لۆڤەر جمەی دێت-2

لۆڤەر جمەی دێت-2

بەشی دووەم

ئا/ تاریق كارێزی

لۆڤەر، گرنگترین مۆزەخانەی هونەرە لە ئاستی جیهاندا. كەوتووەتە كەناری باكووری ڕووباری سین لە پاریس پایتەختی فەرەنسا. لە بنەڕەتدا مۆزەخانەكە قەڵایەك بوو، لە ساڵی 1190ز-دا (832 ساڵ بەر لە ئێستا) لە لایەن شا فیلیپ ئۆگۆست شای فەرەنساوە دروست كرا. پاشان بوو بە كۆشكی پاشایەتی و تا ساڵی 1672 كۆشكی پاشایەتی بوو. لەو ساڵە بە دواوە كۆشكی لۆڤەر بوو بە شوێنی پاراستنی پەیكەر و توحفەی پاشایی. لە ساڵی 1692دا دوو ئەكادیمیای تایبەت بە (هونەری نواندن) و (هونەری پەیكەرتاشی و نیگار)ی تێدا كرانەوە و بۆ ماوەی 100 ساڵ لەوێدا مانەوە. لە شۆڕشی فەرەنسادا 1789دا كۆمەڵەی گشتی بڕیاری دا لۆڤەر بكرێتە مۆزەخانەیەكی نیشتیمانی و شاكارەكانی نەتەوەی فەرەنسای تێدا نمایش بكرێن. لە ساڵی 1793دا مۆزەخانەكە كرایەوە. لۆڤەر ناودارترین مۆزەخانەی هونەرە لەسەر ئاستی جیهاندا، بە گوتەی مۆزەخانەكە، ساڵانە سەرووی 9 ملیۆن كەس سەردانی دەكەن (لە ساڵی 2018دا 10 ملیۆن و 200 هەزار كەس سەردانی لۆڤەریان كرد). ڕووبەری هۆڵەكانی لۆڤەر نزیكەی 13 كیلۆمەتر دووجان، یەك ملیۆن بەرهەمی هونەر (تابلۆ و پەیكەر)ی تێدایە. لە پاڵ ئەوەشدا 5664 پارچە شوێنەواری گریك، ڕۆم، میسر و میزۆپۆتامیای تێدایە. ئەم مۆزەخانەیە گەلێك شتی دانسقە و دەگمەنی تێدایە، هەوادار و ئارەزوومەندان لە بنی دنیاوە بە لای خۆیدا ڕادەكێشێت. ئەو بۆ خۆی ناوەندێكی بێ وێنەیە لەسەر ئاستی جیهاندا. دەسپێكی لۆڤەر لە كۆتایی سەدەی هەژدەمدا بە 537 تابلۆ و 184 پارچەی هونەری بوو، سێ چارەكی ئەوانەش هی كۆشكی پاشایەتی بوون. لۆڤەر لە ماوەی هەشت سەدەدا بووە بە بەشێك لە شكۆی مێژووی فەرەنسا، پاشایەكانی فەرەنسا و دواتر شۆڕشی فەرەنسا و تەواوی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، هەردەم بابەخیان بەو كۆشك و مۆزەخانەیە داوە، ساڵانێكی زۆر بووبوو بە ماڵ و هەواری هونەرمەندان، حكومەت ژیان و گوزەرانی دابین دەكردن و ئەوانیش خەریكی هونەر دەبوون.

