سه‌لامه‌تى هاتوچۆی قوتابیان له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌

سه‌لامه‌تى هاتوچۆی قوتابیان له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌

نوسه‌ر و ڕۆماننوسى به‌رازیلی (پاولۆكویلۆ)ده‌لێ" هه‌ندێك له‌ كه‌سه‌كان هێنده‌ بێ توانان له‌ بڕیاردان، هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌رپرسیاریه‌تى كاره‌ساته‌كانى جیهان بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانى تر".
شكی تێدانییه‌ گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى قوتابی له‌ ماڵ بۆ قوتابخانه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى بۆ ماڵه‌وه‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى گرنگی ناو پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌یه‌ و، زۆر جار له‌ زۆر شوێن كێشه‌و گرفتى لێ دروست بووه‌ و وه‌كو پێویست نه‌توانراوه‌ ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكرێ. به‌ دڵنیایی پاراستن و ڕێك و پێكى گواستنه‌وه‌ى قوتابیان به‌شێكه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، گه‌ر هاتوو هه‌ر گرفت و كۆسپێك له‌ گواستنه‌وه‌ى قوتابیان هه‌بێت ئه‌وا كاریگه‌رى خراپ و ئه‌رێنى دروست ده‌كات له‌ سه‌ر چۆنیه‌تى به‌رێوه‌چوونى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن.
وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ڕێنمایی تایبه‌تى ده‌ركردوه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێكخستنى هاتوچۆى قوتابیان و له‌ په‌روه‌رده‌ى قه‌زاكان و قوتابخانه‌كان لیژنه‌ى به‌دواداچوونى هاتوچۆى قوتابیان پێك ده‌هێنرێت كه‌ ئه‌ركیان جێ به‌ جێ كردنى ڕێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و ڕێك و پێكی هاتوچۆى قوتابیانه‌ بێ گرفت له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌رده‌ى قه‌زاكان و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتی په‌روه‌رده‌ى پارێزگاكان هه‌میشه‌ به‌دواداچوونى وورد و به‌رده‌وام هه‌بێت له‌ سه‌ر چۆنیه‌تى هاتوچۆكردنى قوتابیان له‌ قوتابخانه‌كان و تا چه‌ند قوتابخانه‌ و شوفێره‌كان و كۆمپانیای گواستنه‌وه‌ پابه‌ندن و رێنماییه‌كان وه‌كو خۆى جێ به‌جێ ده‌كرێ، چونكه‌ پرسى گواستنه‌وه‌ى قوتابیان پرسێكى گرنگ و جێگاى بایه‌خی به‌رده‌وامه‌ له‌ ناو پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن.
له‌و وتاره‌دا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌وا لیژنه‌كانى به‌دواداچوون له‌ په‌روه‌رده‌ به‌رده‌وام پشكنین و به‌دواداچوون بۆ پاسه‌كان بكه‌ن، تا چه‌ند گونجاون و به‌پێى ڕێنماییه‌كان كارده‌كه‌ن له‌ ڕووى پابه‌ندی شوفێره‌كان كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پاسه‌كان نابێ په‌رده‌ دابنرێ و ده‌نگی ڕادیۆ به‌رز بێت و پۆسته‌ر و ڕیكلام بۆ شوێنى تر بكات و نرخه‌كان گونجاو بن و قوتابی زیاتر هه‌ڵنه‌گرن.
پێویسته‌ پاسه‌كان مه‌رجی هاتوچۆى تێدا بێ و شوفێره‌كان مۆڵه‌تیان هه‌بێ و ناسراوبن و ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووى (20)ساڵیه‌وه‌ زیاتر بێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ سه‌رجه‌م شوفێره‌كان له‌ هاوین به‌شدارى بكه‌ن له‌ خولى تایبه‌ت به‌ شوفێری كردن و بڕوانامه‌ى ئه‌و جۆره‌ خولانه‌ مه‌رجی به‌شدارى كردن بێت له‌ هاتو چۆی قوتابیان كه‌له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی به‌رێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆ ئه‌نجام بدرێ، جگه‌ له‌وه‌ش سه‌لامه‌تى و پارێزگاری و ئاسوده‌یی قوتابیان له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێك دایه‌ و خێزانه‌كان ده‌بێ دڵنیابن كه‌ گه‌یاندنى منداڵه‌كانیان به‌ سه‌لامه‌تى بۆ قوتابخانه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌یان و له‌ سه‌رخۆ و هاژووتن و جێ به‌جێ كردنى دیسپلینی شوفێری نموونه‌یی، گرنگه‌ له‌لایه‌ن دایك و باوكانه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بكرێ تا دڵنیا و ئاسوده‌بن له‌ سه‌لامه‌تى گه‌یاندنى منداڵه‌كانیان.
