نهێنى به‌ده‌وله‌تبوون

نهێنى به‌ده‌وله‌تبوون

له‌ بوارى ده‌روونناسیدا، هه‌وڵه‌كانى زانایانى وه‌ك سكینه‌ر و سۆرندایك له‌ پێناو فێركردنى گیانه‌وه‌رانى وه‌ك كۆتر، پشیله‌ و مشك ناسراون. ئه‌و زانایانه‌ ئه‌و گیانه‌وه‌رانه‌یان به‌ برسێتى ده‌خسته‌ نێو قه‌فه‌سێك، و هه‌ندێ خورادنیان له‌ ده‌ره‌وه‌ى قه‌فه‌س دائه‌نا. گیانه‌وه‌ره‌ برسییه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ خۆراكه‌كه‌، له‌ سه‌ره‌تا دا چه‌ندین جووڵه‌ و ره‌فتارى هه‌ڕمه‌كیان ئه‌نجام ده‌دا، تا ئه‌و كاته‌ى به‌ رێكه‌وت په‌نجه‌ یان نووكیان له‌و دۆكمه‌یه‌ ده‌دا كه‌ ده‌رگاى قه‌فه‌سه‌كه‌ى پێ ده‌كرایه‌وه‌. ئه‌و زانایانه‌ تێبینى ئه‌وه‌یان كرد كه‌ ماوه‌ و كاتى نێوان خستنه‌ نێو قه‌فه‌س و تا ئازادبوونیان جار بۆ جارێ كه‌متر ده‌بێت، تا ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌و گیانه‌وه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ده‌خرانه‌ نێو قه‌فه‌سه‌كه‌دایه‌كسه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌یان ده‌كرد كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ده‌رگاى قه‌فه‌س ده‌كرێته‌وه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ گیانه‌وه‌ر نه‌ك ته‌نها ئازاد ده‌بێ به‌ڵكۆ ده‌گه‌یشته‌ خۆاردنه‌كه‌ى ده‌ره‌وه‌ى قه‌فه‌س و خۆى تێر ده‌كرد. ئه‌وه‌ش واتاى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و گیانه‌وه‌رانه‌ فێرى ره‌فتارێك ده‌بوون.
ئێمه‌ى كورد، له‌ خه‌باتى خۆمان بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادى و سه‌ربه‌خۆیى نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌وه‌نده‌ى گیانه‌وه‌رێك فێرى ژیان ببین. له‌و بڕوایه‌دام ئه‌گه‌ر شێخ مه‌حموودى حه‌فید، له‌ جیاتى ره‌تكردنى تۆقه‌كردن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى به‌ریتانیا، كوردستانه‌كه‌ى خۆى وه‌ك به‌شێك له‌ وڵاتى به‌ریتانیا ده‌ناساند، "مه‌لكبوونى" خۆى مسۆگه‌ر ده‌ركرد.
ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ ئه‌زموونى گه‌لانێكه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستى به‌ریتانیا بوونه‌ته‌ وڵاتى سه‌ربخۆ، له‌ كاتێك دا كه‌ هه‌ندێكیان پانتایى و رووبه‌ر و ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى ناگاته‌ رووبه‌ر و ژماره‌ى دانیشتوانى گۆندێك و شارێكى هه‌رێمى كوردستان. نموونه‌شى دوو وڵاتى وه‌ك نائۆرۆ و تۆالۆن، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ئۆقیانووسى ئارام و رووبه‌رى هه‌ر یه‌كه‌یان نزیكه‌ى (21) كیلۆمه‌ترى چۆار گۆشه‌یه‌ و ژماره‌ى دانیشتوانه‌كانیان (12,000) كه‌سه‌، كه‌ هێنده‌ى كۆمه‌ڵگا و گۆندێكى هه‌رێمه‌كه‌مان نابێ، كه‌چى ئه‌و دوو وڵاته‌ په‌رله‌مانێكى (12) كه‌سیان هه‌یه‌ و له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا ده‌نگێكیان هه‌یه‌ وه‌ك ده‌نگى ئه‌مریكا و ...هتد. ئه‌م وڵاتانه‌ تا نێوه‌ى ده‌ووهه‌مى سه‌ده‌ى رابردوو سه‌ربخۆ نه‌بوون به‌ڵام له‌ ساڵانى هه‌شتایه‌كان به‌ زیره‌كى خۆیان خۆیان وه‌ك به‌شێك له‌ وڵاتانى خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌شى به‌ریتانیا ( كۆمۆنوێلس commonwealth) ناساند و بوون به‌ خاوه‌ن سه‌ربخۆیى خۆیان و ئه‌ندامێتى (UN). ئه‌و سه‌ربۆرده‌یه‌ و چیڕۆكى به‌ئه‌ندامبوون له‌و گرووپه‌ و وه‌رگرتنى سه‌ربه‌خۆیى چه‌ندین وڵات و نه‌ته‌وه‌ى گه‌وره‌ دیكه‌ى وه‌ك هندستان، پاكستان، به‌نگلادێش، نیجێریا و ...هتد، و بچووكترى وه‌ك تۆالۆ، واناتۆا، و ...هتدیش له‌خۆده‌گرێت. ژماره‌یان نزیكه‌ى (49) وڵاتن. ئه‌و وڵاتانه‌ خۆیان دایه‌ پاڵ به‌ریتانیا و ئێستا وڵاتى سه‌ربه‌خۆن.
ئایا كاتى ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، ئێمه‌ى كوردیش، تۆزقالێك پراگماتیانه‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌ و له‌ رێگه‌ى خۆ خستنه‌ پاڵ وڵاتێكى زلهێز ببین به‌ وڵاتێكى سه‌ربه‌خۆ، به‌تایبه‌ت كه‌ رفراندۆمه‌كه‌ى ساڵى ( 2017 )، جیهان، دۆست و دوژمنى، تێگه‌یاند كه‌ كورد چى ده‌وێ؟
*پرۆفیسۆرى ه. /پسپۆرى سایكۆلۆژیاى په‌روه‌رده‌یى/زانینگه‌ى زاخۆ

Top