سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ گوڵان:   ‎ چاكسازی و ڕێكخستنەوەی كەرتی بازرگانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەرچەرخانێكی ئابوورییە

سەروەر كەمال هاواری  بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ گوڵان:     ‎ چاكسازی و ڕێكخستنەوەی كەرتی بازرگانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەرچەرخانێكی ئابوورییە

 

 

پرسی بازرگانی و هەنگاوەكانی ڕێكخستنەوەی ئەم كەرتە بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی پیشەسازی و جێبەجێكردنی سیاسەت و بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری و چەند بابەتێكی پەیوەندیداری دیكەی بواری بازاڕ و كڕینەوەی گەنمی جووتیاران، تەوەرەی سەرەكیی دیداری گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

*  بازرگانی و پیشەسازی دوو كایەی گرنگی پێشخستن و پەرەپێدانی ئابوورین، پرسیار لێرەدا ئەوەیە لەم كابینەیەدا تاچەند توانراوە كەرتی بازرگانی بەو ئاراستەیە وەرچەرخێنن، كە لە خزمەتی هاووڵاتیان و فرەچەشنكردنی ئابووریدا بێت؟

- شەڕی داعش و قۆناخە سەختەكانی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و دابەزینی بەهای نەوتمان بەڕێ كردووە، بەڵام گرفتی بڕین و نەهاتنی پشكی هەرێم لە بودجە و شوێنەوارەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیامان بەڕێ نەكردووە، كە كاریگەری لەسەر سستبوونی گەشەی ئابووریی جیهان و هەڵكشانی نرخی كاڵا و شمەك و خۆراكە سەرەكییەكان هەیە، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ داشكانی بەهای دینار لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم كێشە و تەحەدییانە و كەمكردنەوەی شوێنەوارەكان و چارەسەركردنیان، كارێكی هەروا ئاسان نییە. سەرەتا پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەكەتان دەمەوێت ساڵی 2020 بە بیر ئێوە بهێنمەوە، ئەو دەمەی لە ناو جەرگەی كەرەنتینە و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و قەیرانی توندی خۆراكی و تەندروستیدا، لەسەر فەرمان و چاودێری و بەدواداچوونی توندی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆردێك بۆ چاودێریی بازاڕ و ڕێگرتن لە ئەگەری دروستبوونی برسێتی و گرانی و گەمەكردن بە بازاڕ دامەزرا، هەمووان ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەمان جێبەجێ كرد و ڕێگەمان نەدا، قەیرانێكی توندی خۆراكی و برسێتی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا ڕوو بدات، نرخ و كاڵا و خزمەتگوزارییەكان لەسەر بەكاربەر و بەكارهێنەران و خەڵكی بەو ڕاددەیە گران نەبوو كە ببێتە قەیرانێكی گەورەی خۆراكی، حكومەت لە پێناو خەڵكەكەیدا دەستبەرداری زۆر لە داهاتەكەی بوو لە زەمەنێكدا كە بەهای بەرمیلێك نەوت لە نزمترین ئاستیدا بوو، لە دوای كۆرۆناش یەكێك لە كارە باشەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێدانی پێكەوەیی هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازی بوو، هەنگاوەكانی كردنەوەی ناوچەی پیشەسازیی خۆراك و كڕینەوەی گەنمی جووتیاران و دروستكردنی سایلۆ و كارپێكردنی كارگەكانی ئارد و دەیان كارگەی خۆماڵی، بەرهەمی دیكەی وەرچەرخانی نەوعییە لە ئابوورییەكدا كە دەكرێت پێی بگوترێت ئابووریی دوای شەڕ، لە ناوخۆشدا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی بازرگانی و چاودێریی بازاڕ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و قەزاكان، ڕۆڵێكی گرنگیان بینی لە پشكنین و چاودێریكردنی كوالێتی و نرخ و نەهێشتن و لەناوبردنی مادەی ماوەبەسەرچوو، سزای دارایی و یاسایی توندی سەرپێچیكاران و ئەو كەسانە دراوە كە زیان بە خەڵكی و تەندروستی و سەلامەتیان گەیاندووە، سوپاسی هاووڵاتیانیش دەكەین كە ئاستێكی بەرزی هوشیارییان هەیە و هاوكاریی لێژنەكانیان كردووە. دەتوانم بڵێم لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كێرڤی بووژانەوە ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و حكومەتی هەرێم بە شێوەیەكی لۆژیكانە و زانستییانە ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگ و بەربەستە سیاسی و ئەمنی و ئابووری و داراییەكان بووەتەوە و توانرا گەندەڵی و قۆرخكاری و كاری نایاسایی ڕابگیرێت و هەنگاو بەرەو حكومەتی ئەلەكترۆنی و دامەزراوەیی بنێین.

