*غەفوور مەخموورى : باشترین وەڵام بۆ بەغدا کشانەوەى کوردە لە پرۆسەى سیاسى عێراق*

*غەفوور مەخموورى : باشترین وەڵام بۆ بەغدا کشانەوەى کوردە لە پرۆسەى سیاسى عێراق*

 

 

 غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK ، سەبارەت بە بڕیارى دادگاى باڵاى فیدرالى عێراق لە پەیامێکیدا، داواى کشانەوەى کورد لە بەغدا دەکات و چەند خاڵێکیشى وەک چارەسەرى خستۆتەڕوو.

 غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، سەبارەت بڕیارى دادگاى باڵاى فیدرالى عێراق بۆ ڕێگریکردن لە ناردنى ئەو بڕە پارەیەى كە بڕیار بوو لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت ، لە پەیامێکدا بۆ راى گشتى هەڵوێستى خۆى خستۆتەڕوو و، داواى کشانەوەى کورد لە پرۆسەى سیاسیى عێراق دەکات و چەند خاڵێکیشى وەک چارەسەرى خستۆتەڕوو، لە هەمان کاتدا بانگ لە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەکات کەوا کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

 

 بۆ ڕاى گشتى

 

 - گەلى خۆڕاگرى کوردستان ...

 - هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ...

 ئەزموونى زیاتر لە سەد ساڵەمان لەگەڵ عەرەبى عێراقدا ؛ ئەزموونێکى تاڵە، لەماوەى سەد ساڵى رابردوودا تەواوى دەسەڵاتەکانى عێراق دژى کورد بوون و هەوڵى لەناوبردنى کوردستانیانداوە بەخاک و خەڵکەوە، دەسەڵات و شەقامى عەرەبى عێراق هاوڕاو هاوکاربوون لەو دژایەتییەدا (جگە لە چەند کەساتییەک نەبێ)، تەواوى دەسەڵاتدارانى عێراق لە بەرامبەر کورددا یەک لە یەکتر خراپتر بوون، دەسەڵاتى ئێستاش لە هەموویان خراپترو زالمتر.

 بڕیارى ڕۆژى ( 25 / 1 / 2023 )ى بڕیارى دادگاى باڵاى فیدرالى عێراق بۆ ڕێگریکردن لە ناردنى ئەو بڕە پارەیەى كە بڕیار بوو لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت، پێشێلکارییەکى زەقى مافى هاوڵاتیانى کوردستانەو، ئەوە دەسەلمێنێت کەوا دەسەڵاتدارانى عێراق وەک هەمیشە دژە کوردن و یەک لە یەک زالمترن بۆ گەلى کوردستان، لە مێژووى بەشەرییەتدا لە دەسەڵاتدارانى عێراق زاڵمتر و بێنمەکتر نەبووە، من خۆم نە لە رابردوو و نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا باوەڕم بە عەرەبى عێراق نەبووە و نییە، ئەو بڕیارەو بڕیارەکانى پیشووترى دادگاى باڵاى فیدرالى عێراق و هەڵوێستى شۆڤێنییانەى زۆربەى دەسەڵاتدارانى عێراق ئەو بۆچوونەم دەسەلمێنن، ئەو بڕیارە پەیامێکە بۆ کوردستان کەوا عێراق ئێوەى ناوێت، ئەمەش وەک دەرکردنێک وایە، بۆیە ناکرێ بە چاو قایمى و بێڕێزییەوە لە بەغدا بمێنینەوە، مانەوەى کورد لە بەغدا بە لاوازو بێ نرخ سەیر دەکرێت، بۆیە پێویستە بە زووترین کات بڕیارى کشانەوە لە بەغدا بدەین.

 لە رەوشێکى وادا ؛ پێویستە سەرکردایەتى سیاسیى کوردستان بڕیارى یەکلاییکەرەوەى خۆى بدات و لە بەغداى عەرەبى بکشێتەوە و بگەڕێتەوە کوردستان و ئەو هەموو تەنازولاتانەى بۆ عەرەبى شۆڤێنى عێراقى دەکەن با نیوەى ئەوە بۆ گەلى کوردستان بکەن، با بە هەموو لایەکمان هەوڵبدەین ناوەندى پەرش و بڵاوى سیاسیى کوردستان رێکبخەینەوەو چەترێکى هاوبەش بۆ کۆکردنەوەى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان پێکبهێنین و هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەژێر ئەو چەترەدا کۆببینەوەو هیچ لایەک پەراوێز نەخرێت و، لەوێوەوە کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین و بەیەکگرتووى بڕیار لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان بدەین، لەبەرئەوەى هێزى ئێمە لە یەکڕیزى و یەکدەنگیماندایە، هەر کاتێ یەکڕیزو یەکدەنگ بووبین بەهێزبووین ؛ هەر کاتێکیش پەرش و بڵاوبووبین بێهێز بووین وەک ئێستا، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین و جلى تەنگى حزبایەتى باڤێژین جلى کوردایەتى لەخۆ کەین، پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەخۆماندابچینەوەو سوود لە هەڵەکانى رابردوومان وربگرین و کاربکەین بۆ :

1- رێکختستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و پێکهێنانى چەترێکى هاوبەش، کە تەواوى لایەنە سیاسییەکان بگرێتەخۆ.

2- داهاتى کوردستان رێکبخرێتەوەو، بۆ ئەم مەبەستە خەزێنەیەکى نەتەوەییمان هەبێت بەناوى (سندوقى داهاتى کوردستان) و، بەپێى ئەم داهاتە مانگانە مووچەو شایستە داراییەکانى فەرمانبەران و پێویستییەکانى کوردستان خەرج بکرێت.

3- لێژنەیەکى باڵاى دیبلۆماسى لە هێزە سیاسییەکانى کوردستان پێکبهێنرێت بۆئەوەى پەیوەندى بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بکات و زولمەکانى عێراق بەرامبەر گەلى کوردستان بگەیەنێتە هەموو لایەک، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ پەرلەمان و حکومەتى کوردستان.

4- پێکهێنانى بۆردێک بەناوى (بۆردى سەربەخۆیى کوردستان)، بۆئەوەى ئەنجامى ریفراندۆم بجوولێنێت و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا کارى بۆ بکات.

5- تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى پارچەکانى دیکەى کوردستان هاوکارو پشتیوانى باشوورى کوردستان بن و رێز لە یاسا و رێنماییەکانى بگرن.

وەک دەرکەوت دەسەڵاتدارانى عەرەبى عێراق بە سوننە و شیعەوە هەموو لە دژى کورد یەکدەگرن و یەکدەنگن ئەى باشە ئێمەى کورد بۆ یەکنەگرین بۆ بەگژداچوونەوەى ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەى عەرەبى عێراق ؟

با هەموو لایەکمان بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و هاوهەڵوێستى کاربکەین، بۆ ئەمەش بێگومان ئەمڕۆ باشترە لە سبەى .

- سەرکەوێ ئیرادەى هەقخوازانەى گەلى کوردستان.

- نەمرى و سەربەرزى بۆ تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.

- بێتەدى ئازادى و سەربەخۆیى کوردستان.

 

غەفوور مەخموورى

سکرتێرى گشتیى

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

26 / 1 / 2023

Top