پڕۆفیسۆربرانتلی وۆماك بۆ گوڵان: پوتین لە دۆخێكدایە نە دەتوانێت پێشڕەوی بكات و نە پاشەكشە
برانتلی وۆماك خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانستی سیاسی، كە لە زانكۆی شیكاگۆ بەدەستی هێناوە و، لە ئێستادا پرۆفیسۆری كاروباری دەرەكییە لە بەشی زانستی سیاسیی زانكۆی ڤیرجینیا، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك كاروبارە دەرەكییەكان، پرسە بازرگانی و ئابوورییەكان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و پرسی ئەوەی چۆن پشتبەیەكبەستن و ئاوێتەبوونی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان نەیتوانی هۆكارێك بێت بۆ بەرگرتن بە هەڵگیرسانی شەڕ و، ئاییندەی پەیوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین و چەند پرسی دیكەی پەیوەندیدار.
* زۆر جار باس لەوە كراوە كە پشتبەیەكبەستنی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان، واتە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندییە چڕە ئابوورییەكان، هۆكارێكن بۆ بەرگرتن لە بەرپابوون و هەڵگیرساندنی شەڕ لەنێوان وڵاتاندا، ئەم تیۆرە مشتومڕێكی زۆری لێ كەوتووەتەوە، بەڵام شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بووە هۆی ئەوەی هەڵوەستەیەكی جددی لەسەر ئەم پرسە بكرێت، دید و تێڕوانینی ئێوە چییە لەم ڕووەوە و، ئایا ئەم شەڕە ئەم تیۆرەی پێچەوانە نەكردووەتەوە؟
- لە ڕاستیدا ئەمە پرسیارێكی زۆر باشە، سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە جیهان لە ئێستادا لە قۆناغ و هەلومەرجێكدایە كە تێیدا پشتبەستنێكی بەرچاوی ئابووری، یان بڵێین پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی بەیەكداچوون و دوولایەنە و چەند لایەنە هەیە، واتە پێشهات و پەرەسەندنەكانی هەر بەشێكی جیهان كاردانەوە و ڕەنگدانەوەی لەسەر بەشەكانی دیكە دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە و بە تێڕوانینی من بڕیاری سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتین بۆ پەلاماردان و داگیركردنی وڵاتی ئۆكرانیا بەرجەستەبوونی ڕاستییەكە، یان ئاماژەیە بۆ پرسێكی گرنگ، ئەویش ئەوەیە كە شەڕ لە جیهانێكدا كە بە ئاست و ئەندازەیەكی بەربڵاو وڵاتان پشتبەیەكبەستبوون، تێچوون و ئاكامێكی گەورە و ڕاستەقینەی دەبێت، واتە ئێمە لە قۆناغێكدا نین كە دابڕان و لێكدووركەوتنەوە سیما و خەسڵەتی سەرەكیی پەیوەندییەكان بێت، لێرەدا مەبەستەكە ئەوەیە كە بەهۆی ئەم بەیەكداچوون و پشتبەیەكبەستنەوە شەڕی نێوان دوو وڵات كاریگەری و دەرهاویشتە و دەرئەنجامی لەسەر تێكڕای وڵاتانی دیكە دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر دوو وڵاتی گەورە بن، لەم سۆنگەیەوە من باوەڕم وایە كە لەم بارودۆخەدا تەنانەت سەرۆك ڤلادمیر پوتینیش گەیشتووەتەوە ئەو بۆچوونە و پێی وایە ئەوەی ئەنجامی داوە (بڕیاری شەڕ و داگیركردنی وڵاتی ئۆكرانیا) هەڵەیە و بڕیارێكی ڕاست و درووست نەبووە و، نەدەبوو كارێكی لەم چەشنە بكرێت و هەنگاوێكی لەم شێوەیە بنرێت، بەڵام هەر چۆنێك بێت، ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە دەتوانین بڵێین سەرۆك پوتین بە هۆی گرتنەبەری ئەم بڕیارەوە خۆی خستووەتە بارێكی نالەبار و ناهەموارەوە، واتە بارێك كە دەكرێت بڵێین خۆی تووشی گیرخواردنێك كردووە، كە نە دەتوانێت هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵبگرێت، نە دەتوانێت پاشگەز ببێتەوە و پاشەكشە بكات.
