هاوکاری نیوزلەندا بە بڕی یەک ملیۆن و ٨٩٠ هەزار دۆلار بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا

هاوکاری نیوزلەندا بە بڕی یەک ملیۆن و ٨٩٠ هەزار دۆلار بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا

 

 

حکومەتی نیوزلەندا پاکێجێکی هاوکاری مرۆیی بە بڕی 1.89 ملیۆن دۆلار دەنێرێت بۆ پاڵپشتیکردنی قوربانیانی بوومەلەرزە و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی فریاگوزاری لە تورکیا و سوریا.

دەیڤید پارکەر، بریکاری وەزیری دەرەوەی نیوزلەندا، بە ئاماژەدان بە بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی تورکیا و سوریا، گوتی: ئێمە هاوبەشی ئازار و خەم و پەژارەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی ئەم کارەساتەین.

پارکەر دووپاتیکردەوە: هاوکارییە مرۆییەکانی نیوزلەندا بە بەهای یەک ملیۆن و ٢٦ هەزار دۆلار لە ڕێگەی بەرنامەی خۆراکی جیهانییەوە دەنێردرێت بۆ تورکیا، هەروەها نزیکەی ٦٣١ هەزار و ٥٠٠ دۆلار دەبەخشرێتە سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) بۆ بەکارهێنانی لە سوریا.

پارکەر ئەوەشی خستەڕوو، کە دوو پسپۆڕی پشتیوانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری لە تورکیان بۆ پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن.

پێشتر حکومەتی نیوزلەندا ناردنی هاوکاری مرۆیی بە بەهای ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا ڕاگەیاندبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی شوبات ، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی ٧.٧ و ٧.٦ پلە بە پێوەری ڕێختەر دە پارێزگای تورکیای هەژاند، کە ناوەندی شارەکانی پازارجیك و ئەلبستانی سەر بە پارێزگای قەهرەمانماراش بوون.

تا ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گەیشتووەتە ١٨ هەزار و ٣٤٢ کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ٧٤ هەزار و ٢٤٢ کەس. هەروەها لە بوومەلەرزەکانی ئەم دواییەدا ١٢ هەزار و ١٤١ باڵەخانە و ٦٦ هەزار و ٥٨ بەشی سەربەخۆ وێران بوون یان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە. تا ئێستا ١٥٠٩ پاش بوومەلەرزە لە ناوچەکەدا تۆمار کراوە.

لە ئێستادا ١٢١ هەزار و ١٢٨ هێزی فریاگوزاری لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە کاردەکەن. تا ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار قوربانی بوومەلەرزە لەبن دار و بەرد وباڵاخانەكاندا ڕزگار کراون و هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ژێر باڵاخانەكاندا ماونەتەوە هێشتا بەردەوامە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top