سکرتێرى گشتیى YNDK : پێویستە شوێنەوارى دوو ئیدارەیى نەهێلین و کوردستان بکەین بە یەک زۆن

سکرتێرى گشتیى YNDK :  پێویستە شوێنەوارى دوو ئیدارەیى نەهێلین و کوردستان بکەین بە یەک زۆن

غەفوور مەخموورى لە بەشدارى کۆبوونەوەى فراوانى حیزبە کوردستانییەکاندا:

پێویستە شوێنەوارى دوو ئیدارەیى نەهێلین و کوردستان بکەین بە یەک زۆن و حکومەتى کوردستان بکەین بە حکومەتێکى یەکگرتوو و بەهێز

 

 

 ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2022 ، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لەسەر بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھاوینەھەواری دوکان لە ماڵی مام جەلال تاڵەبانى، بەشدارى کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانى کرد، ئامانج لە کۆبوونەوەکە خورتکردنى دیالۆگی نیشتمانی بوو بۆ یەکڕیزی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە باشوورى کوردستان و عێراق و، گفتوگۆکردن لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی کوردستان و عیراق و ناوچەکە بوو.

  لە کۆبوونەوەکەدا غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK روانینى YNDK ى خستەڕوو و وتى : (پێویستە هەموو لایەکمان کاربکەین کەوا شوێنەوارى دوو ئیدارەیى نەهێلین و هەموو کوردستان بکەین بە یەک زۆن و حکومەتى کوردستان بکەین بە حکومەتێکى یەکگرتوو و بەهێز کەوا ئیدارەى هەموو کوردستان بکات و، خاوەن یەک لەشکرى یەکگرتوو بین بۆ ئەمەش پێویستە بە زووترین کات هێزى پێشمەرگەى کوردستان یەکبخرێتىەوە، هەروەها پێویستە هێزەکانى پۆلیس و دەزگاکانى ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان یەکبخرێنەوەو لەژێر رکێفى حکومەتدابن نەک حزبەکان، هەروەها پێویستە هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ داڕشتنەوەى پرۆژەى دەستوورى کوردستان، ناکرێ تا سەر بێ دەستوور بمێنینەوە.).

 هەروەها مەخموورى بۆ چارەسەرکردنى پرسى دارایى و کۆکردنەوەى داهاتەکانى کوردستان وتى: (پێویستە حکومەتى کوردستان سندوقى داهاتى نەتەوەیى دابمەزرێنێت و هەموو داهاتەکانى کوردستان، داهاتى نەوت و سنوورەکان و داهاتەکانى ناوخۆ بهێنرێنەوە ئەو سندوقەو حکومەتى کوردستان بەپێى پێویستى ناوچەکانى کوردستان سەرفیان بکات و بیانخاتە خزمەتى گەلى کوردستان.).

  سکرتێرى گشتیى YNDK سەبارەت بە چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى نێوان کوردستان و عێراق وتى: (کێشەى ئێمە لەگەڵ عێراق کێشەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانییە نەک کێشەیەکى حزبى بۆیە پێویستە شاندى کوردستان لەگەڵ عێراق لە گفتوگۆدابن نەک شاندى حزبى و هەر حزبە کە بە تەنها روو لە بەغدا دەکات ئەوە کارێکى هەلەیەو پێویستە راستبکرێتەوە.)، سەبارەت بە داواى عێراق بۆ هێنانى هێزى عێراقى بۆ سەر سنوورەکان، مەخموورى وتى : (گەڕانەوەى هێزى عێراق بۆ سەر سنوورەکان هەرەشەیە بۆ سەر ئەمنییەتى کوردستان و نابێت بەو داوایەى عێراق رازى بین.).  

‏‎ شایانى باسە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھێزو لایەنە کوردستانییەکان کرایەوەو بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت، بەشدارانى کۆبوونەوە ھاوڕابوون لەسەر زەمینەخۆشکردن بۆ فراوانکردن و بەردەوامی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و یەکخستنی ھێزو تواناکان دوور لە تێڕوانینی حزبی بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی کوردستان و عیراق بۆتەوە، بۆ ئەوەى بتوانین بەسەر تەحەددییەکاندا زاڵبین.

‏‎لە بەشێکی دیکەى کۆبوونەوەی ھاوینەھەواری دوکان، كۆی لایەنەکان جەختیانکردەوە لە بەردەوامی دیالۆگی لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە پرۆژەیەکی ھاوبەشی کوردستانى بۆ یەکڕیزی نیشتمانی.

‏‎ كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر خراپی و نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵک كرد و، روونکرایەوە کە ژیان و دۆخی خەڵک گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان ھەنگاوبنێن و ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی ژیانی ھاوڵاتییان و ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسی و ئەمنییەوە.

 بەشدارانى کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەرئەوەى کەوا کاربکرێت بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنێکی باڵا لە ھەرێم کە ھەموو لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشداربن بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە، ئەم ھەنگاوەش بە فاکتەری پاراستنی یەکڕیزی و پارێزگاریکردن لە ئەزموونی ھەرێم و بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک و بەھێزکردن و پارێزگاریکردن لە قەوارەی ھەرێم وەسفکرا.

‏‎ کۆبوونەوەكە پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش و سەروەری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و رووبەڕووبوونەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی راستەقینە کردەوە.

‏‎ بڕیاریشدرا ئەم کۆبوونەوانە لەپێناو تەبایی، یەکھەڵوێستی و یەکڕیزیی کوردستانی بەردەوامی ھەبێت.

Top