رەواج حاجی بەرپرسی مەلەفی سووریای دەزگای خێرخوازیی بارزانی: بە هەزاران كەس ئێستا لە پێش خانووە ڕووخاوەكانیان بە نایلۆن و دار و پەڕۆ شوێنێكیان دروست كردووە، بۆ ئەوەی تێیدا بژین

رەواج حاجی بەرپرسی مەلەفی سووریای دەزگای خێرخوازیی بارزانی:  بە هەزاران كەس ئێستا لە پێش خانووە ڕووخاوەكانیان بە نایلۆن و دار و پەڕۆ شوێنێكیان دروست كردووە، بۆ ئەوەی تێیدا بژین

 

 

داوا لە ڕێكخراوە مرۆییەكان دەكەین، چیدی درەنگ نەكەن و خۆیان بەو ناوچەیانە بگەیەنن، كە خەڵك چاوی لەوانە بێن و هاوكارییان بكەن

 

رەواج حاجی ئەندامی دەستەی كارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كە هاوكات بەرپرسی مەلەفی سووریای دەزگای خێرخوازیی بارزانییە بۆ بەهاناوەچوونی زیانبەركەوتووانی كارەساتی بوومەلەرزە لە ئاخافتنێكدا بۆ ميدياكان بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە:

پرسیار: ئێوە یەكەم تیمن كە وەك دەزگای خێرخوازی هاتوونەتە ئەو ناوچەیە، چ هۆیەك بوو كە وای لێ كردن بێنە عه‌فرين؟

وه‌ڵام: دوای بوومەلەرزەكە كە لەو دواییانەدا چەند باژاڕی توركیای هەژاند، هەروەها كاریگەریی هەبوو لەسەر سووریا، بەتایبەتی لە جندرێس، بڕیارمان دا، دەست بە چالاكی بكەین، لەبەر ئەوەی ئێمە ڕێكخراوێكی فریاگوزاریی بەهێزین لە ناوچەكە، خەڵكی كوردستانیش پاڵپشتییان كردین، كە خۆمان بگەیەنینە شارەكانی توركیا بۆ گەیاندنی هاوكاری، هەروەها تیمی ڕزگاركردن، تیمی دابەشكردنی خۆراك و تیمی دابەشكردنی كەلوپەل، لە پێنج ناوچەی توركیا لە (مەرەش، مەلاتیا، ئیسڵاحییە، ئەدەنە و دیاربەكر) لە زۆر جێ نوێنه‌رايه‌تيمان دانا، دوای ئەوەی جێگیر بووین، چالاكییەكانمان لەگەڵ ڕێكخراوی "ئافاد" دەست پێ كرد. دواتر گفتوگۆمان كرد لەسەر ئەوەی ئێمە چۆن بتوانین لە عەفرین كار بكەین، "ئافاد" ئاسانكاری بۆ كردین، بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی كاتیی سووریا، هەروەها ئەو دامودەزگایانەی كە لێرە كار دەكەن، توانیمان لە 10ی مانگی 2 داخیلی عەفرین بین وەك یەكەم كاروانی مرۆیی نێودەوڵەتی.

پرسیار: زۆر لە وڵاتان و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش بیانوویەكیان بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە، بۆ ئەوەی نەیێنە ئێرە، ئێوە چۆن هیچ بیانوویەكتان نەبوو، ئەوەتان بەزاند كە بێنە ئێرە؟

وەڵام: هەموو ڕێكخراوێك سیاسەتی كاركردنی خۆی هەیە. شێوازی كاركردنی ڕێكخراوەكان جیاوازن، هەندێكیان پێویستیان بە دڵنیایی زیاتر هەیە، بەڵام ئێمە دوای هەماهەنگیكردن و وەرگرتنی دڵنیایی و گەیشتنی ڕاپۆرتەكان و پێدانی زانیاری لە لایەن خەڵكەوە، بۆمان ڕوون بووەوە، كە دەتوانین كار بكەین، ئێمەش هەماهەنگییەكانمان كرد و، كاروانەكانی لۆجستیكیی ئێمەش خێران. ئێمە بەوە جیا دەكرێینەوە لە ڕێكخراو و ده‌زگاكانى مرۆيى ناوچەكە، كە توانای لۆجستیكیمان لە گواستنەوە و دابینكردن زۆر و خێرايه‌، هه‌روه‌ها لە ئامادەكردنی كارمەندەكان، بۆيه‌ توانیمان بە ماوەیەكی زۆر كەم ئەو ئەمادەكارییانە بكەین و دەست بە ڕۆیشتن بكەین. ڕەنگە ئەوە بۆ ڕێكخراوێك كە لە ناوچەكە نەبێت، یان ڕێكخراوێك كە ئیمكانیاتی نەبێت، زەحمەت بێت، بەڵام سپۆنسەرەكانی ئێمە هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە ئامادە بوون و گوتیان ئێوە هەر چالاكییەك بكەن، ئێمە پاڵپشتیتان دەكەین. ئێمەش خۆیان گەیاند و هیچ بیانوویەكیشمان بە دەستەوە نەدان.