هەر سەبارەت بە پەیوەندیی باشی نێوان هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازی، توانراوە كارئاسانیی باش لەسەر باجی تایبەت بە كۆمپانیاكانی خۆراك پێشكەش بكەین، لە دهۆك نووسینگەی هەناردەكردنمان كردەوە بۆ ئەوەی بازرگانەكان بۆ كارەكانیان نەگەڕێنەوە بۆ هەولێر، ئەم كارئاسانی و پاڵپشتییانە وایان كرد، مۆڵەتی هاوردەكردن زۆر زیاتر بێت و ڕێگە لە هەڵكشانی نرخەكان بگرین، لەمەشدا ڕەچاوی بەرهەمی خۆماڵی و كارگە پیشەسازییەكانمان كرد و، زۆر لە بەرهەمی ناوخۆیی وەكو مریشك و هێلكە و بەرووبوومی دیكەی كشتوكاڵی ڕووی لە بووژانەوە كرد و تا ڕاددەیەك گەیشتنە ئاستی خۆبژێوی و ناردنە دەرەوەش.

* گرنگترینی ئەو كارانەی لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە لە بواری بازرگانیدا جێبەجێ كراون، چین؟ ئایا دەكرێت بڵێین هەنگاوەكانی حكومەت دەستپێك و سەرەتایەكی گرنگ بوو، بۆ بونیادنانی ژێرخانێكی نوێی ئابووری؟

- پاڵپشتی و هاندانی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەكانی وەزارەتمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق و، لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو لا، توانرا سیاسەتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەرەو پێشەوە ببرێت، ئەو سیاسەتەی كە بریتییە لە «پاراستنی كارگەكان و دابینكردنی پێداویستیی بازاڕ»، لەمەشدا گرنگیدان بە پیشەسازیی خۆراك و كارئاسانی بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی خۆماڵی لە ڕووی نرخ و ڕێگرتن لە هێنانی هەندێك بەروبووم و پێشكەشكردنی كارئاسانیی بازرگانی بۆ هێنانی كەرەستەی خاو، سەرەتای ئەو وەرچەرخانەی دروست كرد، كە پەیكەری ئابووریی هەرێم پێویستی پێی بوو، ژمارەی كۆمپانیا و كارگەكان زیادی كردووە، پلانی 10 ساڵەی وەبەرهێنانیش بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز جێبەجێ كرا. یاساكانی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و ڕێنماییەكانی تایبەت بە هاوردە و هەناردە و چاودێریی بازرگانی و هەمواركرانەوە و پەیڕەوی پاراستنی كێبڕكێ و نەهێشتنی قۆرخكاری پەسەند كرا و، یاساكانی وەزارەتی بازرگانی و یاسای ژوورە بازرگانییەكانی كوردستان و یاسای بارزگانییش هەموار كرانەوە و ژمارەیەكیش یاسای نوێمان لە ژێر دیراسەت و توێژینەوەدایە.

*  سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەندین بۆنەدا جەختی لەسەر گرنگیی بەگەڕخستنی دەستی كاری خۆماڵی و دۆزینەوەی هەلی كار كردووەتەوە، بەشێك لە كاری ئێوە پەیوەندیی بە سایلۆ و كارگەكانی ئارد و بازاڕ و بازرگانی و چەندین بواری دیكەوە هەیە، ئایا بازرگانی چۆن بەشدارە لە دۆزینەوەی هەلی كار؟

