تاریق حەیدەری قائیمقامی شاری كۆیە بۆ گوڵان:   15 ملیار دینار بۆ ڕێگەوبانی گوندەكانی سنووری كۆیە تەرخان كراوە

تاریق حەیدەری  قائیمقامی شاری كۆیە بۆ گوڵان:     15 ملیار دینار بۆ ڕێگەوبانی گوندەكانی سنووری كۆیە تەرخان كراوە

 

 

 

شاری كۆیە شارێكی گرنگ و مەڵبەندێكی گەورەی ڕۆشنبیرییە و شایستەی ئەوەیە هەموو خزمەتگوازرییەكی پێویستی بۆ دەستەبەر بكرێت، بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئەم شارە لە ڕووی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ژێرخایەنەكانەوە، گوڵان دیدارێكی لەگەڵ تاریق حەیدەری قائیمقامی شاری كۆیە ئەنجام دا.

 

* شارۆچكەی كۆیە چەند ناحیە و گوند لە سنوورەكەیدا هەیە و ژمارەی دانیشتووانەكەی چەندە و زیاتر بە چ كارو پیشەیەكەوە خەریكن؟

- قەزای كۆیە لە سەنتەری قەزا و ناحیەكانی شۆڕش كە بە (دێگەڵە) ناو دەبرێت و تەقتەق و سێگردكان و ئاشتی و سیكتان و 180 گوند پێك هاتووە و، بە شێوەیەكی گشتی ناوچەیەكی نەوتییە، كە دوو كێڵگەی گەورەی نەوتی تێدایە، كە كێڵگەی (شیواشۆك و شیوەشار)ن، بەڵام كێڵگەی نەوتی شیوەشار لە ئێستادا داخراوە و خەڵكی سنوورەكە بەشێكی كارمەند و فەرمانبەری حكومەتە و، بەشێكی دیكەشی خەریكی ئاژەڵداری و كشتوكاڵن و، ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری شارەكە نزیكەی 100 هەزار كەسە و بەگشتی سنوورەكە 170 هەزار كەس دانیشتووانیەتی.

* ئایا ئەو پڕۆژەی ڕێگەوبانانەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بۆ سنووری شاری كۆیە جێبەجێ كراون، چین و داواكاریتان لەو بارەیەوە چییە؟

- لە ڕێگەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەوە لە ماوەی ساڵ و نیوێكی ڕابردوو 15ملیار دینار بۆ ڕێگەوبانی گوندەكانی دەشتی كۆیە تەرخان كراوە، كە ئەم پڕۆژانە زۆر باش و گرنگ بوون، ئەمەش وای كردووە هاتووچۆی نێوان گوند و شارەكە ئاسان بێت، كە هەندێك لە گوندەكانیشی بە سەنتەری كۆیە گەیاندووە، بەڵام ئەوەی لەلای خەڵك و ئیدارەكەش گرنگە، پڕۆژەی بەدووسایدكردنی نێوان كۆیە بۆ هەولێرە كە بە چوار قۆناغ بە تۆنێلەكەشەوە دەبوو تا ئێستا تەواو بكرایە، كە بڕی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەكەش بریتییە لە 427ملیار دینار، بەڵام بەداخەوە پڕۆژەكە هەندێك كاری تێدا كرا و تا ئێستا ڕاوەستاوە. هەروەها تۆنێلی هەیبەت سوڵتان یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییەكانە كە ڕێگەی هەولێر- كۆیەی بە ڕێگەی سلێمانی – ڕانیەوە دەبەستەوە، كە بودجەی تەرخانكراو بۆی 159 ملیار دینار بوو، كە 6%ی تا ئێستا تەواو كراوە، ئەگەرچی لە دەستپێكردنی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2014وە پڕۆژەكە تا ئێستا ڕاوەستاوە، بەڵام هەوڵ دراوە لە بری ئەو ڕێگەیە بۆ ڕانیە، ڕێگەیەكی دیكە دروست بكرێت، كە كۆیە بە ڕانیەوە ببەستێتەوە، كە ئێستا دەرخستە و داواكارییەكە لە ئەنجومەنی وەزیرانە و لە چاوەڕوانیداین كە ئەو پڕۆژەیە دەربچێت و جێبەجێ بكرێت، ڕێگەی 40 مەتری لە شاری كۆیە ئێستا لە ژێر جێبەجێكردندایە كە زیاتر لە شەش ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە و، پڕۆژەی چوارڕێیانی حاجی قادر كە پڕۆژەیەكی وەزارەتی شارەوانییە و بڕی بودجەكەی 7 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ دانراوە.