گه‌رنموونه‌ى وولاتى میرنشینه‌كانى عه‌ره‌بی وه‌ربگرین چۆن پرسى هاتوچۆى قوتابیانیان رێك خستووه‌، ئه‌وان سیسته‌می چاودێری زیره‌ك بۆ قوتابیان له‌ پاسه‌كان به‌كارده‌هێنن بۆ قوتابخانه‌ تایبه‌ته‌كان، كه‌ لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و ده‌زگاى گواستنه‌وه‌ى ئیماراتى راگه‌یاندوه‌ كه‌ سیسته‌می زیره‌ك ده‌به‌ستن له‌ پێناو سه‌لامه‌تى قوتابیان بۆ(2370)پاس بۆ خزمه‌تى (110)هه‌زار قوتابی كه‌ پێك دێت له‌ (3)سێ ئامێری زیره‌ك جێگیر له‌ پاسه‌كان له‌گه‌ڵ (7)حه‌وت كامیرای چاودێری له‌ ناوه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ى پاسه‌كان و به‌ده‌زگاى سه‌ره‌كى كارى له‌ سه‌ر ده‌كرێ كه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ هه‌موو هه‌له‌یه‌كی مرۆڤ تۆمارده‌كات، ناهێلی قوتابی له‌ بیر بكرێ ، وه‌ ده‌بێ هه‌موو پاسه‌كان(GPS)ببه‌ستن كه‌ ده‌توانرێ به‌ ئاسانی شوێنه‌كانیان ده‌ست نیشان بكرێ و ناوه‌ ناوه‌ هه‌ڵمه‌تى پشكنین بۆ پاسه‌كان ئه‌نجام ده‌درێ بۆ زانینی پابه‌ندی شوفێره‌كان به‌ مه‌رجه‌كانى سه‌لامه‌تى قوتابیان، لێپرسینه‌وه‌ى پێویست ده‌كرێ به‌رامبه‌ر به‌كه‌مته‌رخه‌م و سه‌رپێچى كاران، له‌و سیسته‌مه‌ په‌روه‌رده‌ و قوتابخانه‌ و ماڵ ده‌توانن چاودێری گواستنه‌وه‌ى قوتابیه‌كان بكه‌ن.
هه‌روه‌ها له‌ سعودیه‌ له‌ رێگاى سیسته‌می نور ناونوسین ده‌كرێ بۆ هاتوچۆی قوتابیان له‌ رێگه‌ى پێگه‌ى ئه‌لیكترۆنی ناو قوتابی و شوێنى و ماڵ و قوتابخانه‌ و پۆل و ته‌مه‌ن ئه‌و زانیارییانه‌ ده‌نێرێ، كه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ بۆ زیاتر له‌ (25)هه‌زار پاس و زیاتر له‌ (28)هه‌زار فه‌رمانبه‌ر و شوفێر و سه‌رپه‌رشتیار رێكخراوه‌ و توندترین شێوه‌یان هه‌یه‌ بۆ سه‌لامه‌تى و پارێزراوی گه‌یاندنى قوتابیان له‌ ماڵ بۆ قوتابخانه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌یان.
ده‌كرێ له‌ داهاتوودا سوود له‌و جۆره‌ نموونانه‌ى گواستنه‌وه‌ى قوتابیان وه‌ربگرین تا سه‌لامه‌تى گه‌یاندنیان پارێزراو بێت، ده‌كرێ قوتابخانه‌كان چاودێرێك له‌ پاسه‌كان دابنێن له‌ پێناو سه‌لامه‌تى زیاتری قوتابیان و دڵنیایی و ئاسوده‌یی كه‌س و كاریان.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top