پڕۆفیسۆر مارك كاتز بۆ گوڵان: هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایانەوێت ڕووسیا شەڕەكە بدۆڕێنێت

پڕۆفیسۆر مارك كاتز بۆ گوڵان:  هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایانەوێت ڕووسیا شەڕەكە بدۆڕێنێت

مارك كاتز، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی جۆرج مەیسۆن، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی ئەمنی، كاروبارەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، پێشتریش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا شرۆڤەكاری كاروباری یەكێتیی سۆڤیەت بووە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، بە مەبەستی تاوتوێكردنی پرسی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئاكام و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە، بەتایبەتی ڕەنگدانەوە و كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی هاوكاریی سەربازیی نێوان ئێران و ڕووسیا و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا تەنیا ڕەهەندی سەربازیی لەخۆ نەگرتووە، چونكە هەروەك چۆن وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەندین سزای ئابووری و داراییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئەوا لە بەرانبەردا ڕووسیا وزەی كردووەتە چەكێك لەم شەڕەدا، بەتایبەتی دژی ئەوروپا، ئێوە چۆن ئەم پرسە هەڵدەسەنگێنن؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە تا ئەو كاتەی كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین لە دەسەڵاتدا بێت و حوكمڕانی ئەو وڵاتە بێت، ئەوا ئەگەرێكی واقیعبینانە و ڕاستەقینە لە ئارادا نابێت كە دووبارە پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا بگەڕێنە دۆخی پێشوو، واتە بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو بدات، ئەوا دەبێت دەسەڵات و حوكمڕانییەكی نوێ لە ڕووسیادا جڵەو بگرێتە دەست. ئەوەی پەیوەندی بە سەپاندنی سزا ئابووری و داراییەكانەوە هەبێت بەسەر ڕووسیادا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە، ئەوا دەكرێت بڵێین ڕاستە ئەمانە سزای بەربڵاو و فرەلایەنەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین كە هێشتا سەرۆك ڤلادمیر پوتین لە دەسەڵاتدایە و بگرە سەرباری هەموو ئەو سزا و ڕێكارانەش، ڕووسیا توانیویەتی داهاتێكی باش بەدەست بهێنێت، لەوەش زیاتر، دەكرێت ئاماژە بەوە بكەین كە تەنانەت لە ئێستاشدا زۆرێك لە وڵاتانی ئاسیا و هەروەها ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خوازیار و ئامادەی ئەوەن كە بزنێس و بازرگانی لەگەڵ ڕووسیادا بكەن، بەڵام لەلایەكی دیكەوە و سەرباری ئەوەش ئاماژەمان پێ كردن، ئەوا پێم وایە تاوەكو ئەم شەڕە و ئەم سەپاندنی سزایانە دژی ڕووسیا بەردەوام بن، ئەوا ڕووسیا زیاتر دەكەوێتە ژێر كاریگەریی وڵاتی چینەوە، چونكە تەنانەت ئەگەر شەڕەكەش كۆتایی پێ بێت، ئەوا ئەگەری ئەوە نییە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەو ئاسانییە وەبەرهێنان و پەیوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ ڕووسیادا دەست پێ بكەنەوە، ئەویش بە هۆی ئەو بێمتمانەیی و بەدگومانییەی بۆیان دروست بووە لە ئاست ڕووسیادا.

* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە هێشتا چەند وڵاتێكی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵە و پەیوەندیی بارزرگانی و بزنێسیان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە كاریگەریی ئەم شەڕە دەڕوانن لەسەر ئەم ناوچەیە، بەتایبەتی كە ئاشكرایە ئەم ناوچەیەش خۆی بەدەست چەندین كێشە و تەنگژەوە دەناڵێنێت؟

- ئەوە ڕاستە، كە ئەمە ناوچەیەكی ئاڵۆز و پڕ لە كێشە و قەیرانە، لە ڕاستیدا كاتێك من باسی ئەوە دەكەم كە وڵاتانی ئەم ناوچەیە خواست و ئامادەیی ئەوەیان تێدایە كە بەردەوامی بدەن بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ڕووسیا، یان كاتێك باسی بوونی پەیوەندییان دەكەم، ئەوا مەبەستەكە ئەوە نییە كە ئەم وڵاتانە زۆر بایەخ بە شەڕی ئۆكرانیا دەدەن، چونكە ڕوونە ئەم وڵاتانە سەرقاڵن بە شەڕ و تەنگژەكانی خۆیانەوە و ناتوانن و ناپەرژێنەسەر ئەوەی سەرقاڵ بن بە شەڕێكی دیكەوە. هەر چۆنێك بێت، دەبێت باس لەوەش بكەین كە زۆرێك لەم وڵاتانە ئەگەرچی هاوڕا نین لەگەڵ ئەوەی ڕووسیا لە ئۆكرانیا ئەنجامی دەدات، بەڵام هەمان ئەم وڵاتانە خوازیاری ئەوە نین ڕووسیا دۆڕاوی شەڕەكە بێت و تێك بشكێت. ئەمەش لەم ڕوانگەیەوە هاتووە كە ئەم وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیانەوێت دوو هێز هەبن لە ناوچەكەدا كە پارسەنگی یەكتری ڕابگرن و بەرەنگاری یەكتر ببنەوە، لەبری ئەوەی گۆڕەپانەكە بە تەنیا ببێتە مەیدانی تاكە هێزێكی باڵادەست.