* ئایا وشكەساڵی كاریگەری لەسەر كەمیی ئاوی خواردنەوە لەم دەڤەرە هەبووە؟ چ پڕۆژەیەكی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوەتان بۆ شاری كۆیە هەیە؟

- بێگومان لە ساڵی ڕابردوو وشكەساڵی كاریگەریی زۆری لەسەر دابەزینی ئاوی ژێر زەوی دروست كرد و چەندین بیری ئاوی خواردنەوە لە ناو شار و سنووری كۆیە وشكیان كرد، یان ئاویان كەمی كرد، بەپێی ئەو بەرنامەو پلان و دەرخستانەی ئەنجاممان داوە بۆیان، كە لە مانگی شەش و حەوت دەستمان بەو كارانە كرد، بەڵام دواكەوت، لە ئێستادا یەك ملیار دینار لە پارێزگای هەولێرەوە بۆ شاری كۆیە تەرخان كراوە، كە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین چەندین بیری تازە هەڵبكەنین و تۆڕی ئاوی خواردنەوەی گوندەكان چارەسەر بكرێن. پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی كلێسە كە ئاوی خواردنەوە لە زێی بچووكەوە بۆ شاری كۆیە دەهێنێت و پڕۆژەیەكی دیكەش ئاو لە تەقتەقەوە بۆ كۆیە دەهێنێت، ئەوە هەردوو پڕۆژەكە كاردەكەن و بەردەوام ئاوی خواردنەوە بۆ شارەكە دابین دەكەن، ئەمساڵ توانران بڕی زیاتر لە ملیارێك دینار بۆ بەهێزكردنی و زیاتر هێنانی ئاو لە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی كلێسە تەرخان بكرێت، توانرا لە ڕێگەی ئەو دوو پڕۆژەیە و لێدانی بیری تازەوە، كێشە و گرفتی ئاوی خواردنەوە تا ئاستێكی باش چارەسەر بكرێت.

* ئایا وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا و وێستگەكانی گەیاندن و دابەشكردنی 132 و 33 كەیڤیتان هەیە؟

- كۆیە هەر وەك شارەكانی دیكەی كوردستان لە بارەی كارەباوە كێشە و گرفتی زۆرە، ئەگەرچی بەپێی ئەو پلان و بەرنامانەی لە وەزارەتی كارەبا هەیە، دەیانەوێت بەرەبەرە كێشەكان بەرەو كەمی بچێت، لە ئێستادا پڕۆژەی كارەبای 132 كەی ڤی بە دەشتی كۆیەدا دەڕوات، كاركردن تێیدا بەردەوامە و پاش ماوەیەكی دیكە كۆتایی پێ دێت، چەند وێستەگی بچووكی كارەبامان هەیە لە ناو شاری كۆیە كە دووان لەو وێستگانە لە نزیك بارەگای حزبەكانی ڕۆژهەڵاتن و لەو بارودۆخەی ئێستادا ناتوانرێت سوودیان لێ وەربگیرێت.

* ئایا لە كەرتی پەروەردەدا تا چەند پێویستیتان بە دروستكردنی بینایەی قوتابخانە و نۆژەنكردنەوەیان هەیە؟

