شەیما جەمال كوێخا ڕاوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو: هەر هەنگاوێك بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی خۆماڵی بنرێت، بە پلەی یەكەم بۆ خزمەتكردنی جووتیارانی كوردستان و ساخكردنەوەی ڕەنجی ماندووبوونیانە

شەیما جەمال كوێخا  ڕاوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو:  هەر هەنگاوێك بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی خۆماڵی بنرێت، بە پلەی یەكەم بۆ خزمەتكردنی جووتیارانی كوردستان و ساخكردنەوەی ڕەنجی ماندووبوونیانە

 

 

بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ بۆ بەدیهێنانی خودبژێوی و دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری، بابەتی گرنگی ئەم سەردەمەیە، لە هەرێمی كوردستانیشدا وێڕای ئاستەنگەكانی وشكەساڵی و پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا، هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ گەشەكردنی كشتوكاڵ و بەدیهێنانی فرەچەشنكردنی ئابووری، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ شەیما جەمال كوێخا ڕاوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كە هاوكات ئەندامی لێژنەی باڵای نیشتمانیی ئاسایشی خۆراكە لە عێراق، سازدا.

 

* كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان تا ڕاددەیەكی باش بووژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، تا چەند توانراوە لەم كەرتەدا گۆڕانكاری لە ڕووی جۆری و چەندایەتییەوە بەدەست بهێنرێت؟

- هەرچەندە قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا و وشكەساڵی و گۆڕانكاری لە كەشوهەوادا زەبری كوشندەی لە ئاستی گەشەی كەرتی كشتوكاڵ داوە، بەڵام بە هەوڵ و كار وچالاكییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو توانرا لە چەندین بواردا ژێرخانی ئەم كەرتە بونیاد بنرێتەوە، ڕاستە ئەو قەیرانانە و شوێنەوارەكانی كۆتایی نەهاتووە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەنگاوی باش نراوە چ لە ڕووی بونیادنانەوەی ژێرخانی كەرتی كشتوكاڵییەوە، چ لە ڕووی هەوڵەكانی دۆزینەوەی بازاڕ و ساغكردنەوەی ڕەنج و ماندووبوونی جووتیارانەوە، بە شێوەیەكی گشتی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بەرەوپێشەوە چووە، بەو پێیەی ڕێژەی وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ لە 1،8% بۆ نزیكەی 9% بەرز بووەتەوە. لە بەرامبەریشدا ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم گەشەكردنی ئەم كەرتە كەم نین و زۆربەی جار مەترسیداریشن، بۆ نموونە: وشەكەساڵی و گۆڕانكاریی ئاووهەوا و پەتا و نەخۆشی لە تەواوی جیهاندا و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیانی گەورەی لە كەرتی كشتوكاڵ داوە، بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان كە بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و پەتای كۆرۆناوە ئامادەكاری نەكرابوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشوەختەی وشكەساڵی، ئەمەش ئەرك و قورسایی زیاتر كرد لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

* لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی ئەم تەحەددییانە چی كراوە؟

- ئێمە لەم سێ ساڵەی دواییدا بە یارمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە هەوڵدا بووین بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هەموو ئەو تەحەددییانەی هاتوونەتە بەردەم گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا، توانیومانە چارەسەری زۆر كێشە و گرفت بكەین، بۆ نموونە لە بواری كێشەی گەنمی جووتیاران و ئەمباركردنی ئەم بەرهەمە و دروستكردنی چەندین سایلۆ، هەنگاوی باش نراوە، هەروەها لە بواری بەرهەمی مریشك و هێلكەدا توانراوە بنێردرێتە بازاڕەكانی دیكەی عێراقیش، لە بواری میوەجات و بەرهەمی ڕەز و باخەكانیش كە بە هۆی وشكەساڵییەوە زیانی گەورەی بەركەوتووە، بەڵام توانیومانە چەندین هەڵمەتی ڕواندن و چاندنی نەمام جێبەجێ بكەین، هەناردەكردنی بەرهەمی هەناریش بۆ بازاڕەكانی وڵاتانی كەنداو هەوڵێكە لە ناو زنجیرە هەوڵێكی دیكە بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ساغكردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، لە ڕووی دروستكردنی بەنداو و پۆنتەوە لە چەندین ناوچەی جیاجیای كوردستان دەست كراوە بە دروستكردنی بەنداو، ئەمانە هەمووی وای كردووە كەرتی كشتوكاڵ تا ڕادەیەك گۆڕانكارییەكی نەوعی بەسەردا بێت، هەرچەندە هێشتا بەپێی خواست و ویستی ئێمە نییە.

