مرۆڤی مەزن لە دوای ئاوابوونی لەدایك دەبێت (سبەی) مێژووەكەی دەست پێ دەكات
«ئەی ئەستێرەی مەزن، ئەی چاوی قووڵی بەختیاری، تۆ چ بەختەوەرییەكت دەبوو، ئەگەر ئێمە نەبووینایە و بۆمان بدرەوشێیتەوە؟ مرۆڤ وەك دارێكی گەورە وایە، چەند بیەوێت بەرەو بەرزایی و ڕووناكیی زیاتر هەڵبكشێ، ڕەگەكانی بەهێزتر بۆ ناو قووڵایی زەویی دەكشێن و ڕۆدەچن. دەمەوێت مانای «بوون» فێری مرۆڤەكان بكەم، مرۆڤی باڵا وەك برووسكەیەكە لەناو هەوری ڕەش. ئەوەی لە مرۆڤدا مەزنە، ئەوەیە كە ئەو پردە نەك ئامانج، ئەوەی دەكرێ لە مرۆڤدا خۆشت بوێت، ئەوەیە كە قۆناخێك و ئاوابوونێكە. خۆشم دەوێن ئەوانەی بۆ خۆبەختكردن لە هۆ ناگەڕێن، بەڵكو خۆ بۆ خاك بەخت دەكەن، هەتا ئەو خاكە ڕۆژێك هی مرۆڤی باڵا بێت. ئەو كەسەم خۆش دەوێت كە خۆی ئامادەیە گیانی خۆی بەخت بكات، ئەو سوپاسی كەسی ناوێت و سوپاسی كەسیش ناكات، چونكە ئەو هەر دەبەخشێت و خۆی لەبەرچاو نییە. خۆشم دەوێ ئەوانەی داهاتوو بە هەق دەزانن و ڕابردوو ڕزگار دەكەن و مەبەستیەتی گیانی لە پێناو ئێستا بەخت بكات».
فردریك نیچە
«وەهای گوت زەردەشت»
فردریك نیچە لە كتێبی «دژی مەسیح» لە زاری خۆیەوە پێمان دەڵێت: «ئەم كتێبەم بۆ خەڵكانێكی زۆر كەم نووسیوە، لەوانەیە كەسێكیش لەو خەڵكە كەمە هێشتا لە دایك نەبووبن، بۆیە چۆن دەتوانم خۆم لەگەڵ ئەو خەڵكە تێكەڵاو بكەم و بە نیاز بم هەر لە ئێستاوە گوێم بۆ بگرن، تەنیا سبەی سەردەمی منە و خەڵكانێك هەن هەتا ئاوا نەبن، لە دایك نابن».
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەم پەیڤەی فەیلەسووفێكی گەورەی وەك نیچە، غروورە یان تووڕەیی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە عەلی مسباح وەرگێڕی كتێبی «دژی مەسیح» دەمانداتەوە و پێمان دەڵێت: «نیچە زۆر تووڕەیە و ڕەخنە لە سەردەمەكەی خۆی و نەتەوەكەی خۆی كە (ئەڵمانە) دەگرێت، تووڕەیە لەبەر ئەوەی یەكگرتوو نین و پەرت و بڵاو بوون و، ئەم پەرت و بڵاوییەش لەناو خاكەكەی خۆیان نامۆی كردوون و، نەیانتوانیوە وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە قەوارەیەك بۆ خۆیان دروست بكەن.
كەواتە نیچە دەیەوێت بە نەتەوەكەی خۆی بڵێت: «بێدەنگبوون لەسەر ئەم پەرت و بڵاوییە گێژەڵووكە بە دوایدا دێت، باشترین هزر كە دەتوانێت ڕابەرایەتیی جیهان بكات، ئەو هزرەیە كە لەسەر باڵەكانی كۆترێكەوە بۆمان دێت، ئەو كەسەشی دەبێتە خاوەنی ئەو هزرە «مرۆڤی باڵا»یە لە زاری زەردەشتەوە پێمان دەڵێت: ئاشتیتان وەك چەكی شەڕە تازەكانتان خۆش بوێت، تەنانەت ئاشتیی كورت پتر لە درێژ».
