لاوان بۆ ساڵی نوێی 2023 دەخوازن خەون و ئاواتەكانیان بێتەدی

لاوان بۆ ساڵی نوێی 2023 دەخوازن خەون و ئاواتەكانیان بێتەدی

 

گەنج و لاوی كورد هەمیشە دەست و پەنجە لەگەڵ زانست و فێربووندا نەرم دەكەن، باشتر واقیع دەخوێننەوە و زووتر دەرك بە پێویستیی شۆڕش و گۆڕانكاری و داهێنان و نوێبوونەوە دەكەن، بۆیە هەمیشە ڕیزی پێشەوەی قوربانیدان و گۆڕانكارییان گرتووە. بە درێژایی مێژوو، لاوانی كورد ڕۆڵی گەورە و گرنگیان بینیوە، لە خزمەتكردنی كۆمەڵگە هەمیشە داینەمۆی گۆڕانكارییەكان بوون، لە ئێستاشدا بە چاوی ئومێدەوە لە كارنامەی حكومەتی هەرێم دەڕوانن و خوازیارن ساڵی نوێی زایینی ببێتە هەوێنی بەدیهێنانی خەونەكانیان و لە پرۆسەی وەبەرهێناندا گرنگییان پێ بدرێت و حیسابی زیاتریان لەسەر بكرێت. گەنجانی بەشداربووی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان ڕا و سەرنجی خۆیان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

دهـــۆك بەڕۆژی بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە ئەنجومەنی سۆران (ی.ئا.ك)، وێڕای پیرۆزبایی سەری ساڵی تازە خوازیاری ئەوەیە هەرێمی كوردستان لە ساڵی نوێدا قۆناغە سەختەكان تێپەڕێنێت و لە ئاكامدا ژیانێكی شایستە بۆ توێژی گەنجان دەستەبەر بكرێت. هاوكات دەڵێت: «لە دروستبوونی یەكەی سیاسیی سەربەخۆوە تا بە ئەمڕۆ، هیچ كات لە كوردستاندا بە شێوەیەكی تەواو و دروست پشت بە توانا و وزەی گەنج نەبەستراوە، بۆیە لە كاردانەوەی ئەمەدا گەشەكردنی بەردەوام بە شێوەیەكی تەندروست نابیندرێت. بۆیە گەنج لە دۆخی ئێستای كوردستاندا بێ بەرهەمترین چینی ئەم كۆمەڵگەیەن، ئەمەش ڕاستە بەشێكی بۆ كەمتەرخەمیی گەنج خۆی دەگەڕێتەوە». گوتیشی: «گەنجانێكی زۆر لە كوردستاندا بە دەست بێكارییەوە دەناڵێنن و لەگەڵ ئەوەی كە كەرتی گشتی و حكوومی ناتوانێت ڕێژەی زیاتری فەرمانبەر لە خۆ بگرێت، دەرفەت لە كەرتی تایبەتیشدا زۆر بەرتەسك و سنووردارە و بۆ هەموو كەسێك بەردەست نییە، ئەمەش سەری كێشاوە بۆ بێكارییەكی زۆر بەتایبەتی بۆ گەنجان كە گرفتی زۆری بۆ دروست كردوون».

سەبارەت بە چارەسەری ئەم ئاریشەیەش گوتی: «بەدیلی ئەمە لە دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئابووریی كەرتی تایبەت و گشتیدایە، بەوەی پێویستە حكومەت هەلی كاری یەكسان بۆ گەنجانی خاوەن توانا و بەهرەمەند بڕەخسێنێت و ئەو كەسانەش كە ساڵانی خزمەتیان تەواو بووە، بەدیلی گەنجیان بۆ دابنرێت».

