دكتۆر هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ گوڵان:   هاووڵاتی خۆی بە بەشدار لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵات دەزانێت و هاوكاریی پێویستی دامەزراوەكان دەكات

دكتۆر هێمن میرانی  بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ گوڵان:     هاووڵاتی خۆی بە بەشدار  لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵات دەزانێت و هاوكاریی پێویستی دامەزراوەكان دەكات

 

 

پرسی دۆخی ئەمنی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی هاووڵاتی لەو بوارەدا، هەروەها داخستنی شوێنەكانی كڕین و فرۆشتنی چەك لە كوردستان و جۆرەكانی تاوان و سزای تاوانباران و چەندین پرسی دیكە لەم دیدارەی گۆڤاری گوڵان لەگەلأ دكتۆر هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.

 

* هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و جیهاندا چاوی لەسەرە، بەتایبەتی هەولێری پایەتەختی هەرێمی كوردستان كە وێڕای مەرام و پیلانی ناحەزان ئارام و سەقامگیرە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن ئەم ئارامییە دەپارێزرێت و ڕێگە نادرێت تیرۆر و كوشتن و تاوانكاری تەشەنە بكات؟

- بوونی ئارامییەكی ناوخۆیی دەرئەنجامی كردارێكی هەمووكییە Collective actions، زۆر هۆكار بەشدارن لە ئارامیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، كاتێك بەراورد دەكرێت بە بەشەكانی دیكەی عێراق بە ڕوونی ئەو ئارامی و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانە دەبینرێت. بوونی حكومەتێكی كارا و پاڵپشت بە هاوكاری و یارمەتیی هاووڵاتیان خاڵی یەكەمە كە هێزە سەرەكییەكان پاڵپشتی دەكەن و مەبەستیانە سەقامگیریی ئەمنی بە پلەی یەكەم بمێنێت، ئەمەش لەو ڕاستییەوە سەرچاوەی گرتووە كە بۆشایی ئەمنی دەرگا بە ڕووی كارەسات و كێشەی گەورەتردا دەكاتەوە و لە بەرژەوەندیی گشتی و هێزە دەسەڵاتدارەكانیشدا نییە. بۆیە ئەگەر جیاوازیی سیاسی وەكو یەكێك لە پایەی كێبڕكێی سیاسی لە نێوان پێكهێنەرەكانی حكومەتدا و لە نێوان پارتە سیاسییە گەورەكاندا هەبن، هاوكاری و هەماهەنگیی ئەمنی بەردەوام لە ئاستێكی گرنگتردا هەبووە. بوونی پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لە نێوان هاووڵاتی و دامەزراوە ئەمنییەكاندا خاڵێكی گرنگە، وێڕای سەرنجی هاووڵاتی لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە هەندێ بوار و ناوچەدا، بەڵام هاووڵاتی خۆی لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتدا بە بەشدار دەزانێت و هاوكاریی پێویستی دامەزراوەكان دەكات، لاموبالات نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی هاووڵاتی هەڕەشەی ئەمنی بە كێشەی خۆی نەزانێت و هەواڵ نەداتە دامەزراوەكانی ناوخۆ، لەلایەكی دیكەوە بوونی دامەزراوەی جۆراوجۆری ئەمنیی هەماهەنگ لەگەڵ یەكتردا، كە هەر یەكەیان لێهاتووانە ئەركەكانی خۆیان بە باشی و دڵسۆزی جێبەجێ دەكەن و چاوكراوەن لە دەستنیشانكردنی سەرچاوەكانی ناسەقامگیریدا و زووتر دەستیان پێیان دەگات، خاڵێكی دیكەی ناو ئەو بازنەی ئارامی و ئاسایشەیە كە تێیدا سەروماڵی هاووڵاتیان پارێزراو دەبێت، هەروەها بوونی تەكنۆلۆژیای چاودێریی ئەمنیی پێشكەوتوو كە هاوكارێكی گەورەی دەستنیشانكردن و دۆزینەوەی تاوانكارانە، بەشدارە لەو كردارە پێكەوەییەی ئەو ئارامییەی دروست كردووە و لە سایەیدا خەڵك كار و كەسابەتی خۆی دەكات و هەست بە ئارامییەكی ڕێژەیی چاك دەكات.