لۆڤەر جمەی دێت-2

گەڕانەوە بۆ كوردستان
ڕۆستەم ئاغالە هونەرمەندێكی توانا و كارای باشووری كوردستانە. ئەو لە ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەمدا بەشی نیگاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی تەواو كرد. هەر ئەو كات بوێرانە هاتە دەست و مانۆری هونەری بە فراوانی دەست پێ كرد. لەبەر ئەوەی ژیانی خۆی بۆ هونەر تەرخان كرد، بە چڕی درێژەی بە كاری خۆی دا، وەك هونەرمەندێك بەردەوام لە هەوڵی پێناسە كردنی خۆی و هونەرەكەیدا بوو. ئەو كەسایەتیی خۆی وەك هونەرمەندێك پێناسە و نمایش كرد، هونەری بردە نێو ماڵی باوكی و تا ئەو ڕۆژەی چووە نێو ژیانی هاوژینییەوە، هونەر لە ماڵە كۆییەكەی بە بنەچە گوندی ڕێزی لێ گیرا. ڕۆستەم بە كردار و تیۆری چووە نێو گوڵشەنی هونەرەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ بەژنی هونەر و تێگەیشتنی ئەو لە پەیامەكەی، باڵای دەكرد، ڕەنگە بەهێزترین خاڵی هونەرەكەی ئەو لەوەدا خۆی بنوێنێت، ژینگەی خۆی كردە بابەتی هونەر و ئەفراندن، بەمە هەر لە سەرەتاوە بوو بە خاوەن ڕێچكەی خۆی. ماوەیەكی زۆر لە ناوەندی شاری سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریی باشووری كوردستاندا ئەركی بەڕێوە بردنی (گەلەریی زامۆ)ی گرتە ئەستۆ. هەنگاوی هەرە گەورە و كاریگەری، كردنەوەی (گەلەریی ئاغالە) بوو لە شاری كۆیە. گەلەرییەكە دامەزراوەیەكی كوالێتی بەرزی هونەری شێوەكارییە، ئەگەر ڕێتان كەوتە كۆیە، لە بیر مەكەن لە دامێنی چیای هەیبەت سوڵتان سەردانی گەلەریی ئاغالە بكەن. بە دڵنیاییەوە بەرهەمی زۆر دانسقەی تێدا دەبینن.

لۆڤەر جمەی دێت-2

فەرەنسا و كوردستان
بیر كردنەوە لەوەی ئێمە خۆمان بە فەرەنسا بەراورد بكەین، لایەنە ئەرێنییەكەی ئەوەیە، بۆ گەشە و پێشكەوتن هانمان دەدات. پێمان دەڵێت شكۆی نەتەوەكان، شكۆمەندیی وڵاتان بەشێكی بە هونەرەوە بەندە. دەی دەبا ئێمەش بایەخ بە هونەر بدەین، بیكەین بە بەشێك لە میرات و ژیانی ڕۆژانەی خۆمان. لە پاڵ ئەوەشدا پێویستە ئەو ڕاستییەش نادیدە نەگرین، فەرەنسا لە ئاستی هەرە باڵای دەسەڵاتی وڵاتدا سەرووی 800 ساڵە بایەخ بە هونەر دەدات، هونەر پشتیوانیی زۆری لێ دەكرێت. لە كوردستاندا ئێمە لە هەنگاوی یەكەمداین. لە سەرەتای كاروانەكەداین، ئەگەر پێمان وایە هونەر گرنگ و پێویستە، ئیدی دەبێت لە چەندین ئاستدا قۆڵی لێ هەڵماڵین و بۆ كار كردن بكەوینە خۆ، هێندەش پشوومان درێژ بێت، بۆ سەدان ساڵ كار بكەین.
لێرەشدا حەز دەكەم ئەوە بڵێم، هەرچەندی سەرەتاكەمان سادە و ساكاریش بێت، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ تێپەڕ بوونی ڕۆژگار، ساڵ بە ساڵ بەرهەمی كار و ماندوو بوونمان خۆی دەنوێنێت. ئەوەشمان لە بیر نەچێت، ئێستا توانا و تەكنیك هێندە گەشەیان كردووە، ئەوەی لە سەدەكانی ڕابردوودا بە دەیان ساڵ دەكرا، ئێستا بە چەند ساڵێكی كەم دەكرێت. هەڵبەت ئەرك و خەمی یەكەمی دروست كردنی مۆزەخانەی هونەریش، لە ئەستۆی هونەرمەندانە. ئەگەر ئێمە چاومان لەوەیە مۆزەخانەی هونەرمان هەبێت، دەبێت توانا و ئیرادەی زاڵ بوون بەسەر دەیان كۆسپ و تەگەرەمان هەبێت كە ئەگەر هەیە لەو ڕێیەدا بێنە پێشمان.

لۆڤەر جمەی دێت-2
Top