بەرەو نەورۆزێكی ژینگەدۆستانە

بەرەو نەورۆزێكی ژینگەدۆستانە

 

وەك پیشەی سەدان ساڵی لەمەوبەری گەلەكەمان كە هەموو ساڵێك لەسەر لووتكەی چیا و گرد و تەپۆڵكە و شوێنە بەرزەكاندا، لە ئێوارەی ڕۆژی پێش نەورۆز ئاگری سەركەوتن دەكرایەوە، ئێستاش هەمان ڕێوڕەسمی نەتەوەیی دەكرێتەوە بۆ یادی سەركەوتنی كورد و یادی دەوڵەتی ماد و كۆتاییهاتنی لاپەڕەیەكی زوڵم و زۆرداری لە مێژووی نەتەوەكەماندا، ئەو نەتەوەیەی كە لەم ڕۆژە و لەم جەژنەدا بۆ تەواوی دونیا ئاشكرای دەكات، كە گەلێكی سەربەخۆی خاوەن ناسنامەی تایبەتی خۆیەتی و، نەتەوەیەكی دێرینی جیهان و ناوچەكەیە، كوردستانیش لانكەی دووەمی مرۆڤایەتییە.

بۆیە لە نەورۆژی جەژنی نەتەوەیی گەلەكەماندا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە چەند خاڵێك بكەین، لەوانە:

 

یەكەم: لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵگە

1- پێویستە ئاگركردنەوە هێما و ڕەمزی بێت، لە شوێنێكی دیاریكراوی شارەكاندا بێت، بە داری وشك بكرێتەوە، نەك بە بەكارهێنانی تایە و لاستیك، كە دەبنە مایەی پیسبوونی ژینگە.

2- پێویستە لە سەیران و گەشتەكانی بەهار و نەورۆزدا پاكوخاوێنیی ژینگە بە هەند وەربگرین و، زیان بە ژیان و ژینگە نەگەیەنین، هەمووشمان بە ڕێنماییە ژینگەییەكانەوە پابەند بین.

3- دووركەوتنەوە لە ژاوەژاو و زۆر بەكارهێنانی هۆڕنی ئۆتۆمۆبێل و دەنگی بڵندی ڕادیۆ و ڕیكۆردەر، كە كاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر دەروونی مرۆڤ.

4- پاراستنی ڕووەك و زیندەوەر و دەرامەتە سرووشتییەكان و، دووركەوتنەوە لە بڕینەوەی درەخت و، زیانگەیاندن بە دەغڵودانی جووتیاران و ڕەز و باغی هاووڵاتیان.

5- خۆڕۆشنبیركردن بە مەرج و ڕەفتارە ژینگەییەكان لە كاتی سەیرانكردن و گەشتكردن بۆ نێو سرووشت و ژینگە.

 

دووەم: لەسەر ئاستی خێزان:

سەبارەت بە ئامادەكردنی خواردن، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكرێت.

1- تا بكرێت خواردن لە ماڵەوە ئامادە بكرێت، بۆ ئەوەی پێویست بە كردنەوەی ئاگر نەكات بۆ ئامادەكردنی لە شوێنی گەشت و سەیراندا.

2- ئەوەندە خواردن لێ بنرێت كە زیاتر نەبێت لە ژمارەی ئەندامانی خێزان و ئامادەبووانی سەر سفرە و خوان.

3- هیچ پاشماوەیەكی خۆراك نەمێنێتەوە بۆ فڕێدان.

4- لە دابەشكردندا بۆ هەر كەسەو بە قەدەر پێویستیی خۆی خواردن بكرێتە قاپەكەیەوە.

5- ئەگەر پاشماوەیەكی میوە و ڕووەك مایەوە، بكرێتە پەینی سرووشتیی بۆ باخچەی ماڵەوە.

6- زانینی ئەو ڕاستییەی كە لە ڕووی ئایینییەوە ئەوە فەرمانی خودایە كە فەرموویەتی: بخۆن و بخۆنەوە و زیادەڕەوی مەكەن لە بەكارهێناندا.

7- زانینی ئەو ڕاستییەی كە لە ڕووی تەندروستییەوە زۆرخواردن لەم سەردەمی دانیشتن و كەم جووڵەییەدا زیانی تەندروستیی زۆری بەدواوەیە.

 8- ئەگەر هەر خواردنێكیش لە شوێنی گەشت و سەیراندا مایەوە، بهێنرێتەوە بۆ ماڵەوە، بۆ ئەوەی تیمەكانی شارەوانی فڕێی بدەنە شوێنی تایبەت بە زبڵ و خاشاك.

9- زانینی ئەو ڕاستییەش لە ڕووی نیشتمانییەوە كە ئاسایشی خۆراك كلیلی ئاسایشی سیاسی و كۆمەڵایەتییە.

10- بیركردنەوە پێش پڕۆسەی ئامادەكردنی خواردن بێت، بۆ ئەوەی ژینگەكەمان هەمیشە دوور بێت لە زبڵ و خاشاك و خۆراكی فڕێدراو.

سێیەم: لەسەر ئاستی كەرتی تایبەت:

پێویستە پڕۆژەیەك وەك پڕۆژەی بەتایبەتكردنی سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەكان كاری لەسەر بكرێت لەلایەن كەرتی تایبەتەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەك: ناوی پڕۆژە: بەتایبەتكردنی سەیرانگەو شوێنە گەشتیارییەكان.

دوو: ئامانج لە پڕۆژە:

1- زیادكردنی داهات بۆ حكومەت.

2- دابینكردنی هەلی كار بۆ هاووڵاتیان.

3- دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ سەیرانكاران بە نرخێكی گونجاو.

4- كەمكردنەوەی فشار لەسەر بودجەی حكومەت.

5- هاندانی سەرمایەگوزاریی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە ناوخۆ.

6- دابەشكردنی ئەرك لە نێوان حكومەت و كەرتی تایبەت بە هاوبەشی.

7- زیادكردنی گیانی پێشبڕكێ لە نێو كەرتی تایبەتدا بە قازانجی هاووڵاتیان.

سێ: میكانیزمی جێبەجێكردنی پڕۆژە:

1- پێدانی سەیرانگا و شوێنە گەشتییارییەكان بە كەرتی تایبەت بە سێ مەرج:

دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان، خاوێنكردنەوەی بەردەوام، وەرگرتنی پارە و خەرجییەكی گونجاو.

2- پێكهێنانی لێژنەیەك لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە سەرۆكایەتیی وەزارەتی شارەوانی و بە ئەندامێتیی هەر یەك لە (دەستەی گەشتوگوزار، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە) بۆ دیراسەتكردن و دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە و كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە، بە مەبەستی هەمیشە مانەوەی سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەكان و ژینگەكەمان بە پاكوخاوێنی.

 

Top