ئایندەی وەرزش لە بەردەم هەڕەشەی گۆڕانكاریی كەشوهەوادا

ئایندەی وەرزش لە بەردەم هەڕەشەی گۆڕانكاریی كەشوهەوادا

 

 

بەپێی تازەترین ڕاپۆرتی تایبەت بە دەرهاویشتە گازییە زیانبەخشەكان، كە لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی(فیفا)وە ئامادە كراوە، گەشتكردنی سەدان هەزار هاندەران و مانەوەیان بۆ ماوەیەكی زۆر لەو شوێنەی پاڵەوانییەتییەكی وەرزشی تێدا ئەنجام دەدرێت، گەورەترین سەرچاوەی دەرهاویشتە زیانبەخشە گازییەكان بوون لە پاڵەوانێتیی جامی جیهانیی تۆپی پێ لە قەتەردا، بەهۆی هاتنی نزیكەی زیاتر لە یەك ملیۆن هاندەر لە سەرتاسەری جیهانەوە، لەبەر ئەمەش یەكێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ(فیفا) و وڵاتی قەتەر بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم پیسكردنەی هەوا، بیریان لە چاندنی زیاتری دار و درەخت كردووە.

یەكێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) پێشبینیی ئەوەی كردووە كە چالاكییەكانی پەیوەست بە جامی جیهانی لە ساڵی 2022دا ببێتە هۆی دەردانی 3.6 ملیۆن تۆن لە گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن، واتە نزیكەی بڕی ئەو گازە زیانبەخشانەی كە لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای بەرهەمهاتوو بۆ نزیكەی 460 هەزار ماڵ لە ساڵێكدا هەیە.

هەر بەپێی هەمان ڕاپۆرت پڕۆسەی بنیادنانی یاریگەكان ڕۆڵی هەبووە لە دەردانی نزیكەی 18%ی دەرهاویشتە كاربۆنییەكان لە پاڵەوانییەتەكەدا، هەروەها لە كۆی ئەو حەوت یاریگەش كە لەلایەن قەتەرەوە بۆ پاڵەوانییەتەكە بنیاد نراون، ڕێكخەرانی جامی جیهانی نەخشەیان بۆ تەواو هەڵوەشاندنەوەی تەنیا یەك یاریگە داناوە، هەروەها بیریان لە كەمكردنەوەی فراوانیی دوای یاریگاكانی دیكەش كردوووەتەوە بۆ نیوەی ئەو ژمارەیەی ئێستای لە هاندەران.

لە بەرانبەریشدا گرووپی (كاربۆن ماركێت وۆچ) كۆی كاربۆنی دەرچوو لە شەش یاریگە هەمیشەییەكە بە هەشت ئەوەندەی ئەو بڕە كاربۆنە دیاری دەكەن، كە ڕێكخەرانی پاڵەوانییەتەكە مەزەندەیان كردبوو، چونكە ئەو هەشت یاریگەیەی یارییەكانی تێدا ئەنجام دران، تەنیا 50 كیلۆمەتر لە ناوەندی دۆحەی پایتەختەوە دوور بوون، ئەمەش وای كرد كە چڕبوونەوەیەكی زۆری هاندەران و دانیشتووان لەسەر ڕووبەرێكی بچووك كۆ بكاتەوە، بۆیە هەر ئەم یاریگەیانە لە داهاتووشدا گرفتی ژینگەیی بۆ دانیشتووانی وڵاتەكە دروست دەكەن، كە ژمارەیان نزیكەی 2.4 ملیۆن كەسە، چونكە بە ئەزموونی ئەو وڵاتانەی كە پێشتریش میوانداریی جامی جیهانییان كردووە، مانەوەی ئەو یاریگایانە گرفتێكی بۆ دروست كردوون بە ناوی گرفتی (فیلی سپی) وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو پڕۆژە گەورانەی سوودەكەیان كاتییە و، دوای بۆنەكانیش ناتوانرێت لاببرێن، بەردەوامیش خزمەتكردنی دارایی زۆریان دەوێت و ڕووبەرێكی زۆر دەگرن و بەرهەمیشیان كەمە.

