سەرەڕای جیاوازیی تەمەنیان ئەرجون و مالایكا ئاسوودەن
جیاوازیی تەمەنی نێوان ئەكتەرە هاوسەرەكانی بۆڵیۆد خەریكە دەبێتە دیاردەیەك و زۆر باسی لێوە دەكرێت و نەك تەنیا ئەو پیاوانەی كە تەمەنی هاوسەرەكانیان بچووكە، بەڵكو خەریكە پێچەوانە دەبێتەوە و زۆر لە ئافرەتەكانیان تەمەنیان لە هاوسەرەكانیان گەورەترە.
لەم ڕووەوە زۆر نموونەی بەرچاو هەیە وەك (ئەرجۆن كاپور و مالایكا ئۆرۆرا، هارشفران و كیم شارما) هەر یەك لەو هاوسەرانە جیاوازیی تەمەنیان نزیكەی 10 ساڵ دەبێت، هەروەها بە نیازن و پلانیشیان داناوە كە بەردەوام بن لە ژیانی هاوسەرییان و پێناچێت جیاببنەوە، بەڵام پێویستیان بە كاتە، بۆ ئەوەی لە كاردانەوەی پەیوەندییەكانیانی پێشوویان ڕزگاریان ببێت، هەرچەندە هیچ شتێكیان ڕانەگەیاندووە دەربارەی پەیوەندییەكانی پێشوویان و چۆنیەتی ڕزگاربوون لە كاردانەوەی ئەم پەیوەندییانە.
بۆڵیۆد مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە لە پەیوەندیی هاوسەریی بچووك و گەورەی نێوان ئەكتەرانی، بۆ نموونە سەیف عەلی خان و ئەمریتا سینگ كە جیاوازییان 12 ساڵ بوو و دوای چەند ساڵێك جیابوونەوە، هەروەها ئەرجۆن ڕامبال و فەرحان هاوسەرەكانیان چەند ساڵێك لێیان گەورەتر بوون.
یەكێكی دیكە لە ناودارانی بۆڵیۆد كە تەمەنی لە هاوسەرەكەی گەورەترە شاجوانی پێشووی هیندستان و ئەكتەری ناسراو (ئیشواریا ڕایە) كە ژیانی هاوسەریی لەگەڵ ئەیهیشیك باتشان پێك هێناوە و جیاوازیی تەمەنیان چەند ساڵێك دەبێت، بەڵام لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پرسیارە هەمیشە دەڵێن كە تەمەن هۆكارێكی سەرەكیی نییە بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوسەری، بەڵكو گرنگ ئەوەیە خۆشەویستی لە نێوانیاندا هەبێت.