- كۆیە لە كۆنەوە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە لە بواری پەروەردە و فێركردنەوە و ساڵانە قوتابیانی ناوشار و سنوورەكە، لە یەكەم و دووەم و سێیەمی سەر ئاستی پۆلی 12ی كۆتایی پشكی خۆی بووە، بەڵام بەداخەوە بینایەكانی خوێندن زۆریان لەناو شار و سنوورەكە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە و ئەو بینایانەی قوتابخانانەی لە شاری كۆیە هەن، زۆربەیان هی ساڵانی 60و 70 و 80 ی سەدەی ڕابردوون. لەو سەردانەی كە وەزیری پەروەردە لە كاتی مووشەكبارانەكەدا بۆ شاری كۆیە ئەنجامی دا، بڕیاری دا بە سەندویج پەنەڵ قوتابخانەیەكی 27 پۆلی بۆ شاری كۆیە دروست بكرێت، هەر لە ڕێگەی وەزیری پەروەردەوە كە داوامان كرد بیانایەكی دیكەی قوتابخانەمان بۆ دروست بكرێت، لەمەشدا لە ڕێگەی بەڕێزیانەوە وەبەرهێنێك هات سەردانی كردین و وا بڕیارە بینایەی قوتابخانەیەكی 18 پۆلیمان بۆ دروست بكەن، شوێنەكەشی بۆ دیاری كراوە و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا وەزیری پەروەردە بەردی بناغەی ئەو قوتابخانەیەشمان بۆ دابنێت. تا ئێستا لە بینایەی قوتابخانەكانی كۆیەدا سێ دەوامی ماوە، ئەمەش لەلایەك لەبەر كەمیی بینایەی خوێندن و لەلایەكی دیكەوە لە ئەمساڵدا بە هۆی مووشەكبارانەوە پێنج ناوەندی خوێندن داخراون، كە ئەمەش كاریگەری خۆی هەبووە، هەروەها لە ساڵی ڕابردوو دەزگای ڕوانگە، یەك دوو بینایەی قوتابخانەی بۆ نۆژەن كردینەوە و ئەمساڵیش ڕێكخراوی خێرخوازیی بارزانی پێنج قوتابخانەی بۆ نۆژەن كردینەوە و ڕێكخراوی ڕێباز فودێشن ئێستا خەریكن چەندین قوتابخانە نۆژەن دەكەنەوە، میلاكاتیش زیاتر بە وانەبێژییە، ماوە ماوەش ئەو مامۆستایانەی وانەبێژ بە مەبەستی دامەزراندنیان دەنگیان بەرز دەكەنەوە و دێنە شەقام و بایكۆتی خوێندن دەكەن.

* ئایا كەرتی تەندروستی كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكەوە هەیە لە چ ئاستێكدایە؟

- لە سەنتەری شارەكەدا چەند بیانایەكی نەخۆشخانە و بنكەیەكی تەندروستی هەیە، ئەوەی بەرچاوە زیاتر نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێلەییە بەناوی نەخۆشخانەی شەهید خالید لە ناو شاری كۆیە، بەڵام داودەرمانی وەك پێویست نییە و خەڵك لەو بارەیەوە گلەیی زۆریان هەیە، كارمەند و كادیری پزیشكییش بەپێی پێویست لە كۆیە نییە، هەر بۆیە هەوڵمان داوە كەرتی تایبەت لەو بارەوە بێن و خزمەت بە خەڵك بكەن، ئێستا لە مامەڵەدایە كە دوو نەخۆشخانەی ئەهلی لە شارەكە بكرێتەوە، هاوكات لە هەر ناحیە و لە چەندین گوندیش بنكەی تەندروستی هەن، كە خەڵك دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن.

* شاری كۆیە چەندین شوێنەواری مێژوویی تێدایە، ئایا هەوڵ دراوە ئەو شوێنانە بپارێزن و ناویان لە ڕێكخراوە جیهانییەكاندا، بەتایبەت لە یونسكۆ تۆمار بكەن؟

