مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی نەورۆز لە پارکی شانەدەری هەولێر، وتارێكی پێشكەش كرد

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی نەورۆز لە پارکی شانەدەری هەولێر، وتارێكی پێشكەش كرد

ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی نەورۆز لە پارکی شانەدەری هەولێر، وتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند ئەوانەی هەوڵیان دا هەرەس بە كوردستان بێنن نەیانتوانی، لەبەرئەوەی پشتمان بە خوای گەورە بەهێزە و خاوەنی سەرۆک بارزانیین.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، لە ماوەی رابردوو، زۆر هەوڵیان دا ئابووریی کوردستان هەرەس بهێنێت و سەقامگیرییەکەی تێکبچێت، بەڵام نەیانتوانی، هەروەها هەوڵیان دا ئیرادەی ئێمە بشکێنن، نەیانتوانی، لەبەرئەوەی پشتمان بە خوای گەورە بەهێزە و خاوەنی سەرۆک بارزانیین و پشتمان بە خەڵک بەستووە.

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەی سەرۆكی حكوومەتە:

ئامادەبووانی هێژا

میوانانی بەڕێز

باڵوێزەکان و دیپلۆماتکارەکان

هەمووتان زۆر بەخێربێن

سوپاسی ئامادەبوونی هەر هەمووتان دەکەم

رێگەم پێبدەن بەناوی هەر هەمووتانەوە، بەخێرهاتنێکی گەرمی سەروەر و رابەر و مەرجەعمان سەرۆک بارزانی بکەم.

نەورۆز لە جەنابی سەرۆک و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست پیرۆز بێت.

نەورۆز یەکەم رۆژی ساڵی نوێیە، کەواتە سرووشتیش نوێ دەبێتەوە. لێرەدا هەموومان لە کوردستان شایەتی ئەوەین کە لەم رۆژانە کوردستان سرووشتی رۆژ بە رۆژ جوانتر دەبێت و من لێرە دوو داواکاریم لە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست هەیە.

یەک، هیوادارم کە دەچنە سەیران و ئەم سرووشتە جوانە دەبینن، هیوادارم بیپارێزن و بە پاکی و خاوێنی رایبگرن. دوو، داواتان لیدەکەم پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆبن، بۆ ئەوەی خۆتان و کەسوکارتان بپارێزن.

نەورۆز هێمای ئازادییە، نەورۆز ئاماژەی ئەوەیە کە میللەتێکی ستەملێکراو بەسەر ستەمکاردا سەرکەوت، ئازادی و رزگاری گەلێکی چەوساوەیە. نەورۆز رووحیەتی تەحەدای لە گەلی ئێمەدا بەهێزتر کردووە. هەر لە سەرەتای دەستێکی نەورۆزەوە تاکو ئێستا ئێمە هەمیشە رووبەڕووی تەحەدییات بووینەتەوە بەڵام قەت کۆڵمان نەداوە.

لەو ماوەی رابردوو، ئێمە رووبەڕووی چەندین تەحەدییات بووینەتەوە، زۆر هەوڵیاندا کە کوردستان هەرەس بهێنێت، ئابووری کوردستان هەرەس بهێنێت، نەیانتوانی. هەوڵیاندا سەقامگیری کوردستان تێکبچێت، نەیانتوانی. هەوڵیاندا ئیرادەی ئێمە بشکێنن، نەیانتوانی. لەبەرئەوەی پشتمان بە خوای گەورە قایمە و خاوەنی سەرۆک بارزانین، هەروەها پشتمان بە ئێوەی خۆشەویست بەستووە.

لەو ماوەیە ئێمە هەموو هەوڵێکمانمانداوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەربکەین و ئیرادەیەکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانە. هەنگاوی باشیش هاویشتراوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەربکرێن. ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیران توانیومانە هەنگاوی باش بهاوێژین و رێککەوتنی سەرەتایی بکەین لەسەر زۆربەی ئەو بابەتانە، هیوادارم هەموو ئەو بابەتانەیتریش کە ماون لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەربکرێن.

ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئەوەی بەیەکەوە دەتوانین بیکەین، بەجیابوونەوە و سەنگەرگرتن ناتوانین، بۆیە هیوادارم هەر هەموومان بەیەکەوە هەموو هەوڵێك بدەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان لە کوردستان و لە هەموو عێراقدا.

لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، ئێوە بینیتان ماوەیەکە هەندێک کێشە هەبووە بەڵام ئەگەر ئیرادەی باش هەبێت ئێمە دەتوانین ئەو کێشانەش چارەسەر بکەین. من ئەمڕۆ لە پەیامەکەشمدا، داوامکرد بۆ ئەوەی بەڕێزان تیمی یەکێتی بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، من دیسان لێرە دووپاتی دەکەمەوە کە بگەڕێنەوە و هەر هەموومان لە ئاستی ئەو بەرپرسیارییەتە و ئەو متمانەیە بین کە پێتان داوین. ئەوەی لەسەر ئێمە واجبە ئەوەیە کە خزمەتی ئێوە بکەین، ئێمە بەڵێنمان بە ئێوە داوە و سوێندمان خواردووە کە خزمەتکارێکی راستەقینەی ئێوە بین. هیوادارم خودا یارمەتیمان بدات کە بەردەوام لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دابین.

جارێکی تر نەورۆزی هەمووتان پیرۆز بێت

Top