* زۆر مشتومڕ دەكرێت لەبارەی ئەوەی وڵاتی چینیش بڕیار بدات و هەنگاو هەڵبگرێت بۆ داگیركردنی تایوان، لەم ڕووەوە بارگرژییەكان هەندێ جار بەرەو هەڵكشان دەڕۆن و مەترسییەكان زیاتر دەبن. ئایا پێت وایە چین بە هەمان شێوەی ڕووسیا – كە بڕیاری داگیركردنی ئۆكرانیای دا- بڕیاری داگیركردنی تایوان بدات؟ ئایا ئەگەر ئەم كارەی كرد، پێت وایە كاردانەوە و پەرچەكرداری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چی دەبێت؟ ئایا پێت وایە بە پێچەوانەی شەڕی ئۆكرانیاوە لەم حاڵەتەدا ئەمریكا ڕاستەوخۆ دێتە نێو شەڕەكەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەی داگیركاریی چین؟
- نەخێر، من باوەڕم وا نییە بارودۆخەكە بەم ئاراستە و ئاقارەدا هەڵبكشێت، لەم ڕووەوە پێم وانییە ئەو سیناریۆیە دووبارە ببێتەوە، یان با بڵێین – وەك ئێوە ئاماژەی پێ دەكەن- كە چۆن ڕووسیا بڕیاری داگیركردنی ئۆكرانیای دا، ئەوا چینیش بە هەمان شێوە هەنگاوێكی لەم چەشنە هەڵدەگرێت، هۆكارەكەش ئەوەیە كە من پێم وایە هەلومەرجی هەر دوو حاڵەتەكە تەواو لێك جیاوازن، بارودۆخی تایوان لە پەیوەندی بە چینەوە زۆر جیاوازە لە پەیوەندیی ئۆكرانیا بە ڕووسیاوە، لەلایەكی دیكەوە دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین و ڕەچاوی بكەین، كە تایوان دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری نییە، لەلایەكی دیكەوە دەبێت ئەوەش ڕەچاو بكەین كە ئابووریی چین و تایوان زۆر پێكەوەبەستراو و پێكەوەگرێدراون. دواتر شتێكی سەیرە كە ئەوە بەدی دەكرێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كاردانەوە و پەرچەكردار، یان دەستێوەردانێكی ڕاستەوخۆ ناكات لە ئۆكرانیا و كارێكی لەم چەشنەی نەكردووە، ئەمە لە كاتێكدا دەبینین هەندێ جار خودی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر بێت و چین بڕیاری داگیركردنی تایوان بدات، ئەوا بە چەشنێكی ڕاستەوخۆ دەستتێوەردان دەكات و كاردانەوەی دەبێت.
* ئەگەر سەیری وێنە گشتییەكە، یان با بڵێین ئەگەر لە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتی چین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕوانین و، هەڵسەنگاندنێكی بۆ بكەین، ئایا ئێوە چۆن وەسفی ئەم پەیوەندییانە دەكەن؟ ئایا پێتان وایە شتێكی حەتمییە كە لە كۆتاییدا ئەم پەیوەندییانە بەرەو لێكترازان و لێكدابڕانی زیاتر بڕوات و لە بری ئاوێتەبوونی زیاتری ئابووری لە نێوانیاندا، زیاتر لێك دوور بكەونەوە و لە ئەنجامدا ململانێ و ناكۆكیی جیۆپۆلەتیكیی زیاتر لە نێوانیاندا سەرهەڵبدات؟ ئایا دەكرێت دۆخەكە بەم ئاراستەیدا بڕوات؟
- ئەگەر ئێمە لە ڕوانگەی ئەو هەلومەرجەی ئێستاوە بڕیار لەم پرسە بدەین و هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنێك ئەنجام بدەین، لەم ڕووەوە پەرەسەندن و پێشهاتەكان لە پەیوەندی بە هەڵكشانی ناكۆكی و بارگرژییەكانەوە لەبەرچاو بگرین، ئەوا دەكرێت بڵێین لە میانەی 45 ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی چین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە خراپترین بار و قۆناغدا تێپەڕیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا بارودۆخەكە بە ئاقار و ئاراستەیەكدا نەڕۆیشتووە كە ببێتە هۆی ڕوودانی ڕووداوێك كە لە ئەنجامدا بووبێتە هۆی تەقینەوەی بارگرژی و دوژمنكارییەكانی نێوانیان، هەروەها چەندین هۆكار هەبوون بۆ ئەوەی هەلومەرجەكە بەم ئاست و ڕاددە و قۆناغە بگات، بەڵام پێم وایە هۆكاری بنەڕەتی لە نێو سەرجەم هۆكارەكاندا كە بووەتە هۆی هاتنەئارا و درووستبوونی ئەم هەلومەرجە، ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تێڕوانینێكی دیاریكراوی هەیە لە ئاست چیندا و لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانینەش سیاسەت و بڕیارەكانی لە ئاست ئەو وڵاتەدا دادەڕێژێت و، وەك هێزێكی جیۆپۆلەتیكیی ڕكابەر و ململانێكار لە چین دەڕوانێت.
* ئێوە توێژینەوەی زۆرتان لە بارەی وڵاتی چینەوە ئەنجام داوە، ئایا پێت وایە خاڵی بەهێزی چین چییە كە بووەتە هۆی ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان هێندە سەرقاڵ بكات و بە ڕكابەر و ململانێكاری بزانێت؟ ئایا باشترین ستراتیژیەتێك كە چین بتوانێت بیگرێتەبەر چییە، مەبەستمان ئەوەیە كامیان پتر لە بەرژەوەندیی چینە، هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕۆژئاوا، یان هاوپەیمانێتی لەگەڵ وڵاتی ڕووسیا؟
- نكۆڵی لەوە ناكرێت، كە چین هێزێكە كە ناتوانرێت نادیدەی بگرن و فەرامۆش بكرێت، چین بووەتە هێزێك كە سەنگ و قورسایی بەرچاوی هەبووە و هێزێكە لە هەڵكشاندایە، ئەوەی پەیوەندی بە خاڵی بەهێزی چینەوە هەبێت، ئەوا بە تێڕوانینی من ڕەگ و ڕیشەی هێز و توانای چین بریتییە لە پەیوەندییە بەهێزە ئابوورییەكانی لەگەڵ ناوچەی ئۆقیانووسی هێمندا، واتە من پێم وانییە باشترین بارودۆخێك بۆ چین ئەوە بێت كە بچێتە قۆناغێكەوە كە تێیدا بە تەواوی لەژێر سایە و سێبەری، یان لە باری هاوكاری و هەماهەنگیدا بێت لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەروەها باشترین بەرژەوەندییەكانی چینیش ئەوە نییە كە بە تەواوەتی ببێتە هاوپەیمان و پشتیوانكارێكی تەواوی ڕووسیا.