پڕۆفیسۆر ئەتالیا ئۆمێر بۆ گوڵان:   ناسیۆنالیزم پەیوەستە بە ڕەوایەتیدانی سیاسی بە دەوڵەتەوە

پڕۆفیسۆر ئەتالیا ئۆمێر بۆ گوڵان:     ناسیۆنالیزم پەیوەستە بە ڕەوایەتیدانی سیاسی بە دەوڵەتەوە

 

 

ئەتالیا ئۆمێر پڕۆفیسۆری دیراساتی ئایین و ناكۆكی و ئاشتییە لە ئەنستیتوتی كرۆك بۆ دیراساتی ئاشتیی نێودەوڵەتی لە سكووڵی كیوە بۆ كاروبارە جیهانییەكان لە زانكۆی نۆتردام. بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئایین و ئەخلاق و سیاسەت لە زانكۆی هارڤارد بەدەست هێناوە. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك ئایین و توندوتیژی و بنیادنانی ئاشتی، هەروەها تیۆر و ڕێچكەكانی دیراسەتی ئایینی، ناسیۆنالیزم و ئاڵوگۆڕی ناكۆكی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ و شرۆڤەكرد، كە پتر پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستای جیهانەوە لە پەیوەندی بە پرسەكانی پەیوەست بە ناسیۆنالیزم و بە جیهانی بوون و پرسی ئەوەی ئایا لە ئێستادا جیهان پتر بەرەو ناسیۆنالیزم هەنگاو دەنێت، یان بەرەو دووبارە هەڵكشانەوەی ناسیۆنالیزم.

 

 

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ئێمە لە ڕۆژگارێكدا دەژین كە تێیدا جیهان بە هۆی پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان و چەندین بواری دیكەوە پێكەوە بەستراوە و پێكەوە گرێ دراوە، بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستە و لەسەر ڕاوەستانە، ئەوەیە كە خواستێك بۆ گەڕانەوە بۆ سۆشیالیزم دروست بووە و هاتووەتە ئاراوە، لە كاتێكدا چەندین كێشە هەن لە جیهاندا كە پێویستە سەرجەم وڵاتانی پێكەوە كاربكەن بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەركردنیان، ئێوە چۆن لە گەڕانەوەی پرسی ناسیۆنالیزم و ناوەڕۆكی ناسیۆنالیزم دەڕوانن؟

- لە ڕاستیدا من پێم وا نییە بتوانرێت پرسی سەرهەڵدان و بنەڕەتی ناسیۆنالیزم لە پرسی كۆڵۆنیاڵیزم داببڕدرێت، خۆ ئەگەر بمانەوێت لە ناوەڕۆك و پێناسەی ناسیۆنالیزمیش بڕوانین، ئەوا دەبێت لەم ڕووەوە گرێی بدەینەوە بە خودی دەوڵەتەوە، واتە ئەوە ناسیۆنالیزمە كە دەبێتە هۆی ئەوەی، یان پەیوەندیدارە بەوەی دەوڵەت لە ڕووی سیاسییەوە شەرعییەت و ڕەوایەتی بۆ دەستەبەر بێت.

*   هەندێ لێكدانەوە دەكرا دەربارەی ئەوەی كە ئیدی خۆری ناسیۆنالیزم ئاوا بووە و دەوڵەتانی جیهان بەرەو ئەوە دەڕۆن كە لە كوتلەی گەورەتر، یان یەكێتیی گەورەتردا خۆیان ڕێك بخەن و، لەم ڕووەوە دەست لە هەندێ لە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆشیان هەڵبگرن، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا پرسی هاتنەوە ئارای ناسیۆنالیزم سەری هەڵداوەتەوە، ئێوە چۆن لەم پەرەسەندنە دەڕوانن و ئایا جیهان بە ئاراستەی پاشەكشە و پێچەوانەبوونەوەی ڕەوتی بەجیهانیبوون دەڕوات؟