پرسیار: وەك بڵاو بووەتەوە لە ڕاگەیاندنەكان كە هێزە چەكدارە جۆراوجۆرەكانی ئێرە كێشەیان بۆ دروست كردوون و،  ئەو كەلوپەلانەی ئێوە ناردووتانە بۆ خەڵك، بردوویانە، ئەوە تا چەند ڕاستە؟

وەڵام: خۆشبەختانە ئێمە لە ڕۆژی داخیلبوونەوە هەماهەنگییەكی زۆر زۆر باشمان لەگەڵ هەموو ئەو هێزانە هەبووە كە لێرەن و، پاڵپشتییەكی تەواوی ئێمەیان كردووە. هەموویان بەڵێنی سەلامەتیی تیمەكانی ئێمە و كەلوپەلەكانیان داوە، تا ئێستاش هیچ لە كاروان و هاوكارییەكانی ئێمە بزر نەبووە. ئەوەی كە دەیبینن لە میدیاكانی تایبەت بە (BCF) دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئێمە خۆمان هاوكارییەكان دابەش دەكەین، جگە لە خۆمان كەس هاوكارییەكانی ئێمە دابەش ناكات. ئەمەش ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە.

پرسیار: ئەو هاوكارییانەی كە هێناوتانە بۆ ئێرە، چین و كێ لە پشتیانە؟

وەڵام: هاوكارییە فریاگوزارییەكان زۆرن، خەڵك كه‌ ڕزگار بوو، یەكەم جار پێویستی بە سەرپەنا هەیە، كە چادرێكە، ئێمە 600 خێوەتمان دابەش كردووە، هەروەها 600ی دیكەش بەڕێوەیە، دەتوانین لە ماوەیەكی نزیكدا دابەشی بكەین. خۆراكی سەره‌تایی و ئاو دابەش كراوە، هەروەها پێداویستییەكانی خۆگەرمكردنەوە، وەكو دۆشەك و بەتانی و جلوبەرگ دابین كراون، تیمە گەورەی تەندروستی و پزیشكیمان هێناوە، كە پێنج ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنن، كە ئێستا لە نەخۆشخانەی جندرێس و دەوروبەری كار دەكەن، بۆ برینپێچیی برینداران و چارەسەركردن و لە زۆر بواری نەخۆشییەكان دەتوانن خزمەتگوزاری پێشكەش بكەن. كۆی گشتیی هاوكارییەكانمان زیاتر لە 80 ترەیلە بووە، ئێستاش هاوكارییەكان وا لە بەر دەروازەی (باب ئەلسەلام)ـن. هەروەها سەردانی نەخۆشخانەی عەفرینمان كردووە، چونكە جندرێس نەخۆشخانەی نەماوە بەداخەوە، هاوكاریی تەندروستیمان پێشكەش كردن، بۆ ئەوەی تا ماوەیەكی زۆر بەشیان بكات، لە دەرمان و پێداویستییەكانی تەندروستی.

