پڕۆفیسۆركریستۆفەر فێتەوێس بۆ گوڵان:   ئەگەر ئۆكرانییەكان بەمجۆرە لە بەرگریكردن بەردەوام بن دەسەڵاتی پوتین كۆتایی دێت  

پڕۆفیسۆركریستۆفەر فێتەوێس بۆ گوڵان:     ئەگەر ئۆكرانییەكان بەمجۆرە لە بەرگریكردن بەردەوام بن دەسەڵاتی پوتین كۆتایی دێت   

 

كریستۆفەر جەی فێتەوێس پڕۆفیسۆری بەشی زانستی سیاسییە لە زانكۆی تۆلەین، تایبەتمەند و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك سیاسەت و ستراتیژیەت، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئاسایشی نێودەوڵەتی، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چەكی كۆمەڵكوژ، پێشتریش وانەبێژ بووە لە چەند زانكۆی بەناوبانگ و ئاستبەرزی وەك زانكۆی جۆرج واشنتۆن و زانكۆی ویلایەتی ئۆهایۆ، هەروەها خاوەنی چەندین توێژینەوە و كتێبە لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیاوە.

 

* هەروەك ئاشكرایە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا درێژەی كێشاوە و هیچ چارەسەرێك، یان ئەگەرێكی گفتوگۆ لە ئاسۆدا لە ئارادا نییە، ئێوە چۆن لە پەرەسەندن و پێشهاتەكانی شەڕەكە دەڕوانن و ئایا پێتان وایە چ لێكەوت و دەرهاویشتەیەك دەكرێت لەم شەڕەوە بێنەئاراوە؟

- ئەوەی بتوانین لە بارەی ئەم شەڕەوە بیڵێین ئەوەیە كە پێدەچێت ڕووسیا لە ئامادەكاری و خۆسازداندا بێت بۆ ئەوەی لە چەند مانگی داهاتوودا دووبارە هێرش و پەلاماری نوێ دەست پێ بكاتەوە بۆ سەر وڵاتی ئۆكرانیا. بەڵام لەوانەیەوە و لێرەدا من جەخت لەسەر دەستەواژەی لەوانەیە دەكەمەوە- كە ئۆكرانییەكان بتوانن بەر بە هێرشە نوێیەكەی ڕووسیا بگرن و ڕایبگرن و ڕێگری لە پێشڕەوییەكەی بكەن، ئەگەر هاتوو ئەمە ڕووی دا، ئەوا سەرۆك ڤلادمیر پوتین هەوڵی گەیشتن و بەدەستهێنانی ئاشتی دەدات. هەرچەندە من لەم ڕووەوە زۆر ئومێدەوار و گەشبین نیم.

* بەڵام ئەوەی تا ئێستا یەكلا بووەتەوە ئەوەیە كە سوپای ڕووسیا و خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتین نەیانتوانیوە ئامانجە ڕاگەیەندراوەكانی خۆیان بەدی بهێنن، تا ئێستاش ڕووسیا زیان و خەسارەتێكی زۆری سەربازی لێكەوتووە و ژمارەیەكی زۆری سەربازیەكانیشی كوژراون، بە تێڕوانینی ئێوە بۆچی سەرۆك پوتین هێندە پێداگری لەسەر بەردەوامیپێدان و درێژەدان بەم شەڕە دەكات، لە كاتێكدا كە هیچ ئەگەرێك نییە كە بتوانێت سەركەوتنی یەكلاكەرەوەی تێدا بەدەست بهێنێت؟

-  لە ڕاستیدا زۆر زەحمەتە بۆ هەر وڵاتێك (بە تایبەتی وڵاتێك كە لەلایەن دەسەڵاتێكی دیكتاتۆرییەوە حوكمڕانی بكرێت و بەڕێوە ببردرێت)، ددان بە شكست و دۆڕانی خۆیدا بنێت. لە ڕاستیدا ئەم شەڕەی ڕووسیا و ئۆكرانیا شەڕێكی تراژیدی و كارەساتبار و تاوانكارانە بووە، و لەم ڕووەوە ڕەنگە سەرۆك ڤلادمیر پوتین تووشی دژواری و كێشە ببێتەوە لە درێژەدان بە دەسەڵاتەكەی لە مۆسكۆ، ئەگەر نەتوانێت جۆرێك لە سەركەوتن و بردنەوە لە شەڕەكەدا مسۆگەر بكات. كە ئاشكرایە ئەو هیچ بە لایەوە گرنگ نییە، چەند كەس ژیانیان لەدەست دەدەن و دەبنە قوربانی بۆ ئەوەی دەرئەنجامێكی لەم چەشنە بەدەست بێت.