- ئێمە ناتوانین بەو شێوەیە لەم مەسەلەیە بڕوانین، یان شیكارییەكە بەو شێوەیە بكەین كە بڵێین پێشتر دەست لە ناسیۆنالیزم هەڵگیراوە، واتە ناتوانین بڵێین ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ڕووی داوە، دەستەبەرداربوونێكی تەواو بووە لە ناسیۆنالیزم، تاوەكو بێین بڵێین ئەمە جارێكی دیكە هاتووەتەوە ئاراوە، بەڵكو لەوانەیە دروستتر بێت بڵێین ئەوەی هەیە، بریتییە لە سەرهەڵدانەوەی جۆرێكی دیكەی جیاوازی ناسیۆنالیزم. دواتر ئەگەر ئێمە باسی جیهانگەرایی بكەین، ئەوا ڕەنگە وسفێكی ورد نەبێت كە بڵێین ئیدی ڕەوت و ڕەوڕەوەی بەجیهانیبوون كۆتایی هاتووە و جیهان لە ڕۆژگارێكدایە كە ئیدی بەرەو شێوازەكەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، چونكە ئەو پەرەسەندن و پێشهاتانەی ڕوویان داوە لە پەیوەندی بە بەجیهانیبوونەوە، ناكرێت بەو ئاسانییە كۆتاییان پێ بێت و پێچەوانە ببنەوە، یان با بڵێین ڕاستە كە بەجیهانیبوون چەندین پێشكەوتن و دەرفەت و گەشەكردنی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لایەن و ڕەهەندێ خراپ و نەرێنیشی هەیە، بەتایبەتی ئەگەر ئێمە لەو نایەكسانییە بڕوانین كە لە دەرئەنجامی هەڵكشان و خێرابوونی ڕەوتی بەجیهانیبوون هاتنەئاراوە. بۆ ئەوەی بتوانم بەرگری لە بۆچوونەكەم بكەم، دەربارەی ئەوەی كە ناكرێت بڵێین ئەم ڕەوتی بەجیهانیبوونە كۆتایی هاتووە، ئەوا دەكرێت بڵێین كە چەندین بەرگری و بەرهەڵستی دروست بووە بۆ لایەن و ڕەهەند و پەرەسەندنە نەرێنییەكانی.

* زۆرجار ئەگەر لە پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم بڕوانین، ئەوا نكۆڵی لەوە ناكرێت كە هاوشان بووە بە ڕۆژگارێك كە تێیدا شەڕ و خوێنڕێژی و كاولكاری ڕووی داوە، بەتایبەتی كە هەندێ ناسیۆنالیزم ڕەوایەتییان بە خۆیان داوە كە هەوڵی لەناوبردنی نەتەوەكانی دیكە بدەن، بەو پاساوەی كە ئەوان نەتەوەیەكی باڵاتر و پاكترن، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و لە ڕۆژگاری ئێستادا چۆن خوێندنەوەی بۆ دەكەن؟

- من دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە هەندێ جار لێكدانەوە و تێڕوانینی دۆخێكی لەم چەشنە دەخوڵقێنن، بەتایبەتی ئەگەر ئێمە لەو لێكدانەوەیە بڕوانین كە پێی وایە هەندێ كۆسپ و تەگەرە هەن لە بەردەم بەرەوپێشچوون و باڵابوونی نەتەوەدا كە پێویستە كار بۆ نەهێشتن و لەناوبردنیان بكرێت، كە ئەگەر ئەم تێڕوانینە لە ئارادا بووبێت، ئەوا لە دەرئەنجامدا سەری كێشاوە بۆ سەرهەڵدانی داگیركاری و دوژمنكاری و ڕكابەری. لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت بڵێین سەرتاپای مێژوو و پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم بەم شێوەیە بووە، یان ڕەنگە نەتوانرێت بوترێت كە هەمیشە ناسیۆنالیزم هاوشان بووە بەم پەرەسەندنە، واتە هەمیشە دوژمنكاری و داگیركاری كاری بەرهەم نەهێناوە، یان با بڵێین مەرج نییە هەمیشە بەم شێوەیە بێت، خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە زۆرجار ناسیۆنالیزم بەكار هێنراوە، یان كراوەتە بیانوو و پاساوێك بۆ شەرعیەتدان بە ئەنجامدانی نادادی و خراپەكاری لە دژی گەلان و نەتەوەكانی دیكە. كە دەبێت لەم ڕووەوە كار بكرێت بۆ پێچەوانەكردنەوەی ئەم نادادییە و ڕاستكردنەوەی ئەو نەهامەتی و ناهەموارییانەی بە هۆی ناسیۆنالیزمەوە، یان بە ناوی ناسیۆنالیزمەوە بەسەر هەندێ لە گەلان و وڵاتاندا هاتووە.