* تاوانكاری لە هەموو جیهان و لە شارە گەورەكان ئەنجام دەدرێت. ئایا تاچەند دامەزراوەكانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەكان هەماهەنگن و داواكاریتان لە هاووڵاتیان چییە؟

- توێژینەوەكان باس لەو هۆكارانە دەكەن كە دەرفەت بۆ تاوان دروست دەكەن، بێگومان یەكێك لە هۆكارە گەورەكان بوونی بۆشایی ئەمنی و مامەڵەی خراپ و ڕێكنەخراوەیی دامەزراوەكانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیە لەگەڵ خەڵك و دەرفەتەكانی تاوان، سوپاس بۆ پەیوەندیی باشی نێوان هاووڵاتیان و دامەزراوەكانی خۆیان و لێهاتوویی و چاوكراوەیی كارمەندانمان، كە ئەو بۆشاییە تا ئاستێكی بەرچاو نەك هەر پڕ كراوەتەوە، بەڵكو پەیوەندیی نێوان هاووڵاتییان و دامەزراوە ئەمنییەكان پتەوتر بووە. هەمیشە داواكاریی ئێمە لە خەڵك ئەوە بووە كە وەكو ئێستا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەكانی خۆیان بەردەوام بكەن و بەرەو پێشتری ببەن، لەگەڵ ئاسایش و بنكەی پۆلیسی گەڕەك با پەیوەندیتان توندوتۆڵ بێت، ئێمەش وەكو وەزارەت هەموو كارێك دەكەین تا بنكەكانی پۆلیس باشتر ببنە شوێن و جێگەی متمانەی خەڵك لە كاتی پێویست و ناپێویستیدا، بۆ ئێمە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان تەنیا ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی نییە، بەڵكو ئەركێكی ئایینی و ئەخلاقییشە.

* هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەك و كەرەستەكانی دیكەی وەك چەقۆ بەردەوامە، ئایا لەو هەڵمەتەدا تاچەند سەركەوتوو بوون؟

-  نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵانە لە ٢٤ تا ٣٠ی تشرینی یەكەم هەفتەیەكی ڕاگەیاندووە بە ناوی هەفتەی چەكداماڵین لە پێناوی بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی زیاتر لە نێو خەڵك بۆ لێكەوتە خراپەكانی چەكی نایاسایی، ئێمەش بە باشمان زانی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان وەكو پابەندییەكی مۆراڵیی نێودەوڵەتی ئەم بۆنەیە بە خەڵك بناسێنین، كە پێشتر باس نەكراوە، بە تایبەت كە ئەمساڵ یاسای چەك ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دەرچووە و دوو ڕێنمایی بۆ جێبەجێكردنی لە وەزارەتی ناوخۆ دەركراون و، بە فەرمانی جەنابی سەرۆكی حكومەت شوێنەكانی كڕین و فرۆشتنی چەك لە هەموو كوردستاندا داخراون. هەڵمەتەكە زیاتر بۆ هۆشیاری بوو، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان ڕاسپێردران بەو جۆرەی كە خۆیان بە باشی دەزانن لێژنە ئەمنییەكانیان ڕابسپێرن، بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت لە هەر جێگایەك بێت و، هۆشیاری بڵاو بكەنەوە كە ئەو پرۆسەیە بەردەوامە و تەنیا بۆ یەك هەفتە نییە.