* باسی كەرتی پەلەوەرت كرد كە توانراوە لە هەرێمی كوردستان ئەم كەرتە بگەیەندرێتە قۆناغی خۆبژێوی، ئایا ئەمە تاچەند بۆ هەرێمی كوردستان و بەدەستهێنانی هەلی كار گرنگ بووە؟

- كەرتی پەلەوەر یەكێكە لەو كەرتانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تێیدا سەركەوتوو بووە، بۆ دابینكردنی پێداویستیی ناوخۆ و بەدەستهێنانی زۆرترین بەرهەم، بە ڕاددەیەك لە ئێستادا هەرێمی كوردستان توانیویەتی بگاتە قۆناغی خودبژێوی، ئەوەتا توانراوە بەرهەمەكانی مریشكی زیندوو و گۆشتی مریشك و هێلكە ڕەوانەی بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش بكرێت، تەنانەت جووجەڵەش نێردرابوو بۆ دەرەوەی هەرێم، وە نەبێت ئەم كەرتەش بێ گرفت و كێشە بێت، بەڵام خۆشبەختانە لە نزیكەوە چاودێریی ڕەوشی كەرتی پەلەوەر دەكەین و بەردەوام وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەسەر هێڵە لەگەڵ خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.

* لە پێناو بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پەرەپێدانی ئەم كەرتە، پێویستە گرنگی بە كەرتی پیشەسازیی خۆراكی بدرێت، ئایا تا چەند هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاودا هەیە؟

- قسەكردن لەسەر كەرتی پیشەسازی مشتومڕێكی زۆر هەڵدەگرێت، چونكە ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان كەرتی بازرگانی و پیشەسازیدا كارێكی ئاسان نییە و دیراسەت و پلان و بەدواداچوونی وردی دەوێت، لەلایەكی دیكەوە خەڵكی ئێمە حەزی لە خواردنی فرێشە، واتا زۆر گرنگی بە خواردنی لە قوتوبەند نادات، لەم چەند ساڵەی دواییدا هەوڵی باش دراوە تاوەكو قەبارەی وەبەرهێنان لە كەرتی پیشەسازی و پیشەسازیی خۆراكدا زیاد بكرێت، وەبەرهێنەرانیش زیاتر ڕوویان لە كەرتەكانی بازرگانی و عەقارات كردووە، هەرچەندە من پێم وایە لە بواری پیشەسازیی خۆراكدا هەنگاوی جددی نەنراوە، لەكاتێكدا بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووری و كەرتی كشتوكاڵ بەرەو پێشەوە ببەیت، كۆمەڵێك زنجیرەی تەواوكەری یەكتر هەیە دەبێت جێبەجێ بكرێن، بۆ نموونە: بەرهەمهێنان و بەپیشەسازیكردن و بەبازاڕكردن و دووبارە بەبازاڕكردن واتە یەكێكیان بەبازاڕكردنی خواردنی فرێش ئەوی دیكەیان بەبازاڕكردنی ئەو بەرهەم و بەرووبوومە كشتوكاڵییانەی زیادن لە خواستی ناوخۆ و، وا پێویستە بازاڕیان لە دەرەوە بۆ بدۆزرێتەوە، یان بەپیشەسازی بكرێن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بەبازاڕ بكرێنەوە، بۆیە بەپیشەسازیكردنی خۆراك گرنگییەكی ڕاددەبەدەری هەیە.

* وەك ئاماژەت پێ دا، هەماهەنگیی باش لە نێوان جووتیارانی هەرێم و جووتیارانی عێراقدا هەیە، ئایا تا چەند توانیوتانە ئەو ئاستەنگ و بەربەستانە هەڵبگرن كە لە بەردەم ساغكردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی كورد لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دادەنرێت؟

- هەوڵەكانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و تیمی وەزارەت بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دیار و بەرچاوە، ئێمە توانیومانە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی فیدڕاڵی ڕێككەوتنێك لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو بكەین و، یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتدا واژوو كرا بە ئامادەبوونی هەر دوو وەزیر و بریكار و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، كە كۆمەڵێك خاڵی گرنگی لەخۆ گرتبوو، كە پەیوەست بوون بە بەبازاڕكردن و، ڕەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو بۆ ساخكردنەوەی بەروبووم و بەرهەمی جووتیارانی كورد. ئێمە لەم بوارە هەنگاوی زۆر باشمان ناوە و باشترین بازاڕیش بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی جووتیاران بازاڕە گەورەكانی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقە، ئێمە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕۆژنامەی كشتوكاڵیی هاوبەشمان داناوە، ئەو بەرهەمانەی لە وەرزێكی ساڵ، یان لە كاتێكدا لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت، لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەرهەم ناهێنرێت، بەرهەمی جووتیارانی كوردستان ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت، بە پێچەوانەشەوە ئەو بەرهەمانەی لە كوردستان بەرهەم ناهێنرێت، یان كاتی بەرهەمهێنانی تەواو دەبێت، لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ئەو بەرهەمانە دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان، بەم شێوەیە هەماهەنگی لە نێوان جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە، لەم ڕووەشەوە هەوڵ و كۆششی زۆر كراوە .

* دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی هەناری جووتیارانی كوردستان لە بازاڕەكانی وڵاتانی كەنداو هەنگاوێكی گرنكی سەرۆك وەزیران بوو، ئەمەش یەكەمینجارە لە مێژووی كورددا براندی هەناری كوردستانی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێت، ئەوە تا چەند گرنگە؟

- هەر هەنگاوێك بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی خۆماڵی بنرێت، بە پلەی یەكەم بۆ خزمەتكردنی جووتیارانی كوردستان و ساخكردنەوەی ڕەنجی ماندووبوونیانە، ئەمە وا دەكات برا جووتیارەكانمان كار بۆ باشكردن و زیادكردنی بەرهەمەكانیان بكەن و ئابووری هەرێم ببووژێتەوە، ئەمەش ڕێگە ڕاست و دروستەكەی هەمەچەشنكردنی ئابوورییە، تاوەكو بۆ بەدەستهێنانی داهات و دۆزینەوەی هەلی كار و بەهێزكردنی ئابووری تەنیا پشت بە داهاتی پترۆدۆلار نەبەستین، كە داهاتێكی ناسەقامگیر و ناجێگیرە. لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی پێشكەوتوون و بە سەرچاوەی وزە و نەوت ناسراون، سێكتەری كشتوكاڵ دووەم سێكتەری ئابووریی ئەو وڵاتەیە و، كەرتی كشتوكاڵ دەچێتە ناو چوارچێوەی ئاسایشی خۆراكی و ئاسایشی نەتەوەییەوە، لەم ڕوانگەیەوە هەر هەنگاوێك بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی ناوخۆیی ڕۆڵ و گرنگیی خۆی هەیە و جێگەی دەستخۆشی و پێزانینە، پێویستیشە زیاتر پەرە بەو هەنگاوانە بدرێت، چونكە وێڕای ئەوەی دراوی قورسی گرانبەها دێتە ناو وڵاتەكەوە و بەهای دیناری ناوخۆ بەرز دەبێتەوە، سەرەتای ڕێگەشە بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكانی دیكەش بكەینەوە، لە ڕووی بەبازاڕكردن و كوالێتیشەوە، كوالێتیی بەرهەمەكانمان بەرز دەبێت، ئەمە جگە لەوەی زۆرترین هەلی كار بۆ جووتیاران و خانەوادەكانیان لە ناوچە دوورەدەست و جیاجیاكانی كوردستان دابین دەبێت و كۆچی گوندنشینان بۆ شار و شارۆچكەكان ڕادەگیرێت و گوندەكانمان دەبووژێنینەوە. لێرەدا دەمەوێت نموونەیەكی هەنگەوانەكانتان بۆ باس بكەم كە لە پێشانگە نێودەوڵەتییەكاندا كوالێتیی هەنگوینی ناوخۆ لە ڕیزبەندی پێشەوەی بەرهەمی هەنگوینی جیهانی دێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا ناسنامەیەكی باش و بەرز بە هەرێمی كوردستان دەبەخشێت، لەم ڕوانگەیەوە هەوڵەكانی بەڕێزان سەرۆكی حكومەت و جەنابی وەزیری كشتوكاڵ و تیمە وەزارییەكەی بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی جووتیارانی كوردستان، جێگای ستایش و دەستخۆشییە و پێویستی بە پشتیوانی و هەنگاوی جددی هەیە.

* هەر سەبارەت بە دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆ، بوونی ماركە و براندی بەناوبانگ گرنگیی خۆی هەیە و زۆرترین كڕیاریان هەیە، ئایا بۆچی تا ئێستا نەمانتوانیوە كەرتی كشتوكاڵ بكەین بە كەرتێكی دامەزراوەیی و، گەورە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان ڕابكێشرێنە ناو هەرێمی كوردستانەوە و، ئەو بەرهەم و بەروبوومانە لێرە بەرهەم بهێنن و ڕەوانەی بازاڕەكانی دەرەوەشی بكەین؟

- ئەمە پرسیارێكی گرنگە، هەموو هەنگاوێكی بەدامەزراویكردنی كەرتی كشتوكاڵ و ڕاكێشانی گەورە كۆمپانیاكان پێویستی بە چالاككردنی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران هەیە، منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام، پێویستە كەرتی تایبەت بیر لە پڕۆژەی تەواوكاری بكاتەوە، بە واتایەكی دیكە هەموو سێكتەرەكان لەخۆ بگرێت. بۆ نموونە لە كەرتی شیرەمەنیدا پێویستە خاكت هەبێت بۆ ئەوەی عەلەفی سەوز بەرهەم بهێنیت و كێڵگەی بەخێوكردنی مانگای شیردەر و مەڕ و بزنت هەبێت و، كارگەیەكی شیرەمەنی و بەرهەمەكانی و لە چەند شوێنێك كێڵگەی پێشكەوتوو هەبێت، بەم شێوەیە هەنگاوی بۆ نراوە، بۆ نموونە لە گەرمیان پڕۆژەیەكی تەواوكاری هەیە و لە هەڵەبجەش لەم جۆرە پڕۆژانە هەیە، هەرچەندە ئەم پڕۆژانە گەورە نین، بەڵام بوونیان سەرەتایەكی باشە، لێرەدا ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە پاڵپشتی و هاوكاریی دامەزراندنی ئەم جۆرە پڕۆژە تەواوكاری و گەورە و ستراتیژییانە بكات و، دەبێت كەرتی تایبەت و حكومەت هەماهەنگ و هاوكار بن، بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن.

 

Top