دادوەر كاوە فەتحی مەعسووم سەرۆكی داواكاریی گشتی بۆ گوڵان:   كاری زۆر بۆ پارێزگاریكردن لە موڵكی گشتی كراوە

دادوەر كاوە فەتحی مەعسووم  سەرۆكی داواكاریی گشتی بۆ گوڵان:     كاری زۆر بۆ پارێزگاریكردن  لە موڵكی گشتی كراوە

 

 

ناكرێت نكۆڵی لە گرنگیی ئەرك و كارەكانی دەزگایەكی گرنگی وەك دەزگای داواكاریی گشتی بكرێت، لەم ڕوانگەیەوە و بۆ ئاشنابوون بە كار و ئەرك و پەیكەربەندیی ئەم دەزگایە و كارابوون لەو ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییەی بە گوێرەی یاسا بۆی دیاری كراوە، گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دادوەر كاوە فەتحی مەعسووم سەرۆكی داواكاریی گشتی ئەنجام دا.

 

 

 

* با لە سەرەتاوە بپرسین ئایا ئەرك و كارەكانی داواكاریی گشتی چی دەگرێتەوە؟ هەیكەلی دامەزراوەكەتان چۆنە و دەسەڵاتەكانتان چەندە؟

- دەزگای داواكاریی گشتی یەكێكە لە دەزگاكانی دەسەڵاتی دادوەری و، وەك دەزانن لە هەموو دەوڵەت و حكومەتێكدا دەسەڵاتی دادوەری یەكێكە لە سێ دەسەڵاتەكە كە پێیان دەڵێن دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی جێبەجێكردن، ئێمەش وەك دەزگای داواكاریی گشتی یەكێكین لە پێكهاتەكانی دەسەڵاتی دادوەری، كە پێكهاتە و لایەنێكی سەرەكییە لە دەسەڵاتی دادوەری لە كوردستاندا، لەبەر ئەوەی داواكاریی گشتی نوێنەرایەتیی كۆمەڵگە و چاودێریی شەرعییەت و سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا دەكات، هەر بۆیە ئەگەر ئێمە بمانەوێت یاسا سەروەر بێت، یان بڕیارەكانی دادگا وەك خۆی جێبەجێ بكرێن و ئەو بڕیارانەی لە لای دادوەران دەردەچن، بەپێی یاسا بن، ئەوا هەموو ئەمانە دەكەونە ژێر چاودێریی داواكاریی گشتییەوە. داواكاریی گشتی لەم لایەنەوە سەرپەرشتی و چاودێریی جێبەجێكردنی ئەو یاسایانە دەكات. لەلایەكی دیكەوە بوونی داواكاریی گشتی وەك دەزگایەك لە ناو هەرێم پێویستییەكی گرنگ و گەورەیە و ئەرك و كارەكانی داواكاریی گشتییش بەپێی یاسایی داواكاریی گشتی ژمارە (159)ی ساڵی 1979ی بەركار لە هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، كە لە ماددەی(1)دا باس لە ڕێكخستنی كارەكانی دەزگای داواكاریی گشتی دەكات لە پاراستنی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها بەشداریكردن لە دادگاكان و دۆزینەوەی تاوانكاری بە خێرایی و كاركردن لەسەر زوو بەڕێوەچوونی داواكان لە دادگاكان بە بێ دواكەوتن. هاوكات وەك دەزگایەكی چاودێریی گرنگ چاودێریی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا دەكات كە بەپێی یاسا بەڕێوەبچێت، لەلایەكی دیكەوە داواكاریی گشتی هەڵسەنگاندنی یاسا بەركارەكان دەكات بۆ ئەوەی بزانێت لەگەڵ بارودۆخی هەنووكەیی دەگونجێت یان نا و بەشداری دەكات لە پاراستنی خێزان و منداڵ. بەپێی ماددەی (25/یەكەم) لە یاسای داواكاریی گشتی ئەوە دەزگای داواكاریی گشتی پێكدێت لە:

أ‌- سەرۆكی داواكاریی گشتی.

ب‌- دوو جێگر بۆ سەرۆكی داواكاریی گشتی.

ج- لە هەر دادگایەكی تاوان، داواكارێكی گشتی، یان زیاتری هەیە.

د – چەند داواكاری گشتی لە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی دەبێت كە لە ئێستادا سێ دەستەی تاوانی گەوران هەیە و لە هەر یەكێكیان دوو داواكاری گشتی كاری تێدا دەكەن، بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكی داواكاریی گشتی، هەروەها دوو دەستەی نەوجەوانان هەیە كە هەر یەكێكیان دوو داواكاری گشتی كاری تێدا دەكەن لە سەرۆكایەتیی داواكاریی گشتی و بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی داواكاریی گشتییە.

ه – جێگرانی داواكاری گشتی كە لە دادگاكان كار دەكەن.  

* كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی زۆری بە چاكسازی، بەتایبەتی كۆنتڕۆڵكردنی بەهەدەردانی موڵكی گشتی و كۆكردنەوەی داهات و كۆنتڕۆڵكردنی خەرجییەكان داوە، ئەمە تاچەند بۆ ئێوە گرنگە و چۆن كاری لەسەر دەكەن؟

- زۆر ڕوون و ئاشكرایە كەوا دەزگای داواكاریی گشتی وەك دەزگایەكی گرنگی چاودێری بە بەردەوامی چاودێریی ئەو بابەتە دەكات لە ڕێگای لێژنەكانی مافی گشتی. كە لە هەر پارێزگایەك لێژنەی مافی گشتی هەیە و پێداچوونەوە دەكات بۆ بابەتی زێدەڕۆیی لەسەر سامان و موڵكی گشتی و زەوی و هەر بابەتێكی دیكەی پەیوەست بە موڵكی گشتی هەبێت. جگە لەمەش لە سەرۆكایەتیی داواكاریی گشتی دەستەی مافی گشتی هەیە كە ئەمەشیان بە هەمان شێوە لەم بارەوە كار دەكات. زۆر نموونەی بینراو هەیە بۆ بەدواداچوونی دەزگای داواكاریی گشتی لە ڕاگرتنی پڕۆژە و هەڵگرتنی زێدەڕۆیی لەسەر زەویی كشتوكاڵی، یان نیشتەجێبوون بێت. داواكاری گشتی پێداچوونەوە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەكات، تاوەكو بتوانێت بەسەر ئەم حاڵەتانەدا زاڵ بێت. بە هەمان شێوە داواكاریی گشتی لە ناو هەموو دادگایەكی سزایی و تەنانەت لە دادگا مەدەنییەكانیشدا هەیە، ئەگەر داوایەك پەیوەندیدار بێت بە سامانی گشتی و دەوڵەتەوە و لەمبارەوە هەر بڕیارێك لە دادگاكان دەربچێت، ئەوە دەبێت داواكاری گشتی ئاگاداری ئەو بڕیارە بێت، واتە هەر دادگاییەك بە بێ بوونی داواكاری گشتی ئەنجام بدرێت، ئەوە بڕیارەی ئەو دادگایە پووچەڵـە، پاشان كە بڕیار لە دادگایەك دەردەچێت، دەكەوێتە ژێر تانەلێدانی داواكاریی گشتی بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو بڕیارە كە دەرچووە، یاساییە، یان بە پێچەوانەی یاسایە. ئەمانە هەر هەمووی داواكاریی گشتی ئاگادارە و هیچ سنوورێكی بۆ دانانرێت، جگە لەوانەی یاسا خۆی ڕێكی خستووە.

* ماوەیەكە هەماهەنگی و پەیوەندییەكانتان لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەت زۆر بووە، ئایا تاچەند ئەمە دەبێتە بنەمایەك بۆ كاری هاوبەش و پێشكەوتنی كارەكانتان؟

- سەرۆكایەتیی داواكاریی گشتی بە بەردەوامی نووسراو سەردان و كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتەكان و دامودەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت دەكات، ئەمەش بۆ بەدواداچوونی كارەكانیانە و هەماهەنگیی باشیش لەگەڵ هەموو دامودەزگاكانی حكومەت هەیە لە پێناوی زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستاندا.

* لە دادگاكانی كوردستان هەندێك كەیس هەیە چارەسەر نەبووە و درێژ بووەتەوە، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- بۆ ئەو كەیسانەی كە لە دادگا كۆتاییان پێ نەهاتووە، یان چارەسەر نەبوون، هۆكار زۆرن كە هەندێكیان پەیوەندی بە زۆریی كەیسەكان هەیە لە دادگا و بەشێك لە دۆسێیەكان پەڕاوەكانیان تەواو نەبووە بۆ ئەوەی دەست بە دادگاییكردن بكرێت و دۆسێیەش هەن پەیوەستن بە لایەنی داواكان و.. تاد هەیە.

* تا چەند دەسەڵاتەكانتان بەدواداچوون بۆ كەموكورتیی خزمەتگوزارییەكان لەخۆی دەگرێت؟

- بەدواداچوونی كەموكورتیی خزمەتگوزارییەكان یەكێكە لە كارەكانی دەزگای داواكاریی گشتی و كەموكووڕییەكی خزمەتگوزاریدا بە مەبەستی زانینی هۆكارەكەی و چارەسەركردنیان داواكاریی گشتی پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدار لە دامودەزگاكانی حكومەت دەكات.

