پشكنینی DNA بە پێی یاسا

پشكنینی  DNA بە پێی یاسا

بەپێی یاسای باری كەسێتی ماددە “ 52 و 53 “ مەرجە ئەو كەسەی كە داوای سەلماندنی ڕەچەڵەك دەكات گەر كوڕێك بێت و خۆی بە منداڵی پیاوێك بزانێت، پێویستە كەسی داوالێكراو واتە پیاوەكە ددانی پێدا بنێت و «اقرار» بكات بە بوونی ڕەچەڵەكی منداڵەكە بۆخۆی، هەروەها دوای ددانپێدانان پێویستە بەڵگەی سەلماندن هەبێت بۆ سەلماندنی ڕەچەڵەكی منداڵەكە، كە سەرەتا بوونی شاهێدی بەرچاوە كە ئاگاداری بوونی مندالەكەن، گرنگە كە بۆ دادگای بسەلمێنن داواكار منداڵی داوالەسەركراوە و لەخۆی و هاوسەری بووە بەڕێگەی شەرعی لەگەڵیاندا ژیابێت و بینیبێتیان و ناو و لەدایكبوون و ڕوخساری منداڵەكە بزانن و بیناسنەوە، یان بوونی نوسراو و بەڵگەی سەلماندن یان بوونی بەڵگینە “ قرائن “ وەك وێنە و ڤیدیۆی تۆماركراوی منداڵەكەو باوكی، دواتر لەسەردەمێكی وەك ئەمڕۆدا گەر ڕێگەی دیكەی پێشكەوتوو هەبوو بۆ سەلماندنی جیناتی منداڵەكە، ئەوا پێویستە دادگا پەنای بۆ ببات وەك پشكنینی “ DNA “ ، لە یاسای باری كەسێتی لەبابەتی سەلماندنی ڕەچەڵەك دا بەیەك وشەش باسی DNA نەكراوە و بەمەش نابێتە بەڵگەی تەواو گەر بە بەڵگەی دیكەی وەك ئەوانەی سەرەوە پاڵپشتی نەكرێت، چونكە بە بەڵگینە «قرائن قضائية» دادەندرێت بەپێی یاسای سەلماندن بەپێی «104» كە ڕێگەی بە دادوەر داوە بە سوودوەرگرتن لە وەسائلی پێشكەوتووی زانستی بۆ استنباط قرائن قضائي، چونكە بابەتی سەلاماندنی ڕەچەڵەك یەكێكە لەبابەتە گرنگ و هەستیارەكان و پێویستە دادگا ڕەچاوی هەموو لایەنەكانی داواكە بكات، لە هەمووی گرنگتر ددانپێدانانی كەسی داوالێكراو واتە باوكی منداڵەكە و بوونی ڕەچەڵەكی منداڵەكەی بۆسەر خۆی ڕەت نەكاتەوە.

 

Top