پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان
ئەمڕۆ هەینی سەرۆك مەسعود بارزانی پەیامێكی بۆ یادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان بڵاو كردەوە.
لە پەیامەكەدا هاتووە: "بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندیی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان، بەبۆنەی 31ی ئادار ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانتان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم."
سەرۆك بارزانی هەروەها دەڵێ: "حزبی شیوعی، حزبێكی تێكۆشەر و شۆڕشگێڕ و خاوەن مێژوو و قوربانیدانێكی زۆرە و جێدەستیان لە خەباتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی گەلانی عێراق و گەلی كوردستاندا دیارە. جێگەی پێزانینە كە شیوعییەكان هەمیشە بڕوایان بە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان هەبووە و لە زۆر قۆناغدا پشتیوان و هاوسەنگەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بوونە. لە یادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی کوردستان و عێراقدا هیوای بەردەوامی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە خەبات و تێكۆشانتاندا."