ئولریك بروكنەر پڕۆفیسۆری دیراساتی ئەورووپی لە زانكۆی ستانفۆرد بۆ گوڵان: ڕووسیا و چین بەرژەوەندییەكانیان لەوەدا یەك دەگرێتەوە كە ئەوروپا بەرەو لاوازی بچێت
ئولریك بروكنەر پڕۆفیسۆری دیراساتی ئەورووپیە لە زانكۆی ستانفۆرد لە بەرلین. پێشتر مامۆستا بووە لە بەشی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەرلینی ئازاد، هەروەها وانەبێژ بووە لە زانكۆی فودان لە شانگهای و زانكۆی سابانجی لە ئەستەنبول و زانكۆی لیوبلیانا لە سلۆڤینیا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، بە تایبەتی ڕەنگدانەوەی ئەم شەڕە لەسەر ئاسایش و وزەی ئەوروپا.
* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كاریگەری و لێكەوتەی لەسەر سەرجەم جیهان هەبووە، لە ڕووی بەرزكردنەوەی نرخی وزە و خۆراكەوە، لە هەمان كاتدا ئەم شەڕە بە شێوەیەكی تایبەتی و دیاریكراو كاریگەری لەسەر ئاسایشی وزەی ئەوروپا بووە، لە هەمووشیان زیاتر لەسەر وڵاتی ئەڵمانیا، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و چ شرۆڤەكارییەكی بۆ دەكەن؟
- لە ڕاستیدا ئێمە لەم ڕووەوە گوتار و هەڵوێستی جیاواز بەدی دەكەین، بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە وڵاتی ئەڵمانیاوە، ئەوا ئاشكرایە ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز باسی لەوە كردووە كە جیهان لە ئاڵوگۆڕدایە و بە خاڵی وەرچەرخاندا تێپەڕیوە و ئێستا جیهان پێی ناوەتە نێو سەردەم و ڕۆژگارێكی نوێوە، دواتر ڕەهەند و ڕواڵەتەكانی ئەم ڕۆژگارە نوێیە هەر چییەك بن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەمە جیهانێكی جیاوازە كە ئێمە تێیدا دەژین و، هەموو ئەم پەرسەندنە نوێیانەش بوونە هۆی ئەوەی گفتوگۆ و مشتومڕێكی نوێ بێتەئاراوە لە پەیوەندی بە ڕۆڵی نوێی ئەڵمانیا و بگرە ڕۆڵی نوێی خودی یەكێتیی ئەوروپا لە چوارچێوەی ستراتیژیەتە جیهانییەكەدا. ئەوەی تا ئێستاش ئاماژەی پێ كراوە و باس كراوە، ناوی لێ نراوە: قیبلەنمای ستراتیژی (Strategic Compass)، كە ئەڵمانیا ڕۆڵێكی پێشەنگ و سەرەكی تێدا دەبینێت. ئەمەی ئاماژەمان پێ كرد تا ئێستا لەسەر ئاستی گوتار و تیۆر ماوەتەوە و نازانین چ ئاكام و لێكەوتەیەكی لەسەر ئەرزی واقیع لێ دەكەوێتەوە. بۆ نموونە ڕاستە لە ئەڵمانیا بڕیاری زیادكردنی 100 ملیار یۆرۆ دراوە بۆ نوێكردنەوەی سوپای ئەو وڵاتە، بەڵام دیار نییە كە ئەمە لە واقیعدا چ دەرهاویشتەیەكی لێ دەكەوێتەوە، بۆ نموونە ئایا دەبێتە هۆی ئەوەی لە ئایندەدا سوپای ئەڵمانیا بە چەشنێكی جیاوازتر، یان بۆ ئامانجێكی جیاوازتر لەوەی ئێستا بەكار بهێنرێت. كەواتە ڕەنگە هێشتا زوو بێت، بۆ ئەوەی ئەمە یەكلا بكرێتەوە، چونكە ئەمە بە چەشنی شۆڕشێك بوو بەلای ڕای گشتیی ئەڵمانیاوە، كە لەسەر ئەو قەناعەتە گۆش كراوە كە وڵاتەكەی پێویستی بەوە نییە بچێتە نێو شەڕەوە، لەبەر ئەوەی پارێزراوە بەهۆی ئەو زەمانەتە ئەمنییەی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە دەستەبەر كراوە، كە تێچوویەكی كەم دەكەوێت لەسەر ئەڵمانیا. هەر لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، ئەوا ئاشكرایە كە ڕۆژگارێكی دوور و درێژ بوو شەڕ لە ئەوروپا ڕووی نەدابوو، بەڵام ئێستا و بە هۆی ئەم شەڕەوە ئەوا ئەو بۆچوونە دروست بووە كە لەبەر ئەوەی شەڕ بەردەگای پێ گرتووین، ئەوا پێویستە خۆمان ئامادە بكەین بۆ بەرگریكردن و بەرگری لەخۆكردنیش لە ناو ماڵ و وڵاتی خۆتەوە دەست پێدەكات.