لەم چەند دێڕەوە ئەگەر سیفەت و تایبەتمەندیەكانی «مرۆڤی باڵا» هەڵهێنجێنین، ئەوا نیچە پێمان دەڵێت: مرۆڤی باڵا ئەو كەسەیە كە:
1. دەبێت بوێر و چاونەترس بێت و بە چەكوش نەریتە كۆنەكان بشكێنێت، داهێنەر و دروستكەری ئاشتی بێت.
2. دژی پەرتەوازەیی و پەرت و بڵاویی نەتەوەی خۆی بێت و لە پێناوی خاكەكەیدا بەبێ ئەوەی بۆ هیچ هۆیەك بگەڕێت، گیانی خۆی بەخت بكات.
3. لە ناو هزری خۆیدا مانای « بوون»ی نەتەوەكەی پێناسە بكاتەوە.
لێرەوە ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین: ئەگەر دوای تێپەڕبوونی 130 ساڵ جارێكی دیكە لە هزری نیچەوە «ئێستا» لە پەیڤەكانی زەردەشت گوێبیست بین، ئایا لە هزری مستەفا بارزانییەوە جارێكی دیكە پەیڤەكانی «ئیدریس بارزانی» گوێمان نازرنگێنێتەوە؟
ئیدریس بارزانی
بیری نەتەوەیی.. تەبایی.. یەكڕیزی
دكتۆر عەبدوڵڵا ئاگرین كە یەكێكە لە دۆستە نزیكەكانی شەهید فەتاح ئاغای فەرماندەی هێزی خەبات لە شۆڕشی ئەیلوول و لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوو بەردەوام سەردانی كردووە و، بەردەوام بڵاوكراوەكانی كاژیكی بۆ دەبرد بۆ شاخ، لە دیدارێكدا لەسەر هزر و خەباتی شەهید فەتاح ئاغا پێی گوتم: «شەهید فەتاح ئاغا چرایەك بوو لە ناو بیری نەتەوەیی كوردییدا، لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی ڕابردووەوە زۆر هاتوچۆی شەهید فەتاحم دەكرد و، هەموو جارێك دەچووم لە گوندی (زێ) لە سیوەیل دەمبینی و بڵاوكراوەكانی كاژیكیشم بۆ دەبرد، هەروەها هەواڵی برادەرانی سەركردایەتیی كاژیكیشم پێ ڕادەگەیاند و حەزمان دەكرد ئەم سەركردە مەزنە هەموو كات چرایەكی درەوشاوەی ناو كاژیك بێت، بەڵام ئەو ڕەخنەی لە سەركردایەتیی كاژیك هەبوو، كە نەیانتوانووە وەك پێویست زەمینەیەك بۆ گەشەی بیری نەتەوەیی فەراهەم بكەن، بۆیە زۆر ڕاشكاوانە پێی گوتم: ئەمەت پێ دەڵێم تۆ بەوان بڵێ، من بێجگە لە فەرمانی مستەفا بارزانی پابەندی فەرمانی هیچ كەسێكی دیكە نابم و من بیری نەتەوەیی لە مستەفا بارزانیدا دەبینمەوە».
ئاماژە و هەڵوەستەكردنم لەسەر ئەم بەسەرهاتەی شەهید فەتاح ئاغا بۆ ئەوە بوو كە بڵێم ئیدریس بارزانی پەروەردەی ئەو هزرەی مەلا مستەفا بووە كە شەهید فەتاح ئاغا لەبەر ڕۆشنایی ئەو هزرە بیری نەتەوەیی بەرجەستە كردووەتەوە، لەمەش زیاتر هێز و لایەنە نەتەوەییەكانی كوردستانیش هەر بەو شێوەیە ئیدریس بارزانییان ناسیوە و مامەڵەیان لەگەڵ كردووە.
