زه‌روره‌تی چالاكى قوتابخانه‌كان له‌ پڕۆسه‌ى فێركردن

زه‌روره‌تی چالاكى قوتابخانه‌كان له‌ پڕۆسه‌ى فێركردن

شاعیرونوسه‌ر وچاكسازی خوازی په‌روه‌رده‌یی ئینگلیزی (ماثیو ئەرنولد)ده‌لێ" هه‌ست كردن به‌ چالاكی داهێنه‌رانه‌ بریتییه‌ له‌ به‌خته‌وه‌ری گه‌وره‌ و به‌ڵگه‌ى گه‌وره‌ له‌ سه‌ر هه‌بوونى ژیان".
چالاكی قوتابخانه‌كان به‌لایه‌نێكى هه‌ره‌گرنگی و بنچینه‌یی ده‌ژمێردرێت له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن كه‌وا له‌ قوتابی ده‌كات هه‌میشه‌ به‌ دڵخۆشیه‌وه‌ به‌ره‌و پڕۆسه‌كه‌ هه‌نگاو بنێ و هانده‌ر و په‌رۆش بێ بۆ كۆی گشتى پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ وفێركردن، قوتابخانه‌ لاى قوتابی خۆشه‌ویست ده‌كات و مامۆستاكان خۆشه‌ویست تر ده‌بن و، قوتابیش هه‌مووكات هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی و به‌خته‌وه‌ری و هه‌بوونى خۆشى و تامی ژیان ده‌كات. بۆیه‌ گه‌ربمانه‌وێ قوتابی دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر و ئاسوده‌بێت و قوتابخانه‌ و مامۆستاى لاى خۆشه‌ویست تر بێت، پێویسته‌ چالاكییه‌كانى قوتابخانه‌ به‌ گشتى گرنگی و بایه‌خیان پێ بدرێت، جگه‌ له‌وه‌ى مافی سروشتی قوتابییه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌ركێكى بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ سه‌ر مامۆستا و قوتابخانه‌ له‌ پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، بۆیه‌ گرنگه‌ به‌ پێی پلان و خشته‌ى وانه‌كان و به‌رنامه‌ى وه‌رزى قوتابخانه‌ چالاكییه‌كان له‌ قوتابخانه‌ ئه‌نجام بدرێن بۆ قوتابیان و بۆ قوتابیان بێت و به‌رهه‌می قوتابیان و حه‌ز و ئاره‌زوو و خواست و به‌شدارى قوتابیان بێت و په‌یوه‌ندیدار بێت به‌ بابه‌ته‌كانى خوێندن كه‌ قوتابی بتوانێ ئاست و به‌هره‌ و توانا و كارامه‌ییه‌كانى خۆى تێدا ببینێته‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ بكرێت و، چالاكی له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ى كارامه‌یی و تواناكانى قوتابیان ئه‌نجام بدرێت، له‌ پێناو بنیاتنانى قوتابی بێت به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست و به‌ستنه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ژینگه‌ و بابه‌ته‌كانى خوێندن. چالاكییه‌ك بێت بۆ فێربوونی قوتابیان تا هه‌ست به‌ بوون و كه‌سایه‌تى خۆیان بكه‌ن و بتوانن فێری هاوكارى كردن و یارمه‌تیدانی یه‌كتر بن و ئینتیما و خۆشه‌ویستیان بۆ خوێندن و قوتابخانه‌ و خاك و نیشتمان زیاتر بكات، نه‌ك چالاكییه‌ك بێت ته‌نها بۆ نمایش كردنى قوتابییه‌ ژیكه‌له‌كان و ماندووبونیان وئه‌رك دروست كردن بۆ ماڵه‌وه‌ خێزانه‌كانیان.چالاكییه‌ك بێت بۆ داوه‌ت كردن و میواندارى كردنی خانه‌واده‌ و كه‌س وكاری قوتابییه‌كان بێت تا ببینن و بزانن به‌هره‌ و توانا و سه‌لیقه‌ى منداڵه‌كانیان چۆن و تا چه‌ند ئاوێته‌ و خولیاى فێربوونیان هه‌یه‌ بۆ داهێنان كردن له‌ ئاره‌زووه‌كانیان هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كانى خوێندن، چالاكییه‌ك نه‌بێت ته‌نها بۆ خۆنیشاندان و ڕازی كردن و چالاكی له‌ پێناو چالاكی، به‌ڵكو چالاكییه‌ك بێت بۆ دروست كردن و پته‌وكردنى دڵنیایی و متمانه‌ بخۆبون لاى قوتابی و بنیاتنانى خاوه‌نداریه‌تى قوتابخانه‌ و پڕۆسه‌كه‌ و په‌ره‌پێدانى پڕه‌نسیپی كۆمه‌ڵایه‌تى و داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ و شاره‌زایی و ئه‌زموون په‌یدا كردن بێت.
بێگومان چالاكییه‌كانیش جۆراوجۆرن بۆ نموونه‌(وه‌رزشی و هونه‌ری و ڕۆشنبیری و ئاینى و زانستى و كۆمه‌ڵایه‌تى و خۆبه‌خشی و خۆش گوزه‌رانی وه‌كو گه‌شت و سه‌ردان)، چالاكییه‌كان هه‌ر یه‌كه‌یان كۆمه‌لێك پڕگه‌ى جۆراوجۆری هه‌یه‌، قوتابیان به‌گشتى ده‌توانن به‌شدارى له‌ سه‌رجه‌م چالاكییەكان بكه‌ن و قوتابییه‌ به‌هره‌مه‌ند و سه‌ركه‌وتووه‌كان په‌ره‌یان پێ بدرێت له‌ هه‌ر بڕگه‌یه‌ك له‌ بڕگه‌كانى چالاكی كه‌ بتوانرێ له‌ داهاتوودا له‌ پاشه‌ڕۆژ ببێته‌ كه‌سێكى سوودبه‌خش بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و كه‌سێكى دیار و به‌ناوبانگ و داهێنه‌ر له‌و بواره‌دا كه‌ خزمه‌تى خاك و نیشتمان و میلله‌تى خۆى ده‌كات، وه‌كو ئه‌ستێره‌یه‌كى دره‌وشاوه‌ له‌ ئاسمانى كوردستان هه‌میشه‌ به‌ گه‌شاوه‌یی و دره‌وشاوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ بناغه‌كه‌ى له‌ قوتابخانه‌وه‌ سه‌رى هه‌ڵداوه‌و پاڵپشتى كراوه‌، له‌ زۆربه‌ى ووڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان گرنگی تایبه‌ت به‌ چالاكی قوتابخانه‌كان ده‌درێت به‌ گشتى و به‌تایبه‌ت بۆ دۆزینه‌وه‌ى به‌هره‌ و توانا و كارامه‌ی كه‌سه‌كان.
گرنگه‌ ئێمه‌ش له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ رێگاى ناوه‌نده‌كانى خوێندن و قوتابخانه‌كان و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى قه‌زا و پارێزگاكان و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى چالاكییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ به‌ پلان و به‌رنامه‌ى به‌رده‌وام و جۆراوجۆر گرنگى به‌ سه‌رجه‌م چالاكییه‌كان بده‌ین له‌ پێناو به‌دیهێنانى ئامانجه‌كان به‌ گشتى.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top