەمییانەش بۆ هاوردە و هەناردە و چاودێریی بازرگانی دەربكەین.

ئەوەتا تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا بە بەهای زیاتر لە 15 ملیار دۆلار كاڵا هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە و 3500 مامەڵەی بازرگانی كراوە و، بە بەهای 672 ملیۆن دۆلاریش شمەك لە هەرێمەوە ڕەوانەی دەرەوە كراوە، بەشە خۆراكی هاووڵاتیان باشتر ڕەوانە و دابەشی سەر هاووڵاتیان دەكرێت.

* بەو پێیەی ئێوە لە نزیكەوە پێشوازی لە شاندە بازرگانەكان و باڵیۆزی وڵاتان و ژوورە بازرگانییەكان دەكەن، ئایا تا چەند پێگەی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی ئەوانەوە بەهێز و جێگەی بایەخە؟

- باڵیۆز و بەشی ئابووریی كونسووڵخانەكان و شاند و نوێنەری گەورەكۆمپانیا و ژوورە بازرگانییەكانی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بەردەوام سەردانمان دەكەن، ئێمەش بەشداری لە كۆنفڕانس و پێشانگە و دیدارەكانیاندا دەكەین، كە دواجار لە مەدرید بەشداریی كۆنفڕانسی هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئیسپانیامان بۆ بازرگانیی هاوبەش كرد. لەم چەند ساڵەی دواییدا پێشوازیمان لە دەیان باڵیۆز و كونسووڵی وەك (هۆڵەندا، ژاپۆن، ئەمریكا، توركیا، ئێران و هەنگاریا) و وڵاتانی دیكەی بیانی كردووە و، لەگەڵ ژوورەكانی بازرگانان و خاوەنكاری كۆماری توركیا لە شارەكانی باتمان و وان كۆبووینەوە، ئەمە جگە لە پیاوانی كار و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كە هەر هەموویان جەخت لەسەر ئەو سەقامگیرییە باش و ژینگەی وەبەرهێنانەی هەرێمی كوردستان دەكەنەوە و، خوازیاری پتەوكردنی پەیوەندییەكانیانن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، زۆریی شاندە بازرگانی و پیشەسازییەكان و بەرزبوونەوەی وەبەرهێنانی بیانی و دەستپێكردنەوەی پیشانگە نێودەوڵەتییەكان و سازدانی دیدار و كۆنگرە و كۆنفڕانسە ئابوورییەكان، هەمووی ئەو ڕاستییە دەردەخەن، بووژانەوەی بازرگانی و زیادبوونی جووڵەی بازاڕ و هاتنی شاندە بیانییەكان بۆ سەقامگیری و ژینگەی لەباری هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە دواجار لە خزمەتی خەڵك و بژێوی و ژیانی هاووڵاتیاندایە.

* باسی شایستە داراییەكانی گەنمی جووتیارانت كرد، خۆشبەختانە لەم ڕووەوە كاری باش كراوە، ئایا زامنی پێدانی ئەم شایستە داراییانەی جووتیاران هەر وا بەردەوام دەبێت و، بۆ ئەمساڵیش هیچ ئاستەنگ و بەربەستێكی نایەتە بەردەم خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی كوردستان؟

- بۆ ساڵانی 2017 و 2018 و 2019 و 2020 و 2021 و 2022شایستە داراییەكانی جووتیاران دراوە، كۆی ئەو پارەیەی سێ ساڵی 2014 و 2015 و 2016 لای حكومەتی ناوەندی بوون، لە كابینەی نۆیەمدا گەڕایەوە بۆ جووتیاران كە بڕەكەی زیاتر لە (یەك تریلیۆن و هەشت سەد و چل و حەوت ملیار و نۆسەد و هەشتا و پێنچ ملیۆن) دینار بوو، لە دواكۆبوونەوەماندا لەگەڵ شاندی وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵدا كە لە ئاستێكی باشدایە، جەختمان لەسەر جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان كردەوە و بۆ وەرگرتنی تەواوی شایستە داراییەكانی جووتیاران هەوڵەكانمان بەردەوام دەبێت.

* ئاماژەت بەوە دا، پەیوەندییەكانتان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ئاستێكی باشدایە، هاوكات باسی هەندێك تێبینی و سەرنجت كرد، ئایا تاكو ئێستا لە بەردەم كاری بازرگانیی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند ڕێگری و ئاستەنگ هەیە؟

- بەراورد بە جاران، پەیوەندییەكانی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی فیدڕاڵی ڕووی لە باشی كردووە، لێكتێگەیشتنی باشمان هەیە و كاری هاوبەش ئەنجام دراوە، بەڵام هێشتا لێرەو لەوێ لەلایەن هەندێك كەس و لایەنەوە ئاستەنگ بۆ ناردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دروست دەكرێت، تێبینی و سەرنجیشمان لەسەر بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان هەیە، كە لەسەر خەرجی سیادی دابین دەكرێت و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی فیدڕاڵ كار بۆ چارەسەری ئەو كێشە ئیداری و تەكنیكی و داراییانەش دەكەین و پێداگریشمان لەسەر مافی شایستە داراییەكانی جووتیارانمان كردووە و دەرئەنجامی باشی لێ كەوتووەتەوە.

* دواپرسیارمان تایبەتە بە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، ئایا لەم مانگەدا لە ڕووی نرخ و كوالێتی و سەرپێچییەكانەوە تا چەند توانراوە سزای سەرپێچیكاران بدرێت؟

- سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی بازرگانی و چاودێریی بازاڕ ئاگادار كراونەتەوە و بەدواداچوون بۆ كارەكانیان دەكەین، تاوەكو بە باشترین شێوە چاودێریی بازاڕ بكەن و، ڕێگە نەدەن قۆرخكاری و گەمە بە نرخ و كوالێتی بكرێت، بە توندی سزای ئەو سەرپێچیكارانەش دراوە كە مەواددی ئیكسپایەریان فرۆشتووە و چەندین باری كاڵای ماوەبەسەرچووش لە دەروازەكان و بازگاكەكان و لە ناو كۆگاكاندا دەستی بەسەردا گیراوە. داوا لە بازرگانەكان و كاسبكاران دەكەم خۆیان دوور بگرن لە فرۆشتنی مەواددی ماوەبەسەرچوو و زیانگەیاندن بە تەندروستیی هاووڵاتیان، هەروەكو چۆن داوا لە هاووڵاتیان و دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش دەكەم هاوكاریی لێژنەكانی چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕ بكەن.

Top