- بازرگانی و بازاڕ بوارێكی زۆر فراوانی دابینكردنی كارن، لەم سێكتەرەدا بە هەزاران كەس لە بازرگان و كاسب و پیشەوەر و خاوەن دووكان و ماركێت و فرۆشگا و كۆمپانیا كار دەكەن، دەتوانین بڵێین زۆرترین هەلی كار لە كەرتی بازرگانی و كاری ناو كۆمپانیا و بازاڕدایە، لەلایەكی دیكەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كارگەكانی كشتوكاڵی و خۆراكی ڕوویان لە زیادبوون كردووە ئەوەتا لە سەرووی 553 مۆڵەت بە كارگەی كەرتی تایبەت دراوە و هێما بازرگانییەكان و كۆمپانیا تۆماركراوەكان بۆ سەرووی 31 هەزار كۆمپانیا زیاد بووە و مۆڵەتی هاوردە و هەناردەش زیاد بووە. ئێمە كەرتی بازرگانیمان بە شێوەیەك ڕێك خستووە كە زیان بە كەرتی كشتوكاڵ نەگەیەنێت و، هاوكات نەبینە هۆی دەگمەنیی كاڵا و پێداویستییە خۆراكییەكان و قەیرانی هەڵكشانی نرخ ڕوو نەدات، بەمەش توانیومانە هاوسەنگیی دەستی كار لە كەرتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و پیشەسازیدا بپارێزین.

* بازرگان و باڵیۆز و كونسوڵخانەكانی وڵاتانی جیهان بە گرنگییەوە دەڕواننە پێگەی هەرێمی كوردستان، ئایا پەیوەندییەكانی ئێوە لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان لە چ ئاستێكدایە، بەو پێیەی پەیوەندیی دۆستانە و باش دەروازەی بەهێزبوونی كاری بازرگانییە؟

- زۆربەی بەشی ئابووری و بازرگانیی باڵیۆز و كونسوڵخانە و ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان و گەورەكۆمپانیاكانی جیهان سەردانمان دەكەن، لە هەموو دانوستان و گفتوگۆكاندا ئامادەییمان دەربڕیوە بۆ پێشكەشكردنی كارئاسانی و، هەماهەنگیی باشمان هەیە لەگەڵیاندا، ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم بازرگانی زۆرن، هەندێكیان دەرەكین و پەیوەندی بە ململانێی سیاسی و دۆخی ناوچەكەوە هەیە، هەندێكیشی ناوخۆییە و دەبێت چارەسەری بكەین، وەكو بەرزیی نرخی سووتەمەنی بۆ گواستنەوە و بەرزیی نرخی كارەبا لە پۆلی بازرگانی و هەمواركردنەوەی زۆر لە یاسا بازرگانی و ڕێنماییەكان، لە سەرجەم گفتوگۆكانماندا لەگەڵ نوێنەری وڵاتان جەخت لەسەر گرنگیی ڕێكخستن و چاودێریی كاری بازرگانی دەكەینەوە، بە تایبەتی لەوەی ئەو كاڵا و شمەك و خۆراكانەی دێنە هەرێمی كوردستان، دەبێت لە ڕێگەی گەورە كۆمپانیا و كەسانی ناسراو و باوەڕپێكراوی ئەوانەوە بێت، بۆ ئەوەی بتوانین بیانخەینە ژێر بەرپرسیارێتییەوە و كاڵایەكی كوالێتی بەرز و تەندروست و بەردەوام زامن بكرێت. بۆ نموونە بە هۆی كارئاسانی و پەیوەندییە باشەكان لە بواری كەرتی بازرگانیدا ئاستی ئاڵووێری بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ توركیا گەیشتووەتە سەرووی 20 ملیار دۆلار، لەگەڵ وڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە هەمان شێوە، جموجووڵێكی بازرگانیی باش ئەنجام دەدرێت، لە ناوخۆی هەرێمیشدا لە سەرجەم كونسوڵخانەكان بەشی ئابووری و بازرگانی گرنگییەكی باشی پێ دراوە، بێگومان كردنەوەی پێشانگا و كۆنفڕانس و دیدارە ئابووری و بازرگانییەكانیش پەیوەندی و لێكتێگەیشتنی باشی لە نێوان ئێمە و ئەواندا لێ كەوتووەتەوە.