* ئەگەر باس لەو ڕێكار و سزا ئابووری و داراییانە بكەین كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گرتوویانەتەبەر لە دژی ڕووسیا لە بەرامبەر هەڵگیرسانی ئەم شەڕەدا، ئەوا ڕوونە كە تا ئێستا ئەم سزایانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی ڕووسیا بە چەشنێكی ڕیشەیی و بەرچاو هەڵوێست و سیاسەتی خۆی لە ئاست ئەم شەڕەدا بگۆڕێت، هەروەها ئابووریی ڕووسیا تووشی داڕووخانێكی ئەوتۆ نەبووە كە نەتوانێت خەرجی شەڕەكە لە ئەستۆ بگرێت، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- ئەوە ڕاستە كە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەو سزا و ڕێكارە ئابووری و داراییە سەپێندراوانە بەسەر ڕووسیادا، بەو چەشنە كاریگەر نەبوون، یان دەرئەنجامەكانی بەو شێوەیە نەبوون كە زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئومێدیان بۆ دەخواست و ئاواتەخواز بوون بێنەدی. واتە لەم ڕووەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین كە ئابووریی وڵاتی ڕووسیا بە چەشنێك نەپووكایەوە، یان تووشی سستبوون نەبوو كە ببێتە فاكتەرێك لە پرۆسەی بڕیارداندا و لەلایەن سەرۆك ڤلادمیر پوتینەوە لەبەرچاو بگیرێت. لە ڕاستیدا هۆكارەكەش ئەوە بوو كە هەندێ مانوڕ و ڕێكاری ئابووریی ژیرانەی ڕووسیا ڕێگرییان كرد لە ڕوودانی ئەوەی ئابووری ئەو وڵاتە تووشی كارەساتێكی گەورە ببێتەوە. هەرچەند دەبێت لەم ڕووەوە ئەوەش بڵێین كە لە مەودای دوورخایەندا، بارودۆخەكە تووشی خراپبوون دەبێتەوە لە پەیوەندی بە وڵاتی ڕووسیاوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئاشكرایە كە سزا و ڕێكارە ئابوورییەكان نەبوونەتە هۆی ڕاگرتنی شەڕەكە و پێناچێت لە ئایندەشدا دەرئەنجامێك لەم شێوەیەیان لێ بكەوێتەوە.

* چۆن لە ڕۆڵ و ئەدای ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڕوانن، كە كەمترین شتێك بوترێت لەم ڕووەوە، ئەوەیە كە ئەم ڕێكخراوە لە ئاست ئومێد و چاوەڕوانییەكاندا نەبوو، یان هیچ ڕۆڵێكی ئەوتۆ و بەرچاوەی نەبینی بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە و بەرگرتن بەو هەموو كارەساتە مرۆییە و كاولكاری و كوشتارەی هاتووەتەئاراوە، دید و بۆچوونی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- ئەوە ئاشكرایە كە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كارێكی ئەوتۆی لەدەست نایەت، ئەویش لەبەر ئەو ڕاستییە كە خودی ڕووسیا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم ڕێكخراوەیە. هەرچەندە لە نێو كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەنگ درا لەبارەی ئەم شەڕەوە و ئەوەی خستەڕوو كە چ وڵاتێك دژ بەم شەڕەیەوە و دژ بەو دەستدرێژكارییەیە، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم دەنگدانە زیاتر دەنگدانێكی ڕەمزییە.

* بەڵام چۆن لەم ناكارایی و ئەگەر نەڵێین دەستەوەستانییەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڕوانن، ئایا ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی جیهان پتر بە دەست نائارامی و ناسەقامگیرییەوە بناڵێنێت، بە ڕەچاوكردنی ئەوەی درێژەكێشانی ئەم شەڕە كاریگەریی نەرێنی لەسەر تێكڕای جیهان هەبووە؟

