«مێسیی بەغدا» لە ئۆستێندە دەبێت

«مێسیی بەغدا» لە ئۆستێندە دەبێت

فیلمی بڵندی سینەمایی (مێسیی بەغدا) لە نووسین و دەرهێنانی دەرهێنەری كورد (سەهیم عومەر خەلیفە) لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە لە بەلجیكا بەشدارە و كێبڕكێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەكات.
كورتە فیلمی مێسیی بەغدا براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، ئەمساڵ وەك فیلمێكی بڵندی سینەمایی بەرهەم هێنرا و كاری وێنەگرتنی لە هەرێمی كوردستان كراوە، یەكەم نمایشی فیلمە بڵندەكەی، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە دەبێت و لەگەڵ حەوت فیلم كێبڕكێ لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی فیلمە نێودەوڵەتییەكاندا دەكات كە دوو فیلم بەناوی بەلجیكا لەو بەشە بەشدارن، یەكێك لەوانە «مێسیی بەغدا»یە و شەش فیلمی دیكە لە وڵاتانی دیكەوە بەشدارن.
چالاكییەكانی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە لە 27 كانوونی دووەمی ساڵی 2023 لە شای ئۆستێندەی كەنار دەریایی بەلجیكا دەست پێ دەكات و تاوەكو چواری شوبات بەردەوام دەبێت.

«مێسیی بەغدا» لە ئۆستێندە دەبێت

سەهیم عومەر، لە ساڵی 2018 بە فیلمی سینەمایی (زاگرۆس) خەڵاتی ئەكادیمیی بەلجیكی بۆ باشترین دەرهێنەر و سیناریۆ وەرگرت، كە لەلایەن فیلمسازانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت، كە تایبەتە بە فیلمە بەلجیكییەكان و لە چوارچێوەی چالاكییەكانی فیستیڤاڵەكەدا دەبەخشرێت.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە، لە ساڵی 2007 دامەزراوە، ساڵانە لە مانگی ئەیلوول بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەمساڵ لە مانگی كانوونی دووەم دەست پێ دەكات.
لە لایەكی دیكەوە، ئەم بەرهەمە سینەماییە لە مانگی ئازاری ئەمساڵ(2023)لە سینەماكانی بەلجیكا پێشان دەدرێت و وەك ئامادەكارییەك بۆ بڵاوكردنەوەی، پۆستەر و ترەیلەری بڵاو كرایەوە.

«مێسیی بەغدا» لە ئۆستێندە دەبێت

بودجەی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن وڵاتانی بەلجیكا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان دابین كراوە و، تەنیا لە هەرێمی كوردستان 500 هەزار دۆلاری ئەمریكی لە بودجەی فیلمەكە بۆ وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی خەرج كراوە.
لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ساڵی 2021 وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، لۆكەیشنەكانی وێنەگرتنی فیلمەكە لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر بوو.
ستافی تەكنیكیی فیلمەكە لە كوردستان، بەلجیكا و هۆڵەندا بەشدارن و هەریەك لە زەهرا غەندور، ئەسیر عادل، حسێن حەسەن و عادل عەبدولڕەحمان لەم بەرهەمەدا ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕن.
هێندریك ڤێرتە لە ڕێگەی كۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەكشن (A Team Productions) لە بەلجیكا، محەممەد ئەكتاش لە ڕێگەی كۆمپانیای میتۆس فیلم (Mitos Film) لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و هەرێمی كوردستانیش لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن.
كۆمپانیای وایلد بۆنچ (Wild Bunch) كە یەكێك لە بەهێزترین كۆمپانیاكانی بڵاوكردنەوەی فیلمە لە ئەورووپا، ئەركی بڵاوكردنەوەی فیلمەكەی لە ئەستۆ گرتووە.

«مێسیی بەغدا» لە ئۆستێندە دەبێت

كورتەفیلمی (مێسیی بەغدا) لە ساڵی 2012 بەرهەم هات و دەنگدانەوەیەكی جیهانیی هەبوو كە بووە خاوەنی 60 خەڵات لە فێستیڤاڵە جیهانییەكاندا، یەكێك لە 10 كورتەفیلمەكانی لیستی فیلمە كاندیدكراوەكان بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار وەك باشترین كورتەفیلم.
مێسیی بەغدا باس لە منداڵێك دەكات كە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن لیۆنێل مێسییە.
ئەم فیلمە بووە هۆكار كە كارەكتەری سەرەكیی فیلمەكە چاوی بە لیۆنێل مێسی بكەوێت و دەزگایەكی بەریتانی هاوكاریی ماددی بۆ كۆ كردەوە، لە ئێرانیش قاچێكی دەستكردی بۆ دروست كرا.

«مێسیی بەغدا» لە ئۆستێندە دەبێت

لە ساڵی 2017 بەڕێوبەڕایەتیی سینەما لە بەلجیكا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی مێسیی بەغدا بۆ فیلمێكی درێژ تەرخان كرد و، بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەكەی تەرخان كرد، كە ساڵانە تەنیا پاڵپشتی شەش تا هەشت پڕۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەكات.
بڕیار بوو كاری وێنەگرتنی فیلمەكە لە دەستپێكی ساڵی 2020 دەست پێ بكات، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەك تەواوی بەرهەمە سینەماییەكانی دیكە لە جیهاندا كاریگەریی لەسەر وادەی وێنەگرتنی ئەم فیلمەش هەبوو.
ئەم بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی درێژی سینەمایی خەلیفە لە دوای فیلمی درێژی سینەمایی (زاگرۆس) كە 12 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەكاندا بەدەست هێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە وڵاتی بەلجیكا.
سەهیم عومەر خەلیفە دانیشتووی وڵاتی بەلجیكایە، لە ڕێگەی كورتەفیلمەكانی (خاكی پاڵەوانان، مێسیی بەغدا، نێچیرڤانی خراپ) و فیلمی بڵندی سینەمایی (زاگرۆس) زیاتر لە 120 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەكاندا بەدەست هێناوە، دوو لە فیلمەكانی كاندیدی خەڵاتی ئۆسكار بوون، وەك باشترین كورتەفیلم، ئێستا یەكێك لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئەكادیمیای ئۆسكار و لە ڕووی وەرگرتنی خەڵاتی سینەماییەوە خاوەنی چەندین ڕیكۆردە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و بەلجیكا.

Top