* لە پایتەختی هەرێمی كوردستان چەكدار و دامەزراوەی ئەمنیی وڵاتان و حزبە كوردستانییەكان هەیە، ئایا ئەم بارەگایانە لەلایەن چ بەشێكی پۆلیسەوە پارێزگارییان لێ دەكرێت؟ ئایا یاسایەكی تایبەت هەیە بۆ كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و هەڵسوكەوتكردنیان و ئیجرائات چییە لە بەرامبەریان؟

-  بارەگای هێزە سیاسییەكان لەلایەن پۆلیسی پاسەوانی، هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی، یان بەرگری و فریاكەوتن دەپارێزرێن، ئەمانە هەموویان كارمەندی وەزارەتی ناوخۆن، هەموو كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ كە لە سلكی سەربازین، بە یاسای تایبەت ڕێكخراون و هەڵسوكەوتەكانیان لەو چوارچێوەیەدا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

* كامێراكانی چاودێری ڕۆڵی گەورەیان لە كەمكردنەوە و ئاشكراكردنی تاوان هەیە، بۆچی هەڵمەتێكی ئیجباریی دانانی كامێرا لە ماڵ و دووكان و شوێنە گشتییەكان ئەنجام نادەن؟

-  وەزارەت خۆی پڕۆژەیەكی پێشكەوتووی هەیە و هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو ئەو پڕۆژەیە لە كاردایە و، ڕۆڵێكی گرنگی لە ئاشكراكردنی تاوانەكان هەیە، لە پاڵ ئەوەش لە شوێنە گشتییەكان و ماڵان پرۆسەی دامەزراندنی كامێری چاودێری لە لایەن خەڵك خۆی لە بەر پێویستی لە زیادبووندان و، ئێمە پاڵپشتییەكی زۆری دەكەین و دانانی ئەو كامێرانە قەدەغە نییە. ئێمە هاووڵاتیان هان دەدەین كە بۆ پاراستنی خۆیان و بەشداریكردن لە پاراستنی سەلامەتیی تایبەتی و گشتیدا كامێرای چاودێری دابنێن. هەر بە هۆی كامێرەكانی چاودێرییەوە چەندین تاوانبار و تاوانكاریی دژ بە خەڵكی ئاشكرا بووە و ئیجرائاتی پێویست لە بەرانبەریان گیراوەتەبەر.

* ڕێژەیەكی زۆر دز دەگیرێت، بەڵام لەبەر سوڵح و هەڕەشە و زۆرجار دەستتێوەردان، سكاڵاكەر داواكاریی خۆی دەكشێنێتەوە، یاساكانیش بۆ مافی گشتی توند نییە، ئایا پێویست بەوە ناكات یاساكان و دادگا سزاكان توندتر بكات؟

-  تاوانەكان بە وردی لە یاسای سزاكانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ و هەموارەكانی ڕوون كراونەتەوە، ئەوانەی مافی گشتییان تێدا بێت، دادگا بە كاری خۆی هەڵدەستێت، لە لایەكی دیكەوە ڕێككەوتنی كۆمەڵایەتیی هەموو جارێ خراپ نییە، بە تایبەت كە توێژینەوەی زۆر لەسەر ئەوە هەیە كە بەندینخانە دەكرێت ببێتە قوتابخانەی پێگەیاندنی تاوانباری گەورە، ڕەنگە كەسێك لە سەر تاوانێكی بچووك دەستگیر كرابێت و لە ئەنجامی تێكەڵبوونی لەگەڵ تاوانباری دیكەدا لە بەندیخانە فێری فۆرمی نوێی تاوان بێت، بۆیە هەندێ جۆری تاوان دەكرێت بە سزایەكی كەم و ڕێككەوتنی كۆمەڵایەتی چارەسەر بكرێت، بە بێ ئەوەی تاوانبار بچێتە بەندیخانە. لە زۆر وڵاتی پێشكەوتوودا سزای كۆمەڵگەیی Community sentences داهێندراوە كە بۆ هەندێ جۆری تاوان، تاوانكار ناچار دەكرێت لە دەرەوەی بەندیخانە هەندێ خزمەتی گشتی بە خۆڕایی پێشكەش بكات، وەكو پاككردنەوەی شەقامێكی گشتی بۆ چەند سەعاتێك بە گوێرەی جۆری تاوانەكەی، لە جیاتی ئەوەی بخرێتە بەندینخانەوە.

* زۆر لە دزی و تاوانەكان بە ماتۆڕەكان دەكرێن، ئایا بۆچی ڕەقەم و سەنەوