پڕۆفیسۆرجون تیوفەڵ درەیەر بۆ گوڵان: ئەگەر چین تایوان داگیر بكات، ئەمریكا دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی دەكات

پڕۆفیسۆرجون تیوفەڵ درەیەر بۆ گوڵان:     ئەگەر چین تایوان داگیر بكات، ئەمریكا دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی دەكات

 

 

جون تیوفەڵ درەیەر پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی میامی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە تێیدا وانەبێژ و توێژەرە لە بارەی كاروبارەكانی چین، هەروەها سیاسەتی بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چین و ئەگەری داگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی تایوان لەلایەن چین و چەند بابەت و پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* * چۆن لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی چین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڕوانیت؟ ئایا پێت وایە ئەم پەیوەندییانە بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا دەڕۆن؟ ئایا دەكرێت پێشبینی ئەوە بكەین كە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانیان پتر بەرەو لێكترازان و دووركەوتنەوە بڕۆن؟

- لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین كە ئەم لێكترازان و دووركەوتنەوەیە كە ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەی پێ دەكەن، لە ئارادایە و هەیە و لە هەندێ بواردا تا ڕاددەیەك هەڵكشاوە و زیاتر بووە، هەرچۆنێك بێت، دەبێت ئێمە لەم ڕووەوە ئەو ڕاستییە نادیدە نەگرین كە خودی چین وڵاتێكە ڕێژەیەكی زۆر دانیشتووانی هەیە و ڕەوش و باری ئابووریی ئەو وڵاتەش بە ئاراستەی گەشەكردندا هەنگاوی هەڵگرتووە و بەرەوپێش چووە، بەم شێوەیە و بە هۆی ئەم گەشەكردنە و زۆریی دانیشتووانەوە، ئەوا بووەتە بازاڕێكی گەورە بۆ كاڵای وڵاتانی دیكە، لەبەر ئەوە پێم وانییە پەرەسەندنەكە بە ئاراستەی لێكترازان و لێكدابڕانی تەواو و یەكجاریدا بێت، هەروەها ڕاستە لە نێو خودی وڵاتی چینیشدا هەندێ كاڵا بەرهەم دەهێنرێن بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی و پڕكردنەوەی پێداویستیی دانیشتووانەكەی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و لە هەمان كاتدا هەندێ كاڵای دیكە هەن كە بەرهەم دەهێنرێن بە ئامانجی فرۆشتنیان لە بازاڕەكانی دەرەوەی چین.

* بەڵام بۆچی لە بری ئەوەی پەیوەندییەكان بە ئاراستەی ئاوێتەبوون و بەیەكداچوونی زیاتری پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان بڕۆن، ئێستا باس لەوە دەكرێت كە پەرەسەندەكان بە ئاراستەی لێكدابڕان و دووركەوتنەوەن، هۆكارەكە چییە؟

- بە تێڕوانینی من هۆكارەكە ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نیگەرانە لە ڕەفتار و سیاسەتە توندەكانی وڵاتی چین لە دەریای باشووری چین و دەریای ڕۆژهەڵاتی چین و هەڵوێستەكانی چین لە ئاست تایوان، هەروەها لەم ڕووەوە چەند بەرپرسێكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لێدوانیان لەم بارەیەوە داوە، كە یەكێك لەو بەرپرسانە سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا و ئەوی دیكەیان ژەنەڕاڵە لە سوپای ئەمریكا، كە باسیان لە پێشبینییەكانیان كرد لە بارەی داگیركردنی تایوان لەلایەن چینەوە و، باس لەوە دەكەن كە ساڵی 2025 یان 2027 وڵاتی چین هێرش دەكاتە سەر تایوان بە مەبەستی داگیركردنی، هەندێكی دیكە لە بەرپرسان پێیان وایە، شی جینگ پینگ سەرۆكی چین هەنگاوێكی لەم چەشنە هەڵناگرێت و بڕیارێكی لەم شێوەیە نادات، ئەویش دوای ئەوەی چارەنووسی داگیركارییەكەی ئۆكرانیای لەلایەن ڕووسیاوە بینی و لەبەرچاوی گرتووە، سەرۆكی چین پێشبینی ئەوەی كردبوو، ڕووسیا دەتوانێت بە خێرایی و بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە ئۆكرانیا ملكەچ بكات، بەڵام ئاشكرایە بارودۆخەكە بەم چەشنە نەكەوتەوە و ئەم دەرئەنجامەی نەبوو، هەروەها ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكەی -بەریتانیا- باسیان لەوە كردووە كە ئەگەر تایوان لەلایەن چینەوە داگیر بكرێت، ئەوا بەرگری لە تایوان دەكەن.

* كەواتە پێت وایە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستتێوەردانێكی ڕاستەوخۆی سەربازی دەكات، ئەگەر چین بڕیاری داگیركردنی تایوان بدات؟

- لە ڕاستیدا كەس ناتوانێت بە دڵنیاییەوە ئەمە یەكلا بكاتەوە، بەڵام من خۆم پێم وایە ئەمریكا دەستتێوەردانێكی سەربازیی لەم چەشنە دەكات ئەگەر چین ئەم كارە بكات، دواتر ئەمریكییەكان هەر لە سەرەتای دامەزراندنی تایوانەوە پێیان وایە ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت سەربەخۆ بن، ئەوا پێویستە ئەم خواستەیان بەدی بێت، ئەمریكاش هەر خۆی بەم شێوەیە سەربەخۆیی بەدەست هێناوە، تایوانیش بەشێك نەبووە لە چین، لەبەر ئەوە ئێستا سەربەخۆیە، كەواتە من باوەڕم وایە ئەمە یەكێكە لەو هۆكارانەی كە دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرگری لە تایوان بكات، هۆكاری ستراتیژییش هەن بۆ ئەوەی ئەمریكا ئەم كارە بكات، تایوان هەڵكەوتەیەكی زۆر ستراتیژیی هەیە و ئەگەر چین بتوانێت تایوان داگیر بكات، ئەوا سنووری ئاوی چین بەسەر یاباندا دەڕوانێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی یابان زۆر نیگەران بێت و یابانیش هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، هاوپەیمانە بە گوێرەی پەیماننامە و ڕێككەوتننامەی نێوانیان و ئەمریكا ڕێگە نادات ئەمە ڕوو بدات.