- كۆیە ناوەندێكی شارستانی و ڕۆشنبیریی گەورە و بەرچاوە و ناوەندێكی گرنگی بازرگانییش بووە، هەر بۆیە لە كۆیە چەندین شوێنی كۆن هەن، لەوانەی كە لەلای خۆمان تۆمار كراوە (86) بینایە كە یەكێك لەوانە قشڵەی كۆیەیە، كە لە كاتی خۆی لەسەر ئەركی مام جەلال نۆژەن كراوەتەوە و هەندێ لەو خانوو و بینایانەی دیكەش وێران بوون و لە داڕووخاندان، لەوانە ماڵی مەلای گەورەی كۆیە و خانووی مەلا ڕەئووفی باوكی دڵداری شاعیر، بۆ نموونە ئەو دوو خانووانە كەوتوونەتە بەر ڕەحمەتی داڕووخان و لە ناوچوون. نووسراومان بۆ لایەنی پەیوەندیدار كردووە كە ئەو شوێنە مێژووییانە لە داڕووخان و فەوتان بیانپارێزن، چونكە دیواری هەندێ لەو خانووانە شەش مەتر بەرزن و مەترسیی ئەوەمان لەسەریانە بڕووخێن و خەڵك بكەوێتە ژێری و تووشی كارەسات ببین. ئێستا لە ڕێگەی ڕێكخراوی وادی ئەڵمانییەوە هەوڵ دراوە بینایەی مەحموود ئاغا نۆژەن بكەنەوە، كە بینایەكی زۆر گەورەیە و شوێنی بازرگانی و حەوانەوەی بازرگانانی سەردەمی كۆن بووە، ئەوە لەلایەن ئەو ڕێكخراوە ئەڵمانییەوە لە سەرەتای ساڵی 2023 دەست بە نۆژەنكردنەوەی دەكەن.

* شوێنی گەشتیاری لە شاری كۆیە و سنوورەكەی زۆرە، بۆیە دەپرسین لە بواری گەشتوگوزاردا چیتان بۆ كۆیە و سنوورەكەی كردووە؟ ئایا ماستەرپلانی گەشتیاریتان هەیە؟

- بۆ ئەو مەبەستە چەندین جار سەردانی دەستەی گەشتوزارمان كردووە و سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاریش لە ماوەی ڕابردوو سەردانی كردووین، كۆیە زۆر شوێنی باش و گونجاوی بۆ پڕۆژەی گەشتیاری هەیە، ئێستا لە ناحیەی ئاشتی لەسەر زێی بچووك چەند شوێنێكی گەشتیاریی جوان دروست كراون و لە ناحیەی تەقتەق بە هەمان شێوە چەندین شوێنی گەشتیاری دروست كراون كە گەشتیاران بەردەوام سەردانی دەكەن، لەسەر چیای كۆساریش پڕۆژەیەكی گەشتیاریی زۆر جوان هەیە، ئەگەرچی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە هۆی قەیرانی داراییەوە كاریگەریی خراپ لەسەر كەرتی گەشتیاری دروست بووە.

* ئایا هیچ پڕۆژەیەكی ئاودێری و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە سنوورەكەدا جێبەجێ كراوە؟

- پڕۆژەیەكی ئاودێری لە بەرنامە و پلاندا بوو كە لە زێی بچووكەوە ئاو بۆ دەشت و ناوچە كشتوكاڵییەكانی كۆیە بهێنێت، كە بیرۆكەی مام جەلال بوو بڕی 73ملیار دیناریشی بۆ تەرخان كرابوو، هەندێك كار لە پڕۆژەكەدا دەستی پێ كرد، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی لە دوای ساڵی 2014 ڕاوەستاوە، لەم ساڵانەی دواییدا چەندین بەنداوی گرنگ دروست كراون، وەك بەنداوی حەمامۆك و سماقوڵی و شەوگێڕ و چەندین بەنداویش كاركردن تێیاندا ڕاوەستاوە، بە تەواوبوون و دروستكردنی ئەو بەنداو و پۆنتانەی لە سنوورەكەدا هەیە، كەرتی كشتوكاڵ تەكانێكی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت و گەشە دەكات و پێش دەكەوێت.

* ئایا كردنەوەی ناوچەی پیشەسازی بۆ كۆیە لە بەرنامەدا هەیە؟

- بڕیار دراوە ناوچەیەكی پیشەسازی لە شاری كۆیە دابمەزرێت كە لە سەرەتادا 183 دۆنم زەوی بۆ دیاری كرا، پاشان ئەو ڕووبەرە زیاد كرا بۆ 500 دۆنم زەوی و لە ئێستادا پڕۆژەكە گرنگیی زۆرتری پێ دراوە، بۆیە 1100 دۆنم زەوی بۆ ناوچەی پیشەسازی دیاری كراوە، پڕۆژەكە ئێستا لە قۆناغی دیزاینكردندایە و بە تەواوبوونی ژمارەیەكی زۆر هەلی كاریش بۆ ناوچەكە دەستەبەر دەبێت و گەشەیەكی زۆر بە ئابووریی كۆیە و سنوورەكە دەدات.

Top