كوێستان ئەحمەد قایمقامی قەزای خەبات بۆ گوڵان:   لە دوو ساڵدا بە بڕی 10 ملیار دینار كار و پڕۆژە بۆ قەزای خەبات جێبەجێ كراوە

كوێستان ئەحمەد  قایمقامی قەزای خەبات بۆ گوڵان:     لە دوو ساڵدا بە بڕی 10 ملیار دینار كار و پڕۆژە بۆ قەزای  خەبات جێبەجێ كراوە

 

 

خەبات بە دووریی 37 كیلۆمەتر دەكەوێتە ڕۆژئاوای شاری هەولێرەوە، ئەم قەزایە دەروازەی گرێدانی شارەكانی هەولێر و مووسڵ و دهۆكە، ڕووبەری گشتیی سنووری قەزاكە زیاتر لە 275 هەزار دۆنمە، كە دەكاتە 687 كیلۆمەتر دووجا، لەگەڵ ئەم فراوانبوونەدا داواكاریی خەڵك و یەكە ئیدارییەكان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان زیاتر بووە. بۆ قسەكردن لەسەر گرنگترینی ئەو پرۆژە و داواكارییانەی قەزاكە پێویستیەتی، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ كوێستان ئەحمەد قایمقامی قەزای خەبات ساز دا.

 

* قەزای خەبات گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، سەرەتا دەكرێت بزانین گرنگترینی ئەو یەكە ئیدارییانە كامانەن كە دەكەوێتە سنووری قەزاكەوە؟

- قەزای خەبات ناحیەكانی ڕزگای و كەورگۆسك و دارەشەكران و كۆمەڵگەكانی سێبیران و كانی قرژاڵە و 64 گوند لەخۆی دەگرێت، ژمارەی دانیشتووانەكەی 94،307 كەسە، لەم ژمارەیە نزیكەی 29 هەزار كەس لە ناو سەنتەری قەزاكەدا نیشتەجێن، بەمەش قورساییەكی زۆر كەوتووەتە ناو گەڕەكەكانی (هەنجیرۆك و ئاشتیی 1 و 2 و ڕزگاری و كانی مام سنج و كۆمەڵگەی ئیداری و كشتوكاڵ و باستام و سەروەران)، خەبات بە قەزایەكی كشتوكاڵی ناوبانگی دەركردووە و لەم چەند ساڵەی دواییدا پڕۆژە و كۆمپانیای زۆری پیشەسازی و كارەبا و نەوتی لێ دامەزراوە.

* لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا تا چەند بودجە بۆ پڕۆژە و كارە خزمەتگوزارییەكان تەرخان كراوە؟ ئایا لە چ سێكتەرێكدا زیاتر پڕۆژە ئەنجام دراوە؟

- لە ساڵی 2021 بۆ سەنتەری قەزاكە و هەر سێ ناحیەكەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار تەرخان كرابوو، ئەمساڵ پێنج ملیار دیناری دیكە تەرخان كرا، ئەم بودجەیە زیاتر لە بوارەكانی ڕێگەوبان و ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆ و كۆنكرێتی كۆڵانەكان و كەرتەكانی پەروەردەدا خەرج كراوە و، هەندێك لەو پڕۆژانە تەواو بووە و هەندێكی دیكەیان چوونەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.

* ئەی بۆ ساڵی 2023 چ پڕۆژە و كارێكتان خستووەتە پلان و بەرنامەتانەوە و بەنیازن لە چ سێكتەرێكدا كاروچالاكی و پڕۆژە ئەنجام بدەن؟

- لە پلان و بەرنامەی كار و پڕۆژەكانماندا بۆ ساڵی 2023 كۆبوونەوە و گفتوگۆمان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانی ناحیە و سەرۆكی شارەوانییەكان ئەنجام داوە، تا گرنگترینی ئەو پڕۆژە و دەرخستانە ئامادە بكەین، كە لە ڕیزبەندی پێشەوەی داواكاری و خواستی هاووڵاتیان دێت و بۆ قەزاكەمان پێویستە.

