ساجیدە لوقمان: سەرەتا بە شێوەی ئۆنڵاین كارم دەكرد، بەڵام ئێستا دووكانێكی خنجیلانەم داناوە، هەلی كاریشم بۆ دوو گەنج رەخساندووە
لەم بارودۆخە نالەبارە ئابوورییەی كە سەرانسەری جیهانی گرتووەتەوە، زۆربەی پیاوان بە تەنیا لە دابینكردنی بژێویی ژیانی خێزانەكانیان تووشی گرفتی زۆر دەبنەوە، هەر بۆیە ئافرەتانیش سەربەرزانە لە دەرەوەی ماڵەكانیان تێكەڵ بە بازاڕی كار دەبن. تەنانەت زۆریشن ئەوانەی كە هەر لە ناو ماڵەكانیاندا توانیویانە ببن بە خاوەن داهات و باری سەرشانی خانەوادەكەیان تا راددەیەك سووك بكەن. لە ئێستادا بەتایبەتی كە لە هەرێمی كوردستان دامەزراندن لە كەرتی گشتی دەگمەن بووە، خانمان پشت بە تواناكانی خۆیان دەبەستن و لە زۆر رێگەی شیاو و گونجاو هەوڵی دەستەبەری داهات بۆ خۆیان دەدەن. ساجیدە لوقمان یەكێكە لەو خانمانە بەم شێوەیە باسی ژیانی تایبەتی خۆی بۆ گوڵان دەكات.
ساجیدە لوقمان كچێكی گەنجی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە دەرچووی بەشی كشتوكاڵە لە پەیمانگەی تەكنیكی كەلار، وەك خۆی باسی كرد، ئەگەرچی لە دامەزراندنی لە كەرتی حكوومی نائومێد بووە، بەڵام خەونی خۆی بەدی هێناوە و ئێستا بە شێوازێكی جیاواز هەم بە قولاب و هەم بە ئامێر جلوبەرگ دروست دەكات. بەوەش داهاتێكی بۆ خۆی و خێزانەكەی مسۆگەر كردووە.
ئەو خاتوونە بەمجۆرە باسی ژیانی خۆی كرد: «كاری من دیزاین و دروومان و چنینی جلوبەرگە، لەگەڵ دروومانی جلوبەرگی خانمان هەموو جۆرە جلوبەرگێكیش دەچنم، هەروەها دروستكردنی ئیكسسواراتی خانمان و چنینی كەلوپەلی جوانكاری بۆ رازاندنەوەی ناوماڵ، وەكو چنینی بەرگە گۆشە و شاڵی سەر قەنەفە و سەر مێز و سەر تەپڵەك، لەگەڵ چنینی بووكەڵەی منداڵان. سەرەتا بە شێوەی ئۆنڵاین كارم دەكرد، بەڵام لە ئێستادا دووكانێكی خنجیلانەم داناوە، هەلی كاریشم بۆ دوو گەنج رەخساندووە. زیاتر لە سێ ساڵیشە لە كارەكەم بەردەوامم، دەتوانم بڵێم تا ئاستێكی باش لە راپەڕاندنی كارەكانم سەركەوتوو بووم».
سەبارەت بە چۆنیەتی تێكەڵبوونیشی بە بازاڕی كار گوتی: «بیرۆكەی كاركردنم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خۆم هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیام بۆ چنین و كاری دەستی هەبوو، دواتر لە رێگەی خولێكەوە بە رێگەی ئامێر خۆم فێری چنین كرد، دوای ئەوەی لە خولەكە فێری پیشەكە بووم، هەر لەوێ وەكو مامۆستا بۆ ماوەیەك كارم كرد و كەسانی دیكەم فێر كرد، بەڵام دواتر بیرم لەوە كردەوە كە خۆم دەست بكەم بە دروستكردنی جلوبەرگ لەسەر خواستی خەڵك، بۆ نموونە ئەو رەنگ و قەبارە و مۆدێلەی كە حەزیان لێیەتی و لە بازاڕ دەستیان ناكەوێت، من بۆیان دروست دەكەم، لە ئێستادا جلوبەرگی ئافرەتان و منداڵان و تەنانەت پیاوانیش دروست دەكەم، زۆرجار خێزانەكان داوای ئەوە دەكەن كە سێتێك جلوبەرگی هاوشێوە بۆ خۆیان دروست بكەن، لەلای من داوای دەكەن، سەبارەت بە نرخەكانیش نرخی ئەو جلوبەرگانەی من دروستی دەكەم، زۆر لە هی بازاڕ هەرزانترە، جگە لەم كارەم كەلوپەلی ناوماڵ لە رێگەی چنینەوە دروست دەكەم، كاركردن بە ئامێر لەگەڵ كاری دەستی ئەگەر بەراورد بكەین، دەبینین هەریەكەو تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام كاركردن بە ئامێر خێراترە، بۆ نموونە من دەتوانم بەم ئامێرەم بە سەعاتێك بلوزێك بچنم، بەڵام بە قولاب لەوانەیە بە هەفتەیەك نەتوانم تەواوی بكەم. بەگشتی زۆر سوپاس بۆ خوا كارەكانم لەلایەن خەڵكییەوە پێشوازییەكی باشی لێ كراوە، زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵانیش دەكەم، كە هەوڵ دەدات، خانمانی خاوەن كار بە خەڵك بناسێنێت».
وەك دوا وتەشی گوتی: «زۆر سوپاسی خانەوادەكەم و هاوڕێكانم دەكەم، ئەوان هەمیشە لە هەنگاوەكانی كاركردنم هاندەر و پاڵپشتم بوون، دڵخۆشم بەوەی كە كاردەكەم و پشتم بە تواناكانم بەستووە، كاركردن و دەستخستنی بژێوی ژیان لەلایەن خودی ئافرەتەوە تا ئاستێكی زۆر گرنگ و پێویستە. كاركردنی ئافرەت شانازییەكی گەورەیە هەم بۆ خۆی و هەم بۆ خێزانەكەی، هاوكات متمانەبەخۆبوونی زیاتر دەبێت.