* ئەگەر لە وەڵامەكانی ئێوە ئەو دەرئەنجامە بەدەست بهێنین كە دەكرێت ناسیۆنالیزم بە هەردوو ئاراستەكەدا بڕوات، مەبەستمان ئەوەیە چەند شێوەیەكی جیاوازی ناسیۆنالیزم لە ئارادایە، ئایا دەتوانین بڵێین ناسیۆنالیزمێكی كراوە هەیە كە ئیرادە و ئامادەیی ئەوەی هەیە لەگەڵ گەلان و نەتەوەكانی دیكەی بە ئاشتییانە و ئارامی بژێیت، و ناسیۆنالیزمێكی دیكە هەیە تەواو پێچەوانەیە؟

- من لە وەڵامی پرسیارێكی پێشوومدا ئاماژەم بەوە كرد كە جۆرێك، یان ڕەوتێك هەیە كە تەنیا و تەنیا نەتەوەكەی خۆی بە باڵا و پێكهاتە و ڕەگەزێكی باشتر لە قەڵەم دەدات، لەم ڕووەوە ئامادەیی و ئیرادەی ئەوەی نییە بكرێتەوە بە ڕووی كۆمەڵگە و نەتەوەكانی دیكەدا، بەڵام نابێت لەم ڕووەوە ئەو ڕاستییە، یان پەرەسەندنە فەرامۆش بكەین و ناكرێت نادیدەی بگرین كە پەیوەستە بەوەی كە ڕەوتی بەجیهانیبوون بە چەشنێك بووە كە هەمووان وەك یەك تێیدا سوودمەند و بەهرەمەند نەبوون لە بەرهەم و دەرئەنجامەكانی، ئەمەش دۆخێكی نالەبار و ناهەمواری دروست كردووە، كە جۆرێك لە هەستی پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی لای ئەو خەڵكانە دروست كردووە كە وەك پێویست سوودمەند نەبوون لە دەرئەنجامەكانی بەجیهانیبوون، كە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پەرچەكردار و كاردانەوەیان هەبێت، وەك ناڕەزایەتی دەربڕین و گوزارشتكردن لە ڕەتكردنەوەیان بۆ ئەو دۆخەی دروست بووە و هاتووەتە ئاراوە.

*  ئەگەر لەسەر پەیوەندیی نێوان ئایین و ناسیۆنالیزم بوەستین، ئایا پێت وایە كارلێك و بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی نێوانیانیان بە چ ئاراستەیەكدا بووە؟ ئایا پێت وایە ئایین تێكهەڵكێشی پرسە ناسیۆنالیستییەكە كراوە؟ ئەگەر وایە ئایا ئەمە چ كاریگەرییەكی دروست كردووە، یان چ ئاكامێكی لێ كەوتووەتەوە؟

- ئەوەی لەم ڕووەوە بەدی دەكرێت و سەرنج دراوە، ئەوەیە كارلێك و پێكداچوون هەبووە لە نێوانیادا، بە چەشنێك هەندێك جار پرسە ئایینییەكان، یان خودی ئایین خۆی بەكار هێنراوە بۆ ئەوەی ئامانج و كردارە ناسیۆنالیستییەكان لە بەرگ و ڕواڵەتێكدا بخرێنەڕوو كە مایەی قبووڵكردن و پەسەندكردن بن، ئەگەرچی ئەو كردارە و ئامانجانەش نەرێنی بن، یان دەرئەنجامی نالەبار و ناهەمواریان لێ بكەوێتەوە لەسەر گەل و نەتەوەیەكی دیكە. كە زۆر جار ئایین بە قووڵی ڕۆدەچێننە نێو سیستمەكە بە مەبەستی ئەوەی بتوانرێت ئاسانتر ئامانجە نەتەوەییەكان بەدی بهێنرێت. بەڵام دەبێت لەم ڕووەوە ئاگامان لەو ڕاستییەش بێت كە ڕەنگە نەتوانین بڵێین تێكڕا و تەواوی ڕەفتارەكانی دەوڵەت لەم حاڵەتەدا بە بەرگێكی ئایینی ڕەنگڕێژ دەبێت. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە كە بڵێین ناكرێت ڕۆڵی ئایین نادیدە بگرین لە پەیوەندی بەو ڕەوت و ڕوگە سیاسییەی هەندێ لە وڵاتان پێیدا ڕۆیشتوون و پێیدا تێپەڕیون.

Top