پارێزراوە سرووشتییەكان
پارێزراوە سرووشتییەكان ئەو ناوچانەن كە ڕەهەندێكی جوگرافیی دیاریكراویان هەیە و، بەپێی یاسا و پەیڕەوێكی دیاریكراویش پارێزگارییان لێ دەكرێت، لە هەر زیانپێگەیاندنێكی مرۆیی، یان سرووشتی.
پارێزراوە سرووشتییەكان لە ڕووی ژینگەییەوە گرنگیی زۆریان هەیە، لەوانە:
یەكەم: پارێزگاریكردن لە سیستمی ژینگەیی.
دووەم: پاراستنی هەمەچەشنیی بایۆڵۆژی.
سێیەم: بەدیهێنانی هاوسەنگیی ژینگەیی.
چوارەم: ڕێگرتن لە كەمبوون و لەناوچوونی زیندەوەران.
لە ڕووی ئابووریشەوە پارێزراوە سرووشتییەكان گرنگیی زۆریان هەیە، لەوانە:
یەكەم: بۆ وەبەرهێنانی ژینگەیی.
دووەم: بۆ خستنە سەر كار و دۆزینەوەی هەلی كار.
سێیەم: دابینكردنی دەرامەت بۆ دانیشتووانی ناوچەكە.
چوارەم: ئەنجامدانی گەشتی تایبەت و توێژینەوەی زانستی.
پێنجەم: بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان.
شەشەم: كرانەوەی كۆمەڵگە داخراوەكان بە ڕووی كەلتوورە جیاوازەكاندا.
حەوتەم: وەك میكانیزمێك بۆ گۆڕینی جۆری بیركردنەوە و ڕەفتاری باش بەرانبەر بە ژینگە.
لە ڕووی بەرگری بۆ مانەوە و پاراستنیش، پارێزراوە سرووشتییەكان سوودی زۆریان هەیە، لەوانە:
یەكەم: چوونە نێو لیستی كەلەپووری نیشتمانی و جیهانی.
دووەم: تۆماركردنیان لە یەكێتی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەكان.
سێیەم: دابینكردنی پشتگیریی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی ناوچەكە لە شەڕ و هەڕەشە سەربازییەكان.
لە ڕووی ئاو و هەواشەوە، دەتوانرێت دۆسێی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا بخرێتە نێو پلانەكانی بەڕێوەبردنی پارێزراوە سرووشتییەكان لەبەر ئەوەی پارێزراوە سرووشتییەكان ڕۆڵی زۆریان هەیە، لە:
یەكەم: كەمكردنەوەی بڕی گازە گەرمكارەكان.
دووەم: گونجاندنی دەوروبەر لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوادا.
سێیەم: هێشتنەوەی زیندەجۆرەكان بۆ مانەوە لە نێو سنوورە پارێزراوەكەدا.
چوارەم: بەجێهێنانی مەرجەكانی یەكێتیی نێودەوڵەتیی پاراستنی سرووشت (ئای یو سی ئێن).
لە ڕووی توانا مرۆییەكانیشەوە، پارێزراوە سرووشتییەكان هۆكارن بۆ ئەنجامدانی چالاكیی وەك:
یەكەم: ڕاهێنانی كارمەندان لە ناوخۆ و دەرەوە لە بواری ئیكۆ سیستەمدا.
دووەم: ڕووماڵكردنی جۆرەكانی باڵندە و شیردەرەكان و خشۆك و وشكاوەكییەكان و جۆرەكانی ڕووەك.
سێیەم: ناسینی ژینگە جیاوازەكان.
چوارەم: بەشداریكردن لە سیمینار و كۆنگرە زانستییەكاندا.
پێنجەم: ئامادەكردنی كتێب و نامیلكە لە بارەی ناساندن و دیاركردنی تۆڕی پارێزراوە سرووشتییەكانەوە.
شەشەم: دروستكردنی كورتە فیلم لە بارەی پارێزراوە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە.
حەوتەم: ئەنجامدانی دیدار و دیمانەی ڤیدیۆیی لە بارەی ناوچەكەوە.
هەشتەم: ڕێكخستنی گەشتی میدیایی بۆ ناسینی ناوچەكانی پارێزراوە سرووشتییەكان.
نۆیەم: سازدانی كۆڕ و سمیناری تایبەت بە ڕۆڵی كەرتی تایبەت و كۆمەڵگەی مەدەنی.
دەیەم: ئەنجامدانی پێشبڕكێ بۆ دیاركردنی باشترین دەستپێشخەری بۆ پارێزراوە سرووشتییەكان.
لە بارەی پارێزراوە سرووشتییەكان لە هەرێمی كوردستانیشەوە، لە ڕوانگەی ئەوەی كە بایەخدان بە بایۆدایڤێرسیتی و هەمەجۆریی زیندەوەران بەشێكە لە دەستووری عێراق و لە خاڵی دووەم لە ماددەی 33دا هاتووە كە «دەوڵەت پاراستنی ژینگە و هەمەجۆریی زیندەوەران لەئەستۆ دەگرێت و پارێزگارییان لێ دەكات». دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان ئەم هەنگاوانەی ناوە:
یەكەم: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكەم جار پەیڕەوی ژمارە 9ی لەساڵی 2011 ی خستە بواری جێبەجێكردنەوە.
دووەم: ڕێزدار سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 سەرۆكی دەستەی ژینگەی وەك سەرۆكی لێژنەی باڵای پارێزراوە سرووشتییەكان دیاری كرد.
سێیەم: بۆ ئەم مەبەستە سەرۆكی لێژنەی باڵای پارێزراوە سرووشتییەكان یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی لێژنەی باڵا ئەنجام دا، كە ئەوانیش بریتی بوون لە هەر یەكە لە بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كشتوكاڵ، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، نوێنەری دەستەی ژینگە، ڕاوێژكاری زانستی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.
چوارەم: سەرۆكی لێژنەی باڵا، شەش لێژنەی فەرعی پێك هێنا لە سنووری هەر یەك لە هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ ئەم كارە.
پێنجەم: لە ئێستا لە قۆناغی پێكهێنانی تیمی تایبەتین بۆ ئیدارەدانی چەند پارێزراوەیەكی سرووشتیی وەك: بارزان، هەڵگورد سەكران، قەرەداغ، پیرەمەگروون، زورگەزراو.
شەشەم: لێژنەی فەرعی لە هەر یەك لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان، ڕاپەڕین خەریكی دەستنیشانكردنی ئەو ناوچانەن، كە پێویستە لە ئایندەدا بكرێنە پارێزراوەی سرووشتی و، بە لیستێك دەینێرن بۆ لێژنەی باڵا، لێژنەی باڵاش دەیداتە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕەزامەندیدان لەسەریان، پاشان دەستەی ژینگە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق كار دەكات بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی یەكێتیی نێودەوڵەتیی پاراستنی سرووشت (ئای یو سی ئێن).