* مەبەستتان ئەوەیە كە ئەم وڵاتانە پێیان وایە بوونی تاكە هێزێكی باڵادەست لە ناوچەكەدا بە زیانی ئەوان دەشكێتەوە و، ئەگەر دوو هێزی ڕكاربەر و بەرەنگاری یەكدی هەبن، ئەوا جۆرێك لە هاوسەنگی دروست دەبێت؟

- ئەمە ڕاستە، چونكە ئەم وڵاتانە نایانەوێت ڕۆژگارێكی دیكەی هاوشێوەی سەردەمی دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد هەبێت، كە تێیدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تاكە هێزێكی باڵادەست بوو لە جیهاندا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەمریكا خوازیاری هەرچییەك بێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامی بدات، لە نێویاندا شەڕ و داگیركاریی عێراق. كەواتە زۆرێك لە وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەیانەوێت بواری مانوڕكردنیان هەبێت لە نێوان هێزە مەزنەكاندا، هەروەها بینیمان كە وڵاتی عەرەبستانی سعودیە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕووسیادا كرد بۆ ئەوەی لە ڕێی ئۆپێكەوە كار لەسەر پرسی نرخی نەوت بكەن لە جیهاندا، ئەوە بوو كە هاوكاریی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدنیان نەكرد و، نەوتێكی زیاتریان نەخستە بازاڕەكانی جیهانەوە بۆ ئەوەی نرخەكە دابەزێت، كە بە ڕاستی ئەمە مایەی شۆك و تاسان بوو لە واشنتۆن، چونكە چاوەڕێی هەڵوێستێكی لەم چەشنەیان نەدەكرد لە هاوپەیمانێكیان، كە كارێكی زۆریان كردبوو بۆ پاراستنی لە بەرانبەر ئێران و پێشتریش لە بەرانبەر عێراق بە سەرۆكایەتیی سەددام حوسێن (هەرچەندە ڕەنگە ئەمەیان ماوەیەكی زۆر پێش ئێستا بێت و لاوان بە بیریان نەیێت). كەواتە ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەینەوە، ئەوا بەڵێ، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خوازیاری ئەوەیە چەند هێزێكی دەرەكیی دەستڕۆیشتوو و كاریگەر لەم ناوچەیەدا هەبن.

* وەك بەشێك لە ڕەنگدانەوەی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە بریتییە لە هاوكاریی سەربازیی نێوان ئێران و ڕووسیا، ئایا ئەمە تەنیا هەماهەنگی و هاوكارییەكی كاتییە، یان هاوپەیمانێتییەكی درێژخایەن؟

- ئەوە ڕاستە كە ئەمە پەرەسەندنێكی بەرچاو بوو و مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە، چونكە دەكرا لەم ڕووەوە ئێران هەمان هەڵوێست و هەڵسوكەوتی وڵاتی چینی بگرتایەتەبەر لەبەرانبەر ڕووسیا و لە ئاست شەڕەكەدا، واتە دەكرا ئێران جۆرێك لە دوورەپەرێزیی هەڵبژاردایە و خۆی بە دوور بگرتایە، لەبری ئەوەی هاوكاریی سەربازی بۆ ڕووسیا دەستەبەر بكردایە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوە بوو هاوكارییەكی زۆریان پێشكەشی ڕووسیا كرد، ئەمەش بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی بارگرژییەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا، چونكە لە سەرەتادا تێڕوانین و ئاراستەكەیەك لە نێو وڵاتانی ڕۆژئاوادا لە ئارادا بوو، ئەویش بەو شێوەیە بوو كە ئەگەر بڕیار بێت نەوت لە ڕووسیاوە نەكڕن و هاوردەی نەكەن، ئەوا با نەوتی ئێران بكڕن، ئەو كاتەش نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا جێگیر دەبێت و هێندە هەڵناكشێت، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا. كەواتە لە دەرئەنجامدا ئێستا ئەم وڵاتانە بە هەمان شێوە لە ئێران و ڕووسیا دەڕوانن، واتە لێكیان جیا ناكەنەوە. لەم ڕووەوە پێم وایە ئێران زۆر خۆی بە ڕووسیاوە گرێ داوە، كە بە تێڕوانینی من ناچار نەبوو ئەم ڕێڕەوە بگرێتەبەر و بەم ئاراستەیەدا هەنگاو هەڵبگرێت.

* كەواتە بەهۆی ئەوەی هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەتوانن چەك بەدەست بهێنن، ئەوا پاڵنەر و هۆكاری ئەوەیان هەیە كە درێژە بە شەڕەكە بدەن، لە بری ئەوەی ناچار بن بۆ كۆتاییهێنان و یەكلاكردنەوەی شەڕەكە بیر لە گرتنەبەری ڕێگەچارەیەكی دیكە بكەنەوە؟

- بە تێڕوانینی من ئەمە هۆكارێكە، واتە لەبەر ئەوەی هەردوولا دەتوانن پێداویستی و كەرەستەی سەربازی و چەك بەدەست بهێنن، بۆ ئەوەی درێژە بە شەڕەكەیان بدەن، هەر ئەمەش وامان لێ دەكات كە پێشبینیی درێژەكێشانی شەڕەكە بكەین، بەتایبەتی ئەگەر لە ئاسۆدا ئەگەری ئەوە لە ئارادا نەبێت كە لایەكیان ڕووبەڕووی شكستێك و دۆڕانێكی گەورەی سەربازی ببنەوە.

 

Top