* كەواتە ئەم شەڕە تا چ ڕاددەیەك وڵاتانی ئەوروپا ناچار دەكات كە پێداچوونەوەیەكی ڕیشەیی و قووڵ بكەن بۆ حیساباتی پەیوەست بە ئاسایشی وزەوە، بە تایبەتی كە دەزانین ڕووسیا وزەی كردووەتە چەك و كارتێكی گوشار لەسەر ئەم وڵاتانە؟
- بە تێڕوانینی من ئەم شەڕە هەموو شتێكی گۆڕیوە و كارێكی كردووە پێویست بەوە بكات پێداچوونەوە بە هەموو حیساباتەكاندا بكرێت و، پێم وا نییە زۆر لە ڕاستی دوور كەوتبێتینەوە ئەگەر بڵێین: ئەمە خاڵی وەرچەرخانە، چونكە ئەگەر تێكڕای جیهان گۆڕابێت، ئەوا ناكرێت ئەوروپا تەنیا سەرقاڵ بێت بە خۆڕێكخستنی ناوخۆیی و دروستكردنی بازاڕێكی یەكگرتووەوە، بەڵكو دەبێت بە چەشنێك كار بكات و خۆی ڕێكبخاتەوە كە ببێتە گەمەكار و ئەكتەرێكی جیهانی، ئەگەر ئەم كارە نەكات، ئەوا مەرجەكانی بەسەردا دەسەپێنرێت. بەڵام هەروەك پێشتریش باسم كرد، ئەمانە هێشتا لەسەر ئاست و چوارچێوەی تیۆری ماونەتەوە و پێویستە ئەم وڵاتانە بڕیار بدەن كە هەنگاوەكانیان لەسەر ئاستی كرداری و لە ئەرزی واقیعدا چی و چۆن دەبێت. چونكە ئێمە دەزانین وڵات هەیە لە كیشوەری ئەوروپا كە نیگەرانی ئەوەیە ئەویش تووشی داگیركاری ببێتەوە، یان ببێتە ئامانجی هێرشێكی ناوكی، بە تایبەتی دوای ئەوەی سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتین ئاماژەی بەوە كرد كە لێدوانی ئەوان لەم بارەیەوە تەنیا هەڕەشەیەكی بەتاڵ نییە و دەكرێت ئەم هێرشە ناوكییە ئەو وڵاتانەش بگرێتەوە كە بەشدار دەبن لە شەڕەكەدا. كەواتە ئێستا وڵاتانی ئەوروپا لە بەردەم دووڕێیانێكدان، یان ئەوەتا دەبێت بكەونە خۆیان و ئامادەكاری بكەن و دۆخەكە هەڵسەنگێنن و بڕیاری پێویست بدەن، یان ئەوەتا دەستەوەستان بمێننەوە و ئومێدی ئەوە بكەن كە لەم دۆخە سەلامەت و بێ زیان دەرچن. دید و تێڕوانینی من لەم ڕووەوە ئەوەیە كە ناكرێت ئەوروپا، یان وڵاتانی ئەوروپا تەنیا سیاسەتی چاوەڕوانی بگرنەبەر، چونكە لە ئێستادا چەندین پێشهات و پەرەسەندن و گۆڕانكاری ڕوو دەدەن كە لە بەرژەوەندیی ئەم كیشوەردا نین، لەبەر ئەوە پێویستە كات و كۆششی زیاتر تەرخان بكەین و بخەینەگەڕ و بڕیار بدەین لە چ ساتەوەختێكدا دەبێت ئێمەش جڵەوی بەرپرسیارێتی بگرینە دەست.
