پەیامى غەفوور مەخموورى سەبارەت بە موشەکبارانکردنى باشوورو رۆژئاواى کوردستان لەلایەن هەردوو وڵاتي تورکیا و كۆمارى ئيسلامي ئێران
- جەماوەرى وڵاتپارێزو خۆڕاگرى کوردستان ...
- هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ...
- بنەماڵەو کەس و کارى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
زۆر بەداخەوە دوێنێ یەکشەممە؛ رێکەوتى 20 / 11 / 2022 وڵاتي دراوسێمان، تورکیا جارێکى دیکە بە فڕۆکەو موشەکى دوورهاوێژ هێرشیکردەوە سەر باشوورو رۆژئاواى کوردستان و، بەرەبەیانى ئەمڕۆش دووشەممە؛ رێکەوتى 21 / 11 / 2022 جارێکى دیکە بنکەو بارەگاکانى حیزبە کوردستانییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە باشوورى كوردستان کەوتنەوە بەر پەلاماری وڵاتى ئێران و، بنکەو بارەگاکانى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لە کۆیە و بارەگاى كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە زڕگوێزو کەمپى پەنابەرانى رۆژهەڵات لە جێژنیکان کرانە ئامانج و موشەکباران کران، لە ئەنجامى ئەو هێرشە تیرۆریستییانەى هەردوو وڵات ((ئێران و تورکیا)) چەند شەڕڤان و پیشمەرگەیەک و چەند هاوڵاتییەکى سڤیل شەهیدو بریندار بوون، ئەو هێرش و دەستدرێژییانەى تورکیا و ئێران بۆ سەر رۆژئاواو باشوورى کوردستان پیلانێکى گڵاوى هەرێمییە دژ گەلەکەمان و تاوانێکە دژ بە تەواوى گەلى کوردستان و مرۆڤایەتی، زۆر بە توندى ئیدانەو مەحکوومى ئەو هێرش و کردەوەى هەردوو وڵات (تورکیا و ئێران) دەکەین .
بە ئامانج گرتنى باشوور و رۆژئاواى کوردستان لەلایەن كۆماري ئيسامي ئێران و توركيا لەم کاتە ناسکەدا، کە تەواوى ناوچەکەو جیهانیش لە رەوشێکى ئاڵۆزدان، هەوڵێکە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنى رەوشى سیاسيى کوردستان و ناوچەکە، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان ئەو هێرش و پەلامارانەى ئيدانه بکەین و، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بکەین سەبارەت بەو هێرشەى تورکیا و ئێران هەڵوێست وەربگرن و بێدەنگ نەمێنن، بێدەنگى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە ئاست ئەم هێرشانەدا کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەخاتە ژێر پرسیارەوە! بێدەنگیان بەرامبەر ئەو هێرشانە ئەوە دەردەخات کە ئەوانیش هاوبەشى ئەو هێرش و تاوانانەن کە بەرامبەر گەلى کوردستان ئەنجامدەدرێن.
سەبارەت بەم هێرشانە حکومەتى عێراق زۆر بێ هەڵوێستە، ئەمەش بەڵگەى ئەوەیە کەوا عێراقیش بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشدارە لەو پیلانە هەرێمییەى دژ بە گەلى کوردستان بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئەگەر حکومەتى عێراق لەو پیلانەدا بەشدار نیە پێویستە چیتر بێدەنگ نەمێنێت کەوا رۆژانە خاک و ئاسمان و ئاوى عێراق پێشێل دەکرێت، ئەمەش وایکردووە عێراق هیچ سەروەرییەکى نەمێنێت و ببێتە وڵاتێکى بێ سەروەرى، لەسەر ئێمەى هێزە کوردستانییەکانیش پێویستە کەوا لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن کار بۆ یەکدەنگى و یەکڕیزى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بکەین و هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین، یەکڕیزى و یەکدەنگیمان دەبێتە باشترین وەڵام بۆ دوژمنان و داگیرکەرانى تیرۆریست و ناحەزانى کوردستان، لێرەوە پرسەو سەرەخۆشى گەرمى خۆمان ئاستەى بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدەکانى ئەو پەلامارانە دەکەین و خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین و، لەهەمان کاتدا هیواى زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
- سەرکەوێ خواستى رەواى گەلى کوردستان
- نەمرى و سەربەرزى بۆ شەهیدانى کوردستان.
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
21 / 11 / 2022