لە دوای ساڵی 1975 و نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، وەك سەرۆك مسعود بارزانی لە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بەرگی چوارەم بەشی یەكەم پێمان دەڵێت: «لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە نالەبار و مەترسیدارە، نائومێدی باڵی بەسەر زۆر لادا كێشابوو، بە باشی دەمزانی ئەگەر ئەم نائومێدییە بەردەوام بێت، ئیتر كۆتایی بە هەموو خەباتی بنەماڵەكەمان و پارتی دێت. زۆر بیرمان لەوە كردەوە، ئاخۆ بۆ ڕەواندنەوەی بێهیوایی دەبێت چ بكەین و چ ڕێگەیەك بگرینە بەر. بە ڕوونی بۆم دەركەوت كە یەكەم هەنگاو و بڕیار، ئەوەیە لەگەڵ كادیران و هەڤاڵان و خەڵكی دڵسۆز هەوڵ بدەین تەمی نائومێدی بڕەوێنینەوە، بۆیە لەگەڵ ئیدریسی برام بۆ ئەم مەبەستە كەوتینە ڕاوێژ و مشورخواردن، ئیتر هەردووكمان چووینە خزمەتی جەنابی بارزانی و بیر و تێڕوانیەكانمان بۆ شی كردەوە. بە موبارەكەی جەنابیان مۆڵەتی دەستپێكردنەوەی خەبات و سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی دەزگا و پێكهاتە حزبی و سەربازییەكانمان وەرگرت. من و كاك ئیدریس لەسەر ئەوە ڕێككەوتین كە ئەو خۆی بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیی كاروباری پەنابەر و ئاوارەكان كە نزیكەی سەد و هەشتا هەزار كەس بوون، تەرخان بكات، منیش ئەركی سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی ڕیزەكانی پارتایەتی بگرمە ئەستۆ و لە قۆناغی دووەمدا دەست بە شۆڕش و خەبات بكەینەوە».
هاوكات هەر دوای ساڵی 1975 و نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول جارێكی دیكە هەڵگرانی بیری نەتەوەیی خۆیان ڕێكخستەوە و لە بری كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد «كاژیك» پارتی سۆسیالیسی كورد « پاسۆك» یان دامەزراند. ئەم پارتە نەتەوەییە پێش ئەوەی یەكەمین كۆنگرەی خۆی گرێ بدات، وەك خوالیخۆشبوو فەرهاد عەبدولحەمید و ملازم شوان (كە ئەوكات ئەندامانی سەركردایەتی پاسۆك بوون) هەردووكیان لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانیان لە بەرنامەی «رووداو و مێژوو تەلەفزیۆنی NRT» سەبارەت بە ئیدریس بارزانی دەڵێن: «وەك سەركردایەتیی پاسۆك سەردانی كاك ئیدریس بارزانیمان كرد، لەو سەردانەدا دوو داواكاریمان هەبوو، یەكەمیان پێشنیارێكی پاسۆك بوو كە پاكتێكی نیشتمانی لە نێوان هەموو هێزە سیاسییەكانی ئەوكاتی كوردستان دروست بكرێت، بۆ ئەوەی هەموو هێزەكانی یەكگرتوو بن و پەرتەوازەیی دروست نەبێت، دووەمیان: داوامان لێ كرد ببێتە براگەورەمان لە ناو پاسۆك و ئەو ڕێبەرایەتیی پاسۆك بكات. سەبارەت بە یەكەمیان، كاك ئیدریس بارزانی پێی گوتین: من كاغەزی سپیتان بۆ ئیمزا دەكەم، سەبارەت بە دووەمیشیان كاك ئیدریس بارزانی پێی گوتین: بۆ من ئەوە شەڕەفێكی گەورەیە، بەڵام وەسیەتی جەنابی مستەفا بارزانی بۆ من و مسعود (سەرۆك بارزانی) ئەوە بووە كە هەرگیز لە یەكتری جیا نەبینەوە، بۆیە داوای لێبوردنتان لێ دەكەم».
