دەروازەی سنووریی چەمەن لە نێوان پاکستان و ئەفغانستان کرایەوە

دەروازەی سنووریی چەمەن لە نێوان پاکستان و ئەفغانستان کرایەوە

 

 

دەروازەی سنووریی چەمەن لە نێوان پاکستان و ئەفغانستان کە بەهۆی کوژرانی سەربازێکی پاکستانییەوە داخرابوو، کرایەوە.

چالاکیی دەروازەی سنووریی چەمەن لە نێوان پاکستان و ئەفغانستان کە لە ١٣ی ئەم مانگەدا بەهۆی کوژرانی سەربازێکی پاکستانی لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات بەڕووی هاتوچۆی ڕێبواران و ئۆتۆمبێلدا داخرابوو، دەستیپێکردووە.

بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی پاکستان، دوابەدوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەم وڵاتە و ئەفغانستان بۆ چارەسەرکردنی گرژیی سنووری نێوان هەردوو وڵات، بەرپرسانی تاڵیبان بەڵێنیان داوە کەسی بەرپرسیار لە کوشتنی ئەو سەربازە پاکستانییە ڕادەستی ئەم وڵاتە بکەن.

پێشتر دەسەڵاتدارانی پاکستان ڕایانگەیاندبوو، کە دەروازەی سنووری چەمەن بە شێوەیەکی کاتی داخراوە دوای ئەوەی سەربازێکی پاکستانی کوژرا و سەربازێکی دیکەش بریندار بوو لە تەقەی هێرشبەرێک لە ١٣ی ئەم مانگەدا.

هەروەها دەسەڵاتدارانی پاکستان جەختیان لەوە کردبووەوە کە دەروازە سنوورییەکان بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی هێرشبەرەکە لەلایەن تاڵیبانەوە ڕادەستی دەسەڵاتدارانی پاکستان دەکرێتەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دەروازەی چەمەن لە نێوان ئەفغانستان و پاکستاندا چەندین جار شاهیدی پێکدادانی نێوان هێزە سنوورییەکانی ئەو دوو وڵاتە بووە.

پاکستان سنووری وشکانی بە درێژایی ٢٦٧٠ کیلۆمەتر لەگەڵ ئەفغانستان هاوبەشە و ١٨ دەروازەی سنووری لەگەڵ ئەم وڵاتەدا هەیە. سنووری چەمەن و تۆرخەم بە قەرەباڵغترین دەروازە سنوورییەکانی ئەو دوو وڵاتە دادەنرێت.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top