* ئێوە ئاماژەتان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و كاریگەرییەكەی لەسەر بڕیاری چین بۆ داگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی تایوان كرد، بەڵام ئایا چۆن هەڵوێستی بێلایەنیی چین لە ئاست ئەم شەڕەدا لێك دەدەنەوە؟ ئایا پێتان وانییە ئەمە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا بێت، بەو پێیەی تا ئێستا چین ئیدانەی ئەم شەڕەی نەكردووە؟

- من پێم وایە هۆكاری ئەم هەڵوێستەی چین ئەوەیە كە، هەردوو وڵاتی چین و ڕووسیا لەلایەن ڕۆژئاواوە بەرهەڵستی دەكرێن، هەروەها حوكمڕانییەكی تاكڕەوی هەیە لەم وڵاتانەدا و، هەر دوو سەرۆكی ئەم وڵاتانە تێڕوانینێكی بەرزەفڕانەیان هەیە لە ئاست خۆیاندا و هەردووكیان پێیان وایە كە چارەنووسێكی مێژوویی هەیە كە دەبێت بەدی بهێنن، واتە خاڵی هاوبەشی نێوانیان زۆرە، هەرچەندە خاڵی جیاوازیشیان هەیە، بۆ نموونە لە ڕۆژگاری یەكێتیی سۆڤییەتدا چین وەك برابچووكێك لێی دەڕوانرا و مامەڵەی لەگەڵدا دەكرا، بەڵام ئێستا چین لە ڕووی ئابوورییەوە گەشەكردووترە و لە ڕووی سەربازییەوە لە پێگەیەكی باشتردایە و ڕووسیاش ئەمەی پێ ناخۆشە. ئەگەر باسی بێلایەنیی چینیش بكەین لە ئاست ئەم شەڕەدا، ئەوا چین سوودمەندە و بەردەوامە لە كڕینی نەوتی ڕووسیا، ڕەنگە چین كاری دیكەش ئەنجام بدات و بۆی هەیە چەكیش بە ڕووسیا بدات، كێ دەزانێ، دواتر دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە حكومەتی ئەمریكا هەموو شتێك بە هاووڵاتییەكانی ناڵێت كە دەیزانێت، ڕەنگە ئەگەر چین كارێكی لەم چەشنەی كردبێت، ئەوا ئەمریكا لە بارەیەوە زانیاریی هەبێت.

* هەر لە پەیوەندی بە كاریگەرییەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، پێت وایە تا چەند ئەو سزا ئابووری و داراییانە كە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون، بووبێتنە هۆی ئەوەی چین هەڵوەستە بكات و بیر لەوە بكاتەوە كە ڕێگەچارەی خۆبژێوی بگرێتەبەر، تاحاڵەتی سەپاندنی سزاش بەسەریدا تووشی بارودۆخێكی قورس و دژوار نەبێتەوە؟

- لە ڕاستیدا چین ماوەیەكی زۆر پێش ئێستا هەوڵی داوە كە سیاسەتی خۆبژێوی پیادە بكات و بگرێتەبەر و، نزیكەی دە ساڵ پێش ئێستا دەستپێشخەری لە چین دروست كراوە، واتە هەمیشە چین ئەو نییەتەی هەبووە كە ئەگەر تووشی سەپاندنی سزا ببێتەوە، ئەوا دەتوانێت لە ڕێی خۆبژێوییەوە كاریگەریی ئەم سزایانە تێپەڕێنێت، بەڵام لێرەدا نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت، كە هۆكارێكی گەشەكردنی چین ئەوە بووە كە توانیویەتی كاڵایەكی زۆر بە ڕۆژئاوا بفرۆشێت، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر سیاسەتی خۆبژێوی پیادە بكات، ئەوا ئەو كاتە ناتوانێت كاڵای زۆر بە ڕۆژئاوا بفرۆشێت، لەو كاتەشدا تووشی دژواری دەبێتەوە لە سەرخستنی ئەم پڕۆژە و دەستپێشخەرییەدا، چونكە هەرچۆنێك بێت پێویستی بە تەكنەلۆژیای ویلایەتە یەكگرتووەكان و یابان و كەرەستەی وڵاتانی دیكە دەبێت، كەواتە پوختەی قسەكە ئەوەیە، ئەگەر چین بیەوێت پارێزگاری لەم ئاستەی ئێستای گەشەكردنی وڵاتەكەی بكات، ئەوا ناتوانێت ئەم خۆبژێوییە پیادە بكات. هەروەها پێشتریش چین نەیتوانیوە خۆبژێو بێت و لە سەرەتای ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا پشتی بە هاوردەكردن لە وڵاتانی دیكەی بلۆكی سۆڤیەت بەستبوو، بەڵام ئەو كاتە وڵاتێكی زۆر هەژار بوو، هۆكاری ئەم گەشەكردنەی ئێستای چین ئەوەیە كە لە پەیوەندی و كارلێكدا بووە لەگەڵ وڵاتانی دیكە و ئەو كەرەستە و كاڵایانەی پێ فرۆشتوون كە پێویستیان پێی بووە و ئەو كەرەستە و كاڵایانەی لێ كڕیون كە خۆی پێویستی پێیان هەبووە.

 

Top