هونه‌رمه‌ند هیوا ئاكره‌یی ماشوبێك بۆ به‌هار و نه‌ورۆز بڵاو ده‌كاته‌وه‌

هونه‌رمه‌ند هیوا ئاكره‌یی ماشوبێك بۆ به‌هار و نه‌ورۆز بڵاو ده‌كاته‌وه‌

له‌باره‌ی مێژووی هونه‌ری و ئاشنایه‌تی ماڵباته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان، هیوا ئاكره‌یی باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ده‌سپێكی ساڵانی هه‌شتاوه‌ باپیری كه‌ به‌ (حه‌مه‌ ئاكره‌یی یان باوكی شیمال) ناسراوه‌؛ كه‌ پیاوێكی زۆر هونه‌ردۆست بووه‌... ئه‌و هاوكاری هونه‌مه‌ندانی گه‌وره‌ی كردووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ ماڵی خۆی له‌ كۆمه‌ڵگای كانی قرژاڵه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر و به‌نداوی مووسڵ و ئاكرێ و دارستانی كه‌ڵه‌ك ئاهه‌نگی بۆ رێكخستوون و یارمه‌تی داون بۆ دروستكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان، له‌وانه‌ (محه‌مه‌د عارف جزیری و عیسا به‌رواری و ته‌حسین ته‌ها و محه‌مه‌د ته‌یب تاهیر و سه‌میر زاخۆیی) و پاشانیش هونه‌رمه‌ندانی نه‌وه‌ی دوای ئه‌وان وه‌كو (ئه‌رده‌وان زاخۆیی و ئه‌یاس زاخۆیی و شاكر ئاكره‌یی و ره‌مه‌زان ئاكره‌یی). هیوا ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ ده‌نگی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌رده‌وام له‌ ماڵی ئه‌وان به‌رده‌وام زرینگاوه‌ته‌وه‌‌،
له‌مڕووه‌ ده‌ڵێت: تاكو ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت زۆرترین ئه‌رشیڤی وێنه‌ و گۆرانیه‌ نه‌بیستراوه‌كانیان له‌ ماڵی ئێمه‌ پارێزراون. هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ته‌ها ئاكره‌یی كاتێك هاته‌ هه‌نده‌ران ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێك له‌ ماڵی ئێمه‌ مایه‌وه‌ و به‌وه‌ی له‌ توانایدا بوو باكم هاوكاری كرد و له‌و ماوه‌یه‌ش ده‌نگ و مۆزیكی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ هانده‌رێكی دیكه‌ی باشبوو تاكو روو له‌ هونه‌ری گۆرانیگوتن و ژه‌نینی ئامێری عود بكه‌م.
هیوا ئاكره‌یی باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌وا ساڵی 1991 له‌ شاری مووسڵ له‌دایكبووه‌ و دوای دوو ساڵ ماڵیان به‌ره‌و ئه‌وروپا ده‌گوازنه‌وه‌، ئه‌و له‌ ته‌مه‌نێكی بچووكه‌وه‌ له‌ كوردستان داده‌بڕێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماڵباته‌كه‌یان هه‌میشه‌ بایه‌خیان به‌ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانیان داوه‌ تاكو له‌ زمان و كولتوور و كه‌لتوور و مێژووی میلله‌ته‌كه‌یان دانه‌بڕێن. ئاكره‌یی ده‌ڵێت: (زمان شه‌نگه‌ست و بنه‌مایه‌كی گرینگه‌ بۆ گۆرانیبێژ، من له‌ ماڵباتێكی په‌یوه‌ست به‌ زمان و دابورنه‌ریت و هونه‌ر گه‌وره‌ بووم... بۆیه‌ توانیم به‌ زمانێكی كوردی پاراو و پاك هونه‌ره‌كه‌م بگه‌یه‌نم و ستران بخوێنم).
هه‌روه‌ها گوتیشی: (پێشتر له‌ دانیشتن و بۆنه‌ خێزانه‌كیان و له‌ناو هاوڕێیان گۆرانیم ده‌گوت، به‌ڵام ده‌سپێكی گۆرانیگوتم بۆ به‌ر له‌ دوو ساڵ ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ كه‌ باوكم هه‌ستی به‌ به‌هره‌ هونه‌رییه‌كانم و پشتگیری زۆری كردم و منیش شێوه‌ی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ره‌مه‌زان ئاكره‌ییم هه‌ڵبژارد و چه‌ند به‌رهه‌مێكی ئه‌وم گوت و به‌ مۆزیك و شێوازێكی نوێ و سه‌رده‌میانه‌ تۆمارم كردن، ئه‌وه‌بوو ماڵباتی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ زۆریان به‌لاوه‌ خۆشبوو و سازه‌كه‌یان ئه‌ویان به‌دیاری پێدام).
هونه‌رمه‌ندی گه‌نج هیوا ئاكره‌یی تا ئێستا خاوه‌نی دوو ئه‌لبوومی گۆرانیه‌ كه‌ له‌ چه‌ندین تراك پێكهاتووه‌ و تێكڕا گۆرانیه‌كانی هونه‌رمه‌ند ره‌مه‌زان ئاكره‌یین كه‌ له‌ ساڵی 2021 و 2022 به‌رهه‌میهێناون و دواتر به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی له‌ ستۆدیۆی ڤۆكاڵ له‌ ئاكرێ به‌ناوی برین تۆمار كرد و وه‌كو كلیپ وێنه‌ی گرت كه‌ به‌خۆی دانه‌ری هونراوه‌ و ئاوازه‌كه‌ی بوو، ئه‌و ده‌ڵیت: (خۆشه‌ویستی خه‌ڵك بۆ گۆرانیه‌كانم وایكرد هه‌وڵی زیاتر بده‌م و به‌رده‌وام بم له‌ پێشكه‌ش كردنی شتی باشتر بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌م).
ئاكره‌یی باسی له‌دوا به‌رهه‌می خۆی كرد كه‌ بۆ به‌هار و نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ئاماده‌ی كردووه‌ كه‌ ماشوبێكه‌ و به‌شێوازێكی شاد و ریتمیی پێشكه‌شی میلله‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌كات و له‌ یوتیوب چه‌ناڵی خۆی بڵاوی ده‌كاته‌وه‌، له‌باره‌ی ئه‌و به‌رهه‌ نوێیه‌ی ده‌ڵێت:(ماشوبه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ حه‌وت گۆرانی كه‌ هی گۆرانیبێژه‌ ناوداره‌كانی كوردن له‌وانه‌ حه‌سه‌ن شه‌ریف و ئه‌رده‌وان زاخۆیی و ئه‌یاز زاخۆیی و عه‌بدولواحد زاخۆیی و محه‌مه‌د ته‌یب تاهیر و محه‌مه‌د شێخۆ).
ئاكره‌یی له‌ درێژه‌ قسه‌كانی له‌باره‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌ی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی زۆری داوه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ به‌ مۆركێكی كوردی و ره‌سه‌ن تۆمار بكات و سوپاسی هه‌موو ئه‌وانه‌شی كرد كه‌ له‌ ده‌سپێكی ده‌ستكردنی به‌ كاری گۆرانیگوتن و تاكو دوا به‌رهه‌می یارمه‌تیان داوه‌ له‌ هه‌ڵبه‌ستڤان و ئاواز دانه‌ر و ته‌كنیكار و مۆزیسیان و ئه‌وانه‌شی كه‌ كاری ریكۆرد و ستۆدیۆ و وێنه‌گرتیان بۆی كردووه‌.

Top