* باسی ئەوەت كرد قەزای خەبات ناوچەیەكی كشتوكاڵییە، بەڵام لە ئێستادا چەند كۆمپانیایەكی گەورەی پیشەسازی و نەوت و پاڵاوگەی تێدا دامەزراوە، پرسیار ئەوەیە تا چەند ئەم پڕۆژە و پیشەسازییانە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دانیشتووانی خەبات گرنگە؟

- هەرچەندە گەورە كۆمپانیاكانی نەوت و پاڵاوتگە و كارەبا لە سنوورەكەماندا چەند قوتابخانە و بنكەیەكی تەندروستییان نۆژەن كردووەتەوە و یارمەتیی چەند جووتیار و كێڵگەیەكی كشتوكاڵییش دراوە، بۆ دامەزراندنی خانووی پلاستیكی، بە تایبەتی لە سنووری دارەشەكران، هەروەها چاككردنەوەی ڕێگەی كەورگۆسگ و خەبات كە لەلایەن كۆمپانیای (كار)ـەوە جێبەجێ كراوە، بەڵام ئومێد و داواكاریی ئێمە لەمە زیاترە و داواكارین پڕۆژە و كاری زیاتر لە سنوورەكەماندا ئەنجام بدەن، لایەنێكی گرنگی دیكە بۆ بوونی ئەم كۆمپانیا و كارگە گەورانە، دۆزینەوەی هەلی كارە، ڕاستە هەلی كاری باشیان دابین كردووە و خەڵكی سنوورەكەمان سوودی باشیان لە دابینكردنی كار وەرگرتووە، بەڵام لە پلان و بەرنامەدایە زیاتر لەگەڵیاندا گفتوگۆ بكەین، بۆ ئەوەی زۆرترین هەلی كار دابین بكەن، بە شێوەیەك لە نزیكترین گوندەوە و بۆ ناحیە، ڕیزبەندی هەلی كار دابین بكرێت، بێگومان بە ڕەچاوكردنی پێویستی و مەرجەكانیان.

* قەزای خەبات خاوەنی گەورەترین وێستگەی هەڵمیی بەرهەمهێنانی كارەبایە، بۆیە دانیشتووانەكەی بەردەوام داواكارییان هەیە بەوەی كار و خزمەتگوزاریی كارەبای باش ئەنجام بدرێت، دەكرێت بزانین لەم ڕووەوە چی ئەنجام دراوە؟

- كارەبا و ئاو ڕێزبەندی پێشەوەی خواست و داواكارییەكانی خەڵكییە، لەم كابینەیەدا گەورەترین وێستگەی هەڵمیی بەرهەمهێنانی كارەبا بە سوودوەرگرتن لە پاڵاوتگەی كار لە سنووری قەزاكەمان كاری پێ كراوە، وەزارەتی كارەبا بە سوپاسەوە چەند پڕۆژەیەكی گرنگی ئەنجام داوە، لەوانە چارەسەركردنی گرفتی بارزۆری لە كەورگۆسك و سەنتەری قەزای خەبات، ئەمە جگە لە ڕاكێشانی تۆڕی كارەبا بۆ گەڕەكە نوێیەكان، لەم هەفتەیەشدا پڕۆژەی ڕووناككردنەوەی سەنتەری قەزاكە و ڕێگەی سەرەكیی ناو خەبات تا مەیدانی ماسییەكە دەست پێ دەكات، لە مەیدانی ماسییەكەش بۆ خوارەوە تا سەر ئاوی زێ، داوامان لە كۆمپانیا ئۆیكس كردووە كە لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە بەڵێنیان پێ داوین، بەم نزیكانە جێبەجێ دەكرێت.

* باسی ڕێگەوبانت كرد، بەو پێیەی لە سنوورەكەتاندا هاتوچۆ و بارهەڵگری زۆر هەیە، بە دڵنیاییەوە پێویستیتان بە پڕۆژەی ڕێگەوبانی بەردەوام هەیە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، تا چەند گرنگی بە ڕێگەوبانەكان دراوە و لە ساڵی ئایندە چ پڕۆژە و كارێكتان لەم ڕووەوە لەبەردەستدایە؟

- لە قەزای خەبات و ناحیە و گوندەكانی ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ كراون، لەوانە شەقامێكی30 مەتری و چەندین شەقامی دیكە لە سنووری شارەوانیی كەورگۆسك و دروستكردنی شەقامی ڕێگەی گوندی گاینجی گەورە و گاینجی سەربەست لە سنووری ناحیەی دارەشەكران، لە گوندەكانیشدا ڕێگەی گوندی مام خەلان نۆژەن كرایەوە و، دیواری پاڵپشتی و ڕێگەی گوندی زەرگە زەوی و چاككردنەوەی ڕێگە و كۆڵانەكانی ناو گوندی زەرگە زەوی و چاككردنەوەی ڕێگەی گوندی ژیانی هاوچەرخ لە ناحیەی ڕزگاری و، قیرتاوكردنی شەقامی سەرەكیی گوندەكانی چالۆكی بچووك و گوندی سمایلاوە و چەندین ڕێگەوبانی دیكە لە ناحیەی ڕزگاری و كانی قرژاڵە و سێبیران. لە ناو سەنتەری قەزای خەباتیش چەندین شەقام و كۆڵان كۆنكرێت و قیرتاو كراون و، شەقامی ناوچەی پیشەسازی بە چینی ستاپلایزەر جێبەجێ كراوە و، گەڕەكەكانی كانی مام سنج و شەهیدانیش شەقامیان بۆ دروست كراوە. لە ڕووی ئاوەڕۆشەوە لە گەڕەكەكانی هەنجیرۆك و پشت شارەوانی و كشتوكاڵ و لە گوندی سێبیران و كۆمەڵگەی سێبیران پڕۆژە ئەنجام دراوە.

