رەشماڵی كوردەواری پەناگەیەك بۆ ژیانی جاران

رەشماڵی كوردەواری پەناگەیەك بۆ ژیانی جاران

رەشماڵ لە ژیانی كوردەواریدا ئارامگە و پەناگەیەكی گرنگی رۆژانەی ژیان و تەنانەت خەباتی پێشمەرگە و ماڵ و حاڵی زۆربەی ژیانی جاران بووە، رەشماڵ و خیوەت وەك كەرەستەیەك بۆ بەسەربردنی ژیان لە كۆندا بەكار هاتووە. وشەی رەشماڵ هەروەها تاوڵی پێ دەگوترێت، بە مانای دەواری رەشی هەڵدراو دێت، رەشماڵ لە پانزدە بەڵاسی پانی و درێژی تەختە هەڵدەواسرێت، ئەم بەڵاسانەش لە مووی بزن دەچێندرێت، كۆچەران وەك چادر هەڵی دەدەن. چۆنێتیی هۆنینەوە و دامەزراندنی رەشماڵ بەم شێوەیەیە: دوای ئەوەی وادەی موو بڕینەوە بە برینگ دێت، مووی بزن كۆ دەكرێنەوە و دەڕێسڕێت، تاوەكو ببێتە بەن و، پاشان تەونی بۆ ساز دەكرێت و نەخشەی پارچەكانی دیاری دەكرێت و دەست بە چنینی دەكرێت، كە بریتییە لە سێ جۆر پارچە، ئەوانیش: بەشی سەرەوە و تەنیشت و خوارەوە، بەشی پێشەوەشی پێ دەگوترێت چیغ، لە بەشی سەرەوە ئەستووندە هەیە لە رەشماڵدا كە بۆ وەستان و راگرتنی رەشماڵەكە بەكاردێت، هەندێ رەشماڵ زیاتر لە ئەستووندەیەكی پێویستە، هەروەها پێویستە بە چەندین سنگ ببەسترێتەوە تاوەكو بەرگەی باو و بارانی بەهێز بگرێت، كەشی ناو رەشماڵ لە هاوین فێنكە و لە زستاندا گەرمە، لە دەوروبەری رەشماڵ جۆگەیەكی بە قووڵایی بستێك لێ دەدرێت بۆ ئەوەی ئاوی باران، یان ئاوی دیكە نەچێتە ژێر رەشماڵەكە، پێویستە شوێنەكەی راستایی بێت و هەروەها پەنا گەروو یان پەنا شاخ بێت، ئەوەش تاوەكو لە بای بەهێزی زستان پارێزراو بێت، ئەو رشماڵە بچووكە لە فیستیڤاڵی سپی و ماست و كەلوپەل و خواردنی خۆماڵی نمایش كرابوو، بەڵام لەو رەشماڵەدا گورینگ (گوڵەنگ)بەسترابوو، تاوەكو زیاتر جوانتر بێت، ئەو بووكۆڵانەش دانراون وەك ژن و پیاو، بە مانای ئەوەی پیاو و ئافرەت یەكسانن و هاوكاری رۆژانەی ژیانی یەكتر دەكەن.

 

Top