لە پاریس کەسێک بە چەقۆوە چەند کەسێک بریندار دەکات

لە پاریس کەسێک بە چەقۆوە چەند کەسێک بریندار دەکات

 

 

سەرچاوە فەرەنسییەکان باس لەوە دەکەن کە کەسێک لە پاریس بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر چەند هاووڵاتییەک.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە وێستگەی شەمەندەفەری گاردی نۆرد لە پاریس، کەسێک بە چەقۆ چەند کەسێکی بریندار کردووە. ئەم وێستگەیە یەکێکە لە قەرەباڵغترین و گرنگترین وێستگەکانی شەمەندەفەر لە ئەوروپا.

جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی  فەرەنسا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، هێرشبەرەکە لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات، ئەم هێرشە کاتژمێر ٦:٤٠ بەیانی ڕوویداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، هێرشبەرەکە لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکراوە و چەند گوللەیەکی بەركەوتووە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

هەروەها کەناڵی BFM ڕایگەیاند: ئەو پۆلیسەی کە چەکی بەکارهێناوە بۆ وەستاندنی پیاوەکە لە دەرەوەی ئەرک بووە. پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، كە لێشاوی سەرنشین و شەمەندەفەر لە ئێستادا لەم وێستگەیەدا ئاساییە.  

لەم راپۆڕتەدا هاتووە، کە ئەم کەسە هێرشی کردووەتە سەر شەش کەس ،هەروەها باس لەوە دەکرێت کە یەكێك لە بریندارەكان باری تەندروستیی ناجێگیرە..

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top