* هەوڵەكانتان چڕ كردووەتەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەم و ئەمباركردن و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی جووتیاران، ئایا لەم ڕووەوە چیتان كردووە؟

- پرسیارەكەتان چەند تەوەرێك لەخۆ دەگرێت، سەرەتا هەوڵەكانی دروستكردنی دەیان پڕۆژەی جۆراوجۆری تایبەت بە سایلۆ و ناوچەی پیشەسازی، كاری باش ئەنجام دراوە، ئەوەتا لە بواری سایلۆكاندا كاری باش ئەنجام دراون، وەكو سایلۆكانی (قوشتەپە و كەلار و ڕۆڤیا) و دروستكردنی شار و شارۆچكەی پیشەسازی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان، ئەمە وێڕای ئەوەی 19 پڕۆژەی سایلۆ و تاقیگە و كۆگا و ناوچەی پیشەسازیی دیكە پێشنیار كراون، لەگەڵ هەر دوو سایلۆی خۆشناو و قەیوان، كە توانای هەڵگرتنی 500 هەزار تەن گەنمیان هەیە، لەلایەكی دیكەوە پرۆپۆزەڵێك بۆ دروستكردنی سایلۆیەك بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئامادە كراوە، بە هەموو ئەم كارانە ژێرخانی ئەمباركردنی گەنم و جۆ پێ دەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووەوە.

سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەكەشتان بەشی نۆیەمی پارەی جووتیارانی هەرێم بۆ ساڵی 2021 دیاری كراوە و، دوای گەیشتنی چەكی پارەكە ئەو پارەیە دابەش دەكەین، واتا بۆ ساڵانی 2017 و 2018 و 2019 و 2020 تەواوی شایستە داراییەكانی جووتیاران دراوە، بەڵام بۆ ساڵی 2014 و 2015 و 2016 بڕە پارەیەك كە لە 308 ملیار دینار و 263 ملیۆن دینار ماوە و هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بخرێتە ناو بودجەی ساڵی 2022ـەوە. لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەرقاڵی كۆمەڵێك ڕێكار و پڕۆژەین، بۆ زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی گەنم، بەداخەوە بە هۆی وشكەساڵییەوە لە عێراق و كوردستان زیانی گەورە بەر ئەم بەرهەمە ستراتیژییە كەوتووە، بۆ ئەم مەبەستە و لە پێناو گران نەبوونی ئارد، ڕێوشوێنی توندمان گرتەبەر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی و فەرمانگەكانی چاودێریمان ئاگادار كردووە كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە قۆرخكاری و گەمەكردن بە نرخەكان نەدرێت و بە توندی چاودێریی بازاڕ بكەن.

لە سەردانەكانماندا بۆ سایلۆكانی شێخان و ڕوڤیا و فایدێ و زاخۆش، جەختمان لەسەر جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان كردووەتەوە و لە نزیكەوە بەدواداچوونی وردمان كردووە بۆ هاوكاریكردنی برا جووتیارەكان و كارئاسانیی باشیان پێشكەش كراوە.

* تێبینی و سەرنجەكانتان لەسەر بەشە خۆراكی هاووڵاتیان چییە؟ ئایا تا ئێستا بێ گەڕانەوە بۆ هەرێم ئەم بوارە بەڕێوە دەبرێت؟

- بەشە خۆراكی هاووڵاتیان لەلایەن حكومەتی ناوەندی (وەزارەتی بازرگانی عێراق) بێ گەڕانەوە بۆ هەرێم بەڕێوە دەچێت، بودجەی پڕۆژەكە لەسەر نەفەقاتی سیادی و حاكیمەیە و، لەو بودجەیە پشكی هەرێمیش دەكڕدرێت، زۆرجار بێ دیراسە و توێژینەوەی زانستی بڕیارەكان و ڕێنماییەكان لەم بوارەدا دەردەچێت، لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ وەرگرتنی تەواوی مافی هاووڵاتیانی هەرێم و، لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ گازندە و گلەیی هاووڵاتیان دەكەین، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە كوالێتی و ڕەچاوكردنی هەڵگرتن و گواستنەوە و دابەشكردنەوە هەیە، لە كۆبوونەوە و سەردانەكانماندا هەموو ئەو كۆت و بەربەستانەی دەبێتە هۆی دواكەوتنی دابەشكردنی بەشە خۆراك هەڵگیراوە، بە هیچ شێوەیەكیش ڕێگە بە كەموكورتی و كەمتەرخەمی نادەین.

Top