کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان و چەمکەکانی ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان و چەمکەکانی ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری


یەکێک لە کوڵەگە سەرەکیەکانی دیموکراسیەت پڕوسەی هەڵبژاردنە، ئەنجامدانی هەر پڕوسەیەکی هەڵبژاردنیش لەپێناو نوێبونەوە و گۆڕانکاریکردنە بۆ باشترکردن و، بەرەپێشڤەچون و خۆگۆنجاندن لە گەڵ قۆناغی نوێدا و گشت ئەو پێشهاتانەی کە هاتوونەتە ئاراوە.

ئاستی هۆشیاری دیموکراسی لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر دەگوڕێت، لەو وڵاتانەی کە پرۆسەی دیموکراسی باگرەوەندێکی لە مێژینەیان هەیە و سەدان ساڵە بەم پڕوسەیەدا گوزەر دەکەن، جیاوازیەکی زۆری هەیە لە گەڵ ئەو شوێنانەی کە تازە مومارەسەی کەلتوری دیموکراسی دەکەن و ئاستی هۆشیاریان تێدا لە خوارەوەیە؛

بۆیە بەراوردکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنیش لە شوێنێکدا کە لە موماڕەسەکردنی سەرەتایی دایە، بەراورد ناکرێت لە گەڵ وڵاتێک کە ئەزمونێکی زۆری هەیەو کەلتوری دیموکراسی لەو وڵاتەدا وەکو باوەڕێکی سیاسی لە ناخی تاکەکانیاندا ڕووچووەو بڕوای تەواویان بە بنەماکانی دیموکراسی هەیە.

شایانی باسە هەرێمی کوردستان تاکو ساڵی 1991ز بە درێژایی دەیان ساڵ لە ژێر سایەی ڕژێمە دیکتاتورەکان و شمولیەکانی ناوچەی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە، لە سەرەتاکانی ساڵانی نەوەدەکان و هاوکات لە گەڵ هەڵمژینی هەناسەی ئازادی لەژێر سایەی چەتری نێودەوڵەتیدا بۆ یەکەم جار بوو پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی بۆ دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێکردن و دادوەری؛

ئەوەبوو لە بەرواری9/5/1992 یەکەم پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو لە هەرێمی کوردستاندا، واتە پراکتیزەکردنی بنەما دیموکراسیەکان کە پرۆسەی هەڵبژاردن کوڵەگە سەرەکیەکەیەتی مەسەلەیەکی ئەرێنیە و، ئەوەی مایەی دڵخوشیە ئەوەیە کە ئەنجامدانی پرۆسەکانی هەڵبژاردن چ لەنێو حزبە سیاسییەکانی کوردستاندا بێت یان بۆ حکومەت و پەرلەمان لایەنێکی ئەرێنیە و، بە هۆی بەرزبونی ئاستی هۆشیاری دیموکراسیەوە لە داهاتودا پڕوسەکانی هەڵبژاردنیش باشترو ڕێکو پێکتر دەبن، وە پراکتیزەکردنی بنەماکانیش زیاتر ڕەنگدانەوەیان دەبێت لە سەر جڤاکی هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی گشتی.

یەکێک لەو پارتە سیاسیانەی هەرێمی کوردستان کە هەوڵیداوە لە ساڵی 1946وە تاکۆ ئێستا کەلتوری دیموکراسی و بنەماکانی جێگیر بکات پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا؛

ناوچەیەک کە ئەقڵی سیاسی دیکتاتوری و توتالیتاری تێیدا باڵا دەست بووە هەتاکو ئێستا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا تەحددایەکی گەورە بووە و گەورەیە لە هەمبەر ئەقڵیەتی سیاسی ستەمکارو خۆسەپێندا و دیموکراسیان بە هەڕەشەیەکی گەورە لە قەڵەم دەدا و دەدەن بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی خۆیان؛

چونکە دیموکراسی واتە دەسەڵاتی گەل بۆ گەل پێچەوانەی دیکتاتوریەت کە دەستەڵات بۆ تاکە حزبێک و تاکە کەسێکە و گەل هیچ واتایەک نابەخشێت لە دیدی سیاسی دیکتاتوریزم دا.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە 74 ساڵی تەمەنیدا 14 کۆنگرەی بەستووە لە پێناو خۆگونجاندن و خۆ نوێکرنەوەدا لەگەڵ قۆناغەکاندا. بەستنی کۆنگرەی 14 کە بۆ یەکەمجار لە شاری دهوک بەڕێوەچوو زەرورەتێکی حاشا هەڵنەگرە بۆ ئەم قۆناغە هەستیارەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تێیدا گوزەر دەکات؛

بە هۆی زۆری ئالنگاری نێوخۆیی و عێراقی و هەرێمیایەتی بۆ ڕووبەڕوبونەوەی گشت ئەو پێشهاتە سیاسیانەو کەموکوریانە لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەکیدا، هەروەها لە پێناو خونوێکرنەوە لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانی «ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسی»دا و پراکتیزەکردنی ئەم پرەنسیپانە لە ئەرزی واقیعدا.

چونکەلە ڕوانگەی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕوچۆنی کەلتوری دیموکراسی لە ناخی تاکەکاندا باشترین چەکی کەلتوریە کە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی هەموو ئەوهەوڵانەی نەیارانی دۆزی نەتەوەی کوردبێت، کە لە هەوڵدان پێکەوەژیانی ئاشتیانەو سیاسیانە تێک بدەن و بیری توندڕەوەی بڵاو بکەنەوە بە ئامانجی لاوازکردنی کوردستان و شێواندنی سیما شارستانیەکەی لە هەمان کاتدا.

لە کۆتاییدا زەڕورە بڵێم کە کۆنگرەی 14 پارتی کونگرەیەکی نەوعی و سەرکەوتوو بوو، وە لە داهاتویەکی نزیکدا چەمکەکانی ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسی زیاترو باشتر ڕەنگ دەدنەوە لە نێو گشت ئورگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بە شێوەیەکی گشتی.
بۆیە هەر چەند زیاتر پارتی بەهێز بێت کوردستانیس بەهێزە.

Top