پرسیار: ئەو نامەیەی كە دەینێرن وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە یەكەم تیمن كە لە دەرەوە بێن و بگەنە ئەم ناوچەیە، دوای زەمین لەرزەكەی سووریا، نامەكەتان چۆن ده‌بێت و تێڕوانیتان بۆ ئەو ناوچەیە چۆنە؟

وەڵام: تێڕوانی ئێمە زۆر باش بووە، بەڵام لە هیچ شوێنێكی دونیا مەرج نییە 100%ی كارەكان تەواو بێت. لەبەر ئەوەی كێشە دێتە پێش و ئاستەنگ دروست دەبێت. بەڵام ئەوانە نابێت ڕێگر بن، لە بەردەم ڕێكخراوێكی مرۆیی كە بیەوێت خزمەتی خەڵك بكات. خەڵكی عەفرین و جندرێس و گوندەكان لە دۆخێكی زۆر زۆر خراپدا بوون لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، هەروەها لە ساڵانی شۆڕشی سووریا ڕووبەڕووی ئاوارەیی و ناخۆشی و بارودۆخێكی زۆر خراپی ئابووری بوونەوە، ئێستاش كە ئەم كارەساتەی بەسەردا هاتووە، پێویستیان بە پاڵپشتی و ئاوڕلێدانەوە و خزمەتكردنی زیاتر هەیە. پەیامی ئێمە ئەوەیە: داوایان لێ دەكەین، كە بێن چاو لە ئێمە بكەن، وەك ئێمەومانان بێن لێرە خزمەتی ئەو خەڵكە بكەن، كە پێویستیان بە خزمەتكردن هەیە. چونكە هێشتا بەداخەوە تەرمی زۆر لە ژێر باڵاخانە ڕووخاوەكاندا ماون، كە بە هۆی نەبوونی تیمەوە نەتوانراوە، ڕزگاریان بكەن، بینایەكان ئێستاش بە ڕووخاوی ماونەتەوە، هیچ ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییش نەهاتووە، لەو مەجالە هاوكاری پێشكەش بكات. ئەوەش لە حاڵێكدایە كە خەڵكەكە هیچی نەماوە و هەموو شتێكی لەدەست داوە. خێزان هەیە، شەش كەسیان نەماون، هەرچی داهات و سەروەت و سامانیان هەبووە، لە دەستیان داوە. ئەمانە یەك و دوو و سێ نین، بە هەزاران كەس هەن، ئێستا لە پێش خانووە ڕووخاوەكانیان بە نایلۆن و دار و پەڕۆ شوێنێكیان دروست كردووە، بۆ ئەوەی تێیدا بژین. بۆیە داوا لە ڕێكخراوە مرۆییەكان دەكەین، چیدی درەنگ نەكەن و خۆیان بەو ناوچەیانە بگەیەنن، كە خەڵك چاوی لەوانە بێن و هاوكارییان بكەن.

پرسيار: تا ئێستا هاوكارييه‌كانتان بۆ خه‌ڵكى لێقه‌وماوى كاره‌ساتى بوومه‌له‌رزه‌كان چى بووه‌؟

وه‌ڵام: دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كەمتر لە ماوەی يه‌ك مانگ (6/2/2023 تا 27/2/2023) ئەم خزمەتگوزارییانەی لە(دیاربەكر، مەلاتیا، ئورفا، مەرەش، سەمسوور، دیلۆك، ئەدەنە و عەفرین) پێشكەش كردووە:

 

ژەمە خۆراكی گەرم: 107،000

خواردنی وشك: 21،242

خواردنی خێرا: 20،855

خێوەت: 4،024

سۆپا: 9،057

خەڵووز (رەژوو): 27،000 كیلۆ

پارەی كاش: £ 500،000 پاوند

جلوبەرگ : 6،964

شیری منداڵ: 8،565

سێتی ئاو: 47،220

بەتانی و دۆشەك: 45،556

ئامێری بیناسازی: 100

دەرمان بۆ نەخۆشخانەی عەفرین: 4،000 كیلۆ

هاوكاری و چارەسەری پزیشكی: 7،521

ژمارەی خێزانی سوودمەند: 203،506 و لە هەر لەیەك لەم شارانەدا بەمجۆرە بووە:

دیاربەكر: 37،410

 مەلاتیا: 6،580

 ئورفا: 9،133

مەرەش: 54،794

 دیلۆك: 35،440

 ئەدەنە:  9000

عەفرین: 25،586

سەمسوور: 25،563

 

 

رەواج حاجی بەرپرسی مەلەفی سووریای دەزگای خێرخوازیی بارزانی:  بە هەزاران كەس ئێستا لە پێش خانووە ڕووخاوەكانیان بە نایلۆن و دار و پەڕۆ شوێنێكیان دروست كردووە، بۆ ئەوەی تێیدا بژین
Top