شاندی حکومەتی هەرێم و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کۆبوونەوە

شاندی حکومەتی هەرێم و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کۆبوونەوە

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لە شاری بەغدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا سەردانی بانکی ناوەندی فیدراڵیان کرد و لەلایەن مستەفا غالب، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقەوە پێشوازی کران.

لە دیدارێکدا کە ئیحسان ئەلیاسری، ڕاوێژکاری بانکی ناوەندی ئامادەی بوو، هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی نێوانیان کردەوە لەبارەی رێکخستنەوەی کەرتی بانکی و بەردەوامیدان بە تەواوکردنی ڕێکارەکانی دروستکردنی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان بتوانن سودی لێوەر بگرن.

ماوەی دوو ڕۆژە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر چەند پرسێکی گرنگی تایبەت بە شایستەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، سەردانی بەغدایان کردووە و چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢

Top