ئەحمەد محەمەد بەرپرسی ڕێكخراوی تەیراوە / پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «هیوادارم ئەو كارە باش و گرنگانەی كە دەبوایە بیكەم، خودا دەرفەتم بدات لە ساڵی 2023 بیانكەم، پەشیمانم لە هەموو ئەو هەڵانەی كە بێ ئاگا یاخود بەهەر شێوەیەك كردوومە دووبارەیان نەكەمەوە، داواكارم لە یەزدانی مەزن بتوانم لە ئاست بەرپرسیارییەتییەكەم بم. هاوكات ئاواتی ئەوە دەخوازم بارودۆخی سیاسیمان بەرەو پێش بڕوات و نێوانی حزبە سیاسییەكان باشتر بێت و هەموو لایەك ئایندەی گەلی كوردستان لەپێش دەستكەوتەكانیان دابنێن. هاوكات ئاوات دەخوازم بتوانین خزمەتێكی بچووكی كوردستان بكەین و هەنگاوێكی دی لە كاروانی سیاسیمان بەرەو پێش ببەین. خۆیشم وەكو گەنجێك ئاواتم بۆ ساڵی نوێ ئەوەیە كە بتوانم ماستەر بخوێنم و هەنگاوێكی زانستیتر بڕۆمە پێش و بتوانم خزمەتی خۆم و كۆمەڵگە بكەم».

گوڵان حسەین مامۆستای وانەبێژە و بەمجۆرە سەبارەت بە ساڵی نوێ و خەونەكانی لاوان ڕای خۆی دەربڕی: «بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان ساڵی نوێی 2023 لە گشت هاووڵاتییانی كوردستان پیرۆز دەكەم، من وەكو ئافرەتێكی گەنجی ئەم كوردستانە خوازیارم ساڵی نوێ ببێتە هەوێنی هاتنەدیی ئامانجەكانمان و ببێتە هۆی بەختەوەریمان. ئامانجی من وەك هەر تاكێكی ئەم وڵاتە بوونی كوردستانێكی ئارام و سەقامگیرە لە گشت بوارەكانیدا و بوونی وڵاتێكی دیموكراسی و ئازادە». گوتیشی: «ئاواتم پێشكەوتنی تاكە لە بواری خوێندن و تەكنەلۆژیادا، وەكو ئامانجی تایبەتیم وەكو دەرچوویەكی زانكۆ كە ماوەی شەش ساڵە وانەبێژم، ئەوەیە بكرێین بە هەمیشەیی، هەروەها دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجی وڵاتەكەم یەكێكە لە ئامانجە گرنگەكانم و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاوولاتیانی وڵاتەكەم لە گشت بوارەكانی ژیاندا ئاواتی گەورەی منن» .

ئەحمەد شەمزین سرێشمەیی ڕاگەیاندنكارە و ئەویش وەك هەزاران هاوتەمەنی خۆی ئاواتەخوازە «ساڵی داهاتوو ببێتە ساڵی بەدیهاتنی خەونەكانی لاوان و گەیشتن بەو ئامانجەی كە هەوڵی بۆ دەدەن.» گوتیشی: «فەراهەمكردنی كەشوهەوایەكی هێمن و ئارام لە وڵاتەكەمدا و ڕەخساندنی هەلێك بۆ بردنەپێشەوەی گەنجان لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەكاندا ئاواتی گەورەمە و هیوادارم ساڵی تازە ببێتە ساڵی سەقامگیری و ئاسایش و ئاسوودەیی بۆ گشت مرۆڤایەتی و بەتایبەت وڵاتەكەم».

پەیام غەریب توێژەری كۆمەڵایەتییە و هەر لەو بارەیەوە گوتی: «وەك تاكێكی كورد پیرۆزبایی ساڵی نوێی زایینی لە هەموو خوشك و برا مەسیحییەكانم لە جیهان و كوردستان بەتایبەتی دەكەم، هیواخوازم ساڵێكی پڕ لە خۆشبەختی بێت بۆ هەموو لایەك و بۆ گەلی كوردستان بەتایبەتی. هیوادارم دۆخی كوردستان زیاتر ئارامی بە خۆیەوە ببینێت. یەكڕێزی و تەبایی ئامانجی سەرەكی هە موو تاكێكی كوردە، خوازیارم لەم ساڵەدا بایەخ و گرنگیی زیاتر بە ئافرەتی كورد بدرێت و لە ڕووی یاساییەوە پشتگیریی زیاتر بكرێن و دوور بن لە كوشتن و هەڕەشە، كە بەداخەوە ڕۆژانە بە پاساوی جیاواز دەكوژرێن. هیوادارم ساڵیك بێت بۆ سەرفرازیی ئافرەتی كورد و ئەو دیاردە دزێوانە نەمێنن. چونكە ئافرەت سینبولی جوانی و خۆشەویستییە و شایانی ئەوەیە رێزی بگرن».

 

Top