* ئایا تاوانە گەورەكانی كوشتن و ڕێكخراوەیی تاوانكاری وەكو تاوانی داعش و كوشتن و تەسفیەكردنی كەسەكان لەلایەن دامەزراوێكی دیاریكراوەوە دەچێتە خانەی بەدواداچوونەكانتان و لەم ڕووەوە چیتان كردووە؟

- بەپێی ماددەی (16) لە یاسای داواكاریی گشتی ژمارە (159)ی ساڵی 1979ی بەركار لە هەرێمی كوردستان كە ئەمجۆرە داوایانە لە دادگاكانی تاوان و نەوجەوانان دەنێردرێت بۆ سەرۆكایەتیی داواكاریی گشتی بۆ بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی دادگا، لە پاشان بۆ پەسندكردنی، یان هەڵوەشاندنەوەی بەپێی یاسا.

* پەیوەندییەكانتان لەگەڵ پەرلەمان و هەماهەنگی بۆ دەرچوونی یاساكان چۆنە؟

- هەماهەنگیی نێوان پەرلەمانی كوردستان و دەزگای داواكاریی گشتی لە ئاستێكی باشە، هەروەها بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و دەزگای داواكاریی گشتی دەربارەی پڕۆژە یاساكان كە پەیوەستن بە مافی گشتی لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامداین و پرس و ڕا دەگۆڕینەوە بۆ بەهێزكردنی یاساكە تاوەكو بەرژەوەندی و مافی گشتی تێدا پارێزراو بێت. 

* كۆنتڕۆڵی زیادەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بە كوێ گەیشتووە؟

- وەك لە پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی ئەوە یەكێك لە كارە سەرەكییەكانی دەزگای داواكاریی گشتییە كە زۆر بە جددی و بە بەردەوامی كار و بەدواداچوونی لەسەر دەكات، كە ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندیی مافی گشتی و هاووڵاتیانە و بۆ گەڕانەوە و زێدەڕۆیینەكردن لەسەر موڵكی گشتی و هاووڵاتیان، كار و هەنگاوی جددی و باش نراون، هاوكات لە سایەی سەروەریی یاسا و كار و بەدواداچوونی بەردەوام و ورد لە لایەنی ئێمە و لایەنی پەیوەندیداری دیكەوە، بەتایبەت لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توانراوە زیاتر پارێزگاری لە موڵكی گشتی بكرێت و، بەرژەوەندیی هاووڵاتیانیش وەك هەق و مافیان لەبەرچاو بگیرێت.

* ماوەیەكە بێسەروبەریی زۆر لە سۆشیال میدیا و پەیج و كەناڵی تەلەفزیۆنی هەیە، كە كێشەی گەورەی بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی دروست كردووە، لەم ڕووەوە چیتان كردووە؟

- بۆ ئەو مەبەستە كار و بەدواداچوونی بەردەواممان هەیە و دەزگای داواكاریی گشتی سەبارەت بەو بابەتەوە نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی گەیاندن كردووە و بەدواداچوونی جددی و وردیش هەیە لەسەر هەر پێشێلكارییەك لەو بارەیەوە، بەتایبەتی كە كێشەی ئاشتیی كۆمەلایەتی بۆ كۆمەڵگەكەمان دروست بكات. هەروەها یاسای ڕۆژنامەگەری و یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنمان هەیە كە مۆبایل و فەیسبوك و ئەنتەرنێت و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان دەگرێتەوە، لە یاساكاندا هەموو پێشێلكاری و لادانێك دیار و ڕوونن، ئەگەر هاتوو یەكێك بەو ڕێگایانە خەڵكێكی دیكەی هەراسان كرد و تەشهیری بەرانبەر یەكێك ئەنجام دا كە ئەمەش دەبێتە مافی كەسی و تایبەت و لە پاش تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن ئەو كەسەی هەراسان كراوە، لەو كاتەدا دادگا بەپێی یاساكە كاری بۆ ئەنجام دەدات و ئێمە وەك داواكاریی گشتی ناتوانین لە جیاتی ئەو كەسە سكاڵا تۆمار بكەین. بەڵام داواكاریی گشتی لە كاتێكدا دەتوانێت دەستێوەردان بكات، كە بە ڕاستی مەسەلەكە ببێتە هەڕەشەیەك لە دژی ئاشتیی كۆمەڵایەتی، دژی ئابووری و ئاسایشی گشتی، یان لە ڕێگای هۆكارەكانی ڕاگەیاندن، چ تەلەفزیۆن، یان ڕادیۆ، یان ئینتەرنێت، بە هەر شێوازێك شتێك بڵاو بكرێتەوە و زەرەر و زیان لە ئاسایش و سەقامگیری و ئابووریی هەرێمی كوردستان بدات، یان هێرشێك بێت لە دژی ئاسایشی كۆمەڵگە و بیەوێت سەقامگیریی كوردستان لەناو ببات، یان بیخاتە مەترسییەوە، ئەو كاتە داواكاریی گشتی بە ئەركی خۆی هەڵدەستێت و سكاڵا لەسەر ئەو لایەنە تۆمار دەكات كە ئەم هەڕەشەیەی دروست كردووە، چونكە داواكاریی گشتی لەو كات و حاڵەتەدا نوێنەرایەتیی كۆمەڵگە دەكات.

 

Top