لێرەوە ئەگەر سەرنج لەو دوو داواكارییە بدەین كە لە ئیدریس بارزانی كراوە، ئەوا ڕاشكاوانە گەوهەری ڕاستەقینەی هزر و كەسایەتی ئیدریس بارزانی دەردەكەوێت كە چەند جێگەی متمانەی نەتەوەكەی خۆی بووە بۆ «تەبایی و یەكڕیزی و ئاشتەوایی كە ئەمانە هەمووی بە ژینگەی تەندروست بۆ گەشەكردنی بیری نەتەوەی پێناسە كردووە»، سەبارەت بە وەفا و ڕاستگۆییشی بەرانبەر وەسێتەكەی جەنابی مستەفا بارزانی، سەرۆك بارزانی بەمجۆرە ئەو وەفا و ڕاستگۆییەمان لەو پەیڤەدا بۆ دەخاتە ڕوو، كە لە 1ی شوباتی ساڵی 1987 لە یاداشتی ڕۆژانەی خۆی تۆماری كردووە: «زۆر بەداخەوە برا گیان، خۆزگە من لە شوێنی تۆ بام، زۆر ڕازیم بە قەزا و قەدەری خوای گەورە، بەڵام ئەی بەڵێنمان نەدابوو یەكتری جێ نەهێڵین؟ دڵنیام بە دەستی خۆت نەبووە، ئەگینا جێت نەدەهێشتم. سەرلەنوێ زامەكانمان كولانەوە، (ئەدی بەڵێنمان نەدابوو؟) جارێكی تر لە خەم و ئازارەكانمان دەپەڕینەوە.»
كۆستی ئاوابوونی ئیدریس بارزانی دووهێندە باری سەرشانی سەرۆك مسعود بارزانی قورستر كرد، بەڵام ئەو پڕۆژانەی پێشتر لەگەڵ ئیدریس بارزانی پێكەوە كاریان لەسەر كردبوو بۆ یەكڕیزی و تەبایی و ئاشتەوایی سەرۆك بارزانی گەیاندییە ئەوەی «بەرەی كوردستانی» دابمەزرێت، ئەو بەرەی كوردستانییەی سەركردایەتیی ڕاپەڕینی جەماوەری كوردستانی لە بەهاری 1991 كرد، هەروەها لە ساڵی 1992 سەرپەرشتیی یەكەم هەڵبژاردنی ئازادانەی لە كوردستان كرد و، پاشان پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لێ بەرهەم هات. سەرۆك بارزانی دوای نەمانی بەرەی كوردستانییش، پارتی كردە ئەو ڕەشماڵە گەورەیەی بیری نەتەوەیی و كۆنگرەی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە كۆنگرەیەكی نیشتمانی و لەگەڵ چەند پارتی دیكە (سۆشیالیست، پاسۆك، گەل) یەكگرتنیان ڕاگەیاند، هەر ئەم ئیرادە یەكگرتووەش بڕیاری دا كە جارێكی دیكە و لە 6ی 11ی 1993 ڕوفاتی «مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی» لە ئێرانەوە بگەڕێننەوە بۆ بارزان، كەرنەڤاڵی پێشوازی تەواوی خەڵكی كوردستانیش لە ڕوفاتیان، ڕاشكاوانە ئەو ڕاستیەیەی پێی گوتین: مرۆڤە گەورەكان لە دوای ئاوابوونیان لە دایك دەبن و سبەی سەردەمی «هزری مستەفا بارزانی» دەست پێ دەكات، بێگومان هەتا ئێستا هەبێت، «سبەی» هەر بەدەوام دەبێت، ئەو «سبە»یە لە هزری مستەفا بارزانیدا دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە و بێگومان لەو سبەیەدا جارێكی دیكە مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی لەدایك دەبنەوە و ئەو هزرە لەو دەوڵەتە تەرجەمە دەبێت، كە ئەوانی لە پێناودا ئاوا بوو و ئێستا سەرۆك مسعود بارزانی ڕێبەرایەتی دەكات.