فیفا لە بیری ئەوەدایە دوای مۆندیال ڕاپۆرتێكی نوێ ئامادە بكات بە مەبەستی گونجاندنی تۆپی پێ لەگەڵ كاریگەریی كەشوهەوا و پاراستنی پاڵەوانیەتییە گەورەكان لە كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوا. چونكە لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر چالاكیی گەورەی وەرزشیی ڕووبەڕووی كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوا بوونەتەوە، هەر وەك ئەو توێژنەوەیەی كە لەسەر 460 یانەی وەرزشی لە ساڵی 2013 لە بەریتانیا كرا، دەركەوت كە بە هۆی بارانی زیاد لە ڕاددە لە كاتێكی كەمدا، ساڵانە نزیكەی 3 تا 13 یاریگە لەكار كەوتوون، لە ژاپۆنیش بەهۆی توندیی زریان و لە ئوسترالیاش بە هۆی چڕە دووكەڵی سووتانی دارستانەكانەوە، هەروەها واش چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەریی نەرێنی و خراپی لەسەر زۆرێك لە بۆنە و چالاكییە وەرزشییەكان هەبێت.

لەلایەكی دیكەشەوە زۆرێك لە چالاكییە وەرزشییەكان وەك دەبنە قوربانیی دەستی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، لە هەمان كاتدا خۆشیان دەبنە هۆكاری زیادبوونی دەرهاویشتە گازییە زیانبەخشەكان، بۆ نموونە: تەنیا بە هۆی گەشتكردنی هەر یاریزانێكی تیپەكانی تۆپی پێی خولی ئینگلیزییەوە، ساڵانە نزیكەی 29 تۆن لە دەرهاویشتەی گازیی دووانە ئۆكسیدی كاربۆن هەیە، لە كاتێكدا ستانداردی جیهانی بۆ هەر تاكێك بریتییە لە دوو تۆن، ئەگەر پابەندی هەبێت بە ڕێككەوتننامەی پاریسەوە بۆ گۆڕانی كەشوهەوا. لە داهاتووشدا بە هۆی گەرما و توانەوەی سەهۆڵبەندانەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاكان و لافاو و زریانی بەردەوامەوە، لەوانەیە بۆ ماوەیەكی كاتی زۆرێك لە دامەزراوە وەرزشییەكان بكەونە بەردەم هەڕەشەی لەكاركەوتنەوە، وەك لەكاركەوتنی یاریگەی مۆنپێلییە لە فەرەنسا لە ساڵی 2014 و، لەكاركەوتنی یاریگەی كارلایل لە بەریتانیا لە ساڵی 2015.

هەر بە هۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەواوە، چیمەنی سرووشتیی هەندێك لە یاریگاكان بەرگە ناگرن و وشك دەبن، بۆیە پەنا دەبرێتە بەر چیمەنی دەستكرد، كە ئەمەش كاتێك یاریی لەسەر دەكرێت، پلەی گەرمیی سەر ڕووی چیمەنەكە نزیكەی 12 تا 22 پلەی سەدی زیاتر دەبێت لە پلەی گەرمیی سەر چیمەنی سرووشتی، ئەم بەرزییەش لە پلەی گەرمییدا یاریزانان زیاتر ماندوو دەكات و، كار دەكاتە سەر تەندروستی و جۆری یاریكردنیان و تەندروستی ڕاهێنەران و دادوەر و هاندەرانیش.

لەلایەكی دیكەشەوە زۆریی ژمارەی هاندەران و خراپیی كوالێتی هەوای یاریگەكان كاریگەرییان هەیە لەسەر ئەنجامی یارییەكان، بۆیە ئەو تیپانەی لە یاریگەیەكی خاوەن كوالێتیی باشی هەواوە دێنە یاریگەیەكی خاوەن كوالێتیی خراپی هەوا، زۆر جار تووشی شكست دەبن.

ئێستا ئەوەی داوا كراوە لە یەكێتی تۆپی پێی جیهانی ئەوەیە كە بەرەو ئەم خاڵانەی لای خوارەوە هەنگاو بنێت:

یەكەم: دیاركردنی كاتی گونجاو لە ڕووی كەشوهەواوە لەو وڵاتەی كە چالاكییە وەرزشییەكەی تێدا ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی پێویست بە ساركردكردنەوەی یاریگە نەكرێت.

دووەم: دووبارە ڕێكخستنەوەی بەرواری پێشبڕكێ نیشتمانی و جیهانییەكان، بە جۆرێك ببێتە هۆی كەمكردنەوەی ژمارەی گەشتی یاریزان و هاندەران.

سێیەم: هاندانی هەمووان بۆ بەكارهێنانی هۆكاری گواستنەوەی گشتی و هاوبەش.

چوارەم: پاراستنی یاریگە و هاندەران لە تیشكی بەتینی ڕۆژ.

پێنجەم: بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا و كەرەستەی ژینگەدۆست لە یاریگەكاندا.

 

Top