* جەختتان لەسەر ڕیزبەندیی پڕۆژەكان كردەوە و ئاماژەتان بە ئاوی خواردنەوە كرد، كە بێگومان بە هۆی وشكەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی زێی گەورەوە كێشەتان بۆ دروست بووە، ئایا گرنگترین پرۆژەتان لەم بوارەدا چییە؟

- بە هۆی وشكەساڵییەوە ئاستی ئاوی زێ دابەزیوە و چەندین بیری ئاوی خواردنەوە وشك بوون، هەرچەندە بیری دیكەمان لێ داوە و زیاتر لە 50 كار و پڕۆژەمان لەم ڕووەوە ئەنجام داوە و لە ڕێگەی تەنكەرەوە خزمەتگوزاریمان بۆ هاووڵاتیان دابین كردووە، لەم كاتەدا چەند پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە لەناو سەنتەری قەزاكە لە قۆناغی جێبەجێكردندایە، بەڵام پێویستیمان بە لێدانی بیری نوێ و ڕاكێشانی پڕۆژەی نوێی ئاوی خواردنەوە هەیە لە زێی گەورەوە بۆ ناو سەنتەری قەزا و ناحیەكان. داوامان لە ڕێكخراوی UNHCR كردووە، پڕۆژەیەكی ڕاكێشانی ئاو بۆ ناحیەی كەورگۆسك و 11 گوندی لە زێی گەورەوە جێبەجێ بكات و تەنانەت سەرجەم ئەو گوندانەی لە نزیك زێی گەورەن، لە ئاوی زێ ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین بكرێت.

* لە ڕووی گەشتیارییەوە چ پڕۆژە و بەرنامەیەكتان لە بەردەستدایە، بە تایبەتی كە قەزای خەبات بە ناوچەیەكی گەشتیارییش دادەنرێت؟

- هەڵكەوتەی جوگرافیای خەبات لە نێوان شارەكانی هەولێر و مووسڵ و دهۆك و بوونی زێی گەورە و غابات، ژینگەیەكی لەباری بۆ گەشتیاری دابین كردووە، بۆ ئەم مەبەستە ڕووبەرێكی زۆر فراوان و باشمان دەستنیشان كردووە بۆ پڕۆژەی گەشتیاری و پڕۆژەكە لە دەستەی وەبەرهێنان ئامادەیە، چاوەڕوانی وەبەرهێنێك دەكەین ئەو پڕۆژەیە وەربگرێت و دەست بە جێبەجێكردنی بكات، ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆكارێك بۆ بووژانەوەی كەرتی گەشتیاری و بەدەستهێنانی هەلی كار و جووڵانەوەی كار و كاسبیی خەڵك، داواكارییەكیشم بۆ وەزارەتی شارەوانی هەیە بۆ ئەوەی گرنگی بە دارستان بدرێت و وەكو ساڵی ڕابردوو تیمێك بۆ پاككردنەوەی غابات و گرنگیدان پێی دامەزرێت.

* ئەگەر باسێكی هەردوو سێكتەری پەروەردە و تەندروستیمان بۆ بكەیت، تا چەند گرنگی بەم بوارە دراوە و ئایا پێویستییەكانتان لەم دوو سێكتەرە گرنگە چین؟

- چەندین بینایەی قوتابخانە لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردە و ڕێكخراوی خێرخوازیی بارزانی نۆژەن كراونەتەوە و، لە ڕێگەی پارێزگای هەولێرەوە دروستكردنی قوتابخانەیەكی 18 پۆلی بڕیاری لەسەر دراوە، لە ناحیەی كەورگۆسكیش قوتابخانەیەكی شەش پۆلی لەلایەن ڕێكخراوی (UNHCR) لەژێر ئەنجامداندایە، لە پلان بەرنامەشدایە زیاتر گرنگی بەم سێكتەرە بدەین، لە ڕووی كەرتی تەندروستییشەوە هەرچەندە بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی بۆ خەبات دانراوە، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە جێبەجێ نەكراوە، ئەم نەخۆشخانەیە بۆ قەزاكەمان زۆر پێویستە و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر پێی ڕاگەیاندووم لە هەوڵی ئەوەدان بودجەی بۆ دابین بكەن.   

 

Top