مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

 

ئەمڕۆ دووشەممە (20ـی ئادار/مارسی 2023)، مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، جەژنی نەورۆز دەرفەتێکە بۆ رێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردستانی و لێکنزیکبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری سیاسی و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان، لەوانەش پرسی هەڵبژاردن.

لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە، " ئەم جەژنە پیرۆزە هاوکاتە لەگەڵ یادەکانی ڕاپەڕین و ڕۆژی ئازادکردنی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان، بۆیە هەر لەو رۆژەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە هاووڵاتییان و خەڵکی خۆڕاگر و سەربەرزی شاری کەرکووک دەکەین و هیوای سەرفرازی و ئاسوودەییان بۆ دەخوازین".

دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە

هەموو ساڵێک گەلەکەمان لە (21ـی ئادار) یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی کوردی دەکاتەوە.

نەورۆز واتە هێما و کولتوور  و مێژوو و شیانی نەتەوەیی، واتە دەستپێکی ساڵێکی نوێ و گەشانەوە و بووژانەوەی سروشتی کوردستان.

نەورۆز نیشانەی سەرکەوتنی هێزی ئازادیخواز و خێرە بەسەر هێزی ستەم و شەڕانگێزی، هەروەها هەوێنی نەسرەوتن و بەردەوامبوونە لە تێکۆشان و خەباتی ڕەوا و گیانی بەرخۆدان و ڕووبەڕوبوونەوەی ستەم و زۆرداری.

جەژنی نەورۆز وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی، دەرفەتێکە بۆ رێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردستانی و هەماهەنگی زیاتر و لێکنزیکبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری سیاسی و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان، لەوانەش پرسی هەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ، تایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەم جەژنە پیرۆزە هاوکاتە لەگەڵ یادەکانی ڕاپەڕین و ڕۆژی ئازادکردنی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان، بۆیە هەر لەو رۆژەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە هاووڵاتییان و خەڵکی خۆڕاگر و سەربەرزی شاری کەرکووک دەکەین و هیوای سەرفرازی و ئاسوودەییان بۆ دەخوازین. 

لەم جەژنە نەتەوەییەماندا جەخت دەکەینەوە لە سەر بەدیهێنانی ماف و خواست و ئامانجەکانمان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و پاراستن و بەهێزکردنی ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و، ئومێدەوارین کوردستانییانی خۆشەویست لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوە ئەم جەژنە نەتەوەییە بە ئارامی و خۆشی و شادی بەسەربەرن.

جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و ساڵی 2723ـی کوردی لە گەلی کورد و خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان، لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەواوی چین و توێژەکان پیرۆز بێت.

کوردستانیش هەمیشە ئارام و ئاوەدان و شکۆدار بێت.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
29ـی ڕەشەمەی 2722ـی کوردی
20ـی ئاداری 2023ـی زایینی

Top