- لە ڕاستیدا من پێم وانییە ئەم شەڕ و داگیركارییە بووبێتە هۆی ئەوەی جیهان پتر ئارام بێت، یان كەمتر سەقامگیر بێت. واتە لەم ڕووەوە كاریگەری نەبووە بە هیچ یەكێك لەم دوو ئاراستەیەدا. بەڵام ئەگەر ئەم شەڕ و داگیركارییە شتێكمان پێ بڵێت، ئەوا پێمان دەڵێت كە پەنابردنە بەر شەڕ و داگیركاری و دەستدرێژیكاری چارەسەر نین بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان. لە دوای ئەم شەڕەوە ڕووسیا لە هەموو ڕوویەكەوە تووشی بارودۆخێكی خراپتر دەبێتەوە. دواتر دەبێت ئێمە ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەوە دانەمەزرا كە بەر بە بارودۆخێكی لەم چەشنە بگرێت (بەتایبەتی ئەگەر ئەندامێكی ئامادە بێت ئەو بەڵێنانەی پشتگوێ بخات كە لە چوارچێوەی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكاندا خۆی پێوە پابەند كردووە)، كەواتە ناتوانرێت لەم ڕووەوە ئۆباڵەكەی بخرێتە ئەستۆی.

* هەر لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، كە ئەگەر هیچ ئاسۆیەكی چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی لە ئارادا نەبن و، شەڕەكەش بەم شێوەیە درێژە بكێشێت، ئایا پێشبینی ئەوە ناكەن پتر هەڵكشێت و لە كۆتاییدا پەنا ببردرێتەبەر بەكارهێنانی چەكی ناوكی، هەروەك ئەوەی چەندین جار ئاماژەی لەم شێوەیە كراوە و لێدوان لەم بارەیەوە دراوە؟

- نەخێر، من باوەڕم وا نییە بارودۆخەكە بەم ئاستە و بەم دەرئەنجامە بگات. ڕاستە مەحاڵ نییە كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین لە نائومێدیدا پەنا بباتە بەر بەكارهێنانی چەكی ناوكی، بەڵام ئەگەر ئەم كارە بكات، ئەوا خۆی تووشی بارودۆخێكی خراپتر دەكات لەو بارودۆخەی كە ئێستا تێیدایە و پێوەی گرفتارە. هەروەها بەكارهێنانی ئەم چەكە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتی چینیش لەدەست بدات كە گرنگییەكی بنەڕەتی هەیە بۆ ڕووسیا و ڕووسیا خۆی تووشی هەلومەرجێكی تەواو مەترسیدار دەكات. لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە ئەگەرەكانی بەكارهێنانی چەكی ناوكی لاوازن، بەڵام ئەگەری ئەوە بە بەرزی دەمێنێتەوە كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین هەڕەشەی بەكارهێنانی بكات.

* پێش شەڕەكە و لە ئێستاشدا ڕووسیا پێی وایە و بانگەشەی ئەوە دەكات كە سیستمی جیهانی لەسەر چەند پایەیەك دامەزراوە كە تەنیا دەبنە هۆی برەودان بە بەرژەوەندییەكانی چەند وڵاتێكی دیاریكراو و، داوای ئەوە دەكەن كە دووبارە ئەم سیستمە دابڕێژرێتەوە، ئایا پێتان وایە ئەم داواكارییە كارێكی كردەنی بێت؟ ئایا ئەگەر دابڕێژرێتەوە پایە و بەها بنەڕەتییەكانی چی دەبن و چۆن دەبن؟

- لە ڕاستیدا من ئومێد دەكەم كە لە دوای ئەم شەڕ و ناكۆكییەوە پتر ڕێز بگیرێت لە پرەنسیپەكانی پەیوەست بە خۆبەدوورگرتن لە دەستدرێژكاری و گرنگیدان بە پاراستنی ژیانی خەڵكانی مەدەنی. هەروەها ئاواتەخوازم كە ئەم شەڕەی سەرۆك ڤلادمیر پوتین هەڵیگیرساندووە ئەو ڕاستییە بۆ باقی وڵاتانی جیهان بسەلمێنێت كە هەر هەوڵێك بۆ دووبارە داڕشتنەوە و دەستكاریكردنی سنوورەكان لە ڕێی بەكارهێنان و پەنابردنەبەر هێزەوە چارەنووسی سەركەوتن نابێت و بگرە لە كۆتاییدا دەرئەنجامی دژ و پێچەوانەی لێ دەكەوێتەوە. ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات، ئەوا دووبارە تووشی نائومێدی دەبمەوە لە ئاست مرۆڤایەتیدا.

Top