* هەر لە پەیوەندی بە پرسی وزەوە، زۆرێك لە شرۆڤەكاران باسیان لەوە كردووە كە ئامانجی ڕووسیا لە بەكارهێنانی وزە وەك چەكێك ئەوەیە كە لێكترازانێك لە هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپادا دروست بكات. پێت وایە تا چەند ئەمە سیاسەتێكی كارا و كاریگەر بووە لەلایەن ڕووسیاوە؟
- لە ڕاستیدا ئاشكرایە كە ڕووسیا دەیەوێت دابەشبوون و دووبەرەكی لە نێو ئەوروپادا دروست بكات بۆ ئەوەی سیاسەت و كارنامەی خۆی بباتەسەر، لەبەر ئەوە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانم ئەوە بڵێم كە هەر هەڵوێست و سیاسەتێكی یەكگرتووی نێوان هاوپەیمانە ئەورووپییەكان لە ئاست پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی لەلایەن ڕووسیاوە خزمەت بە كار و كارنامەكانی سەرۆك پوتین ناكات، هەروەها ئەمە لە بەرژەوەندیی وڵاتی چینیش نییە، چونكە ڕاستە ڕەنگە بەرژەوەندییەكانی ڕووسیا و چین وەك یەك نەبن لە هەموو كاتێكدا، بەڵام هەر دوو بەرژەوەندییەكانیان لەوەدا یەك دەگرێتەوە كە ئەوروپا بەرەو لاوازی بچێت. بەڵام ئەوەی تا ئێستا لە وڵاتی چین بەدی كراوە ئەوەیە كە نایەوێت كارێك بكات كە ئابووریی جیهانی تووشی داكشان و پووكانەوە بكات. ئەگەرچی ئەوەی لە ئێستادا لە ئەوروپا بەدی دەكرێت بریتییە لە هەڵكشانی هەڵاوسان و ڕاوەستانی گەشەی ئابووری، كە هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی ئەوەی پشێوی و نائارامی كۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە كە ڕەنگە لە دەرئەنجامدا گۆڕانكاری لە حكومەت و حوكمڕانیشدا دروست بكات.
* ئایا دەكرێت بڵێین كە لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا و ئەو ڕەنگدانەوەی هەیبووە لەسەر ئابووری و ئاسایشی وزەی ئەوروپا، ئەوا ئەوروپا لاوازتر بووە و لە ئێستادا پتر پێویستی بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش و وزە، ئەمەش دۆخێكە كە سەردەكێشێت بۆ ئەوەی ئەمریكا باڵادەستتر و دەستڕۆیشتووتر بێت لە پرسەكانی پەیوەست بە ئاسایش و وزەی وڵاتانی ئەوروپاوە؟
- لە ڕاستیدا پێشتریش ئەوروپا لە بواری ئەمنیدا پشتبەستوو بووە بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەروەها خودی یەكێتیی ئەوروپاش لەسەر بنەمای ئەم پرەنسیپە بنیاد نراوە كە پێی وایە پشتبەیەكبەستنی ئابووری سەردەكێشێت بۆ بەرپابوونی ئاشتی، چونكە لەو كاتەدا هەمووان دەبنە بەشێك لە چوارچێوەیەكی گەورەتر كە یەكێتیی ئەوروپایە، كە ئەمەش دۆخێك دەخوڵقێنێت كە بەرژەوەندیی هەر وڵاتێك لەوەدایە كە بایەخ بە بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێی بدات و بەم شێوەیە ئاشتی دێتەئاراوە و بەرپا دەبێت. ڕاستە ئەم دۆخە بۆ ماوەیەك، یان ڕۆژگارێكی دوور و درێژ بەردەوام بوو، سەركەوتووش بوو، بەڵام هەڵەكە لەوەدا بوو كە ئەورووپییەكان پێیان وابوو ئەمە مۆدێلێكە كە درەنگ، یان زوو وڵاتان، یان هەرێمەكانی دیكەی جیهانی پیادە و پەیڕەوی دەكەن و زیاتر هاوشێوەی یەكێتیی ئەوروپا دەبن، كە ئاشكرایە ئەمە ڕووی نەدا. كەواتە ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ وەڵامی پرسیارەكە، ئەوا بەڵێ ڕاستە كە لە سەروەخت و ساتەوەختی شەڕدا و كاتێك هەڕەشەی ئەمنی ڕووبەڕووی وڵاتانی ئەوروپا دەبێتەوە، ئەوا پشتبەستنی ئەم ووڵاتانە بە زەمانەتەی ئەمنیی ویلایەتە یەكگرتووەكان پتر بەرچاو دەبێت، كە خۆی لە ڕێكخراوی ناتۆدا بەرجەستە دەكات، كە ئاشكرایە ئەمریكاش باڵادەستییەكی تەواوی بە سەر ناتۆدا هەیە، بەڵام لە حاڵەتی ئاشتی و ئارامیدا و كاتێك پرسەكان تەنیا پەیوەست دەبن بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشتبەیەكبەستنی ئابووری و پرسە داراییەكانەوە، ئەوا ئەم پێویستی و پشبەستنەی ئەوروپا بە ئەمریكا كەمتر دیار و بەرچاو دەبێت، ئەگەرچی بە مانای ئەوە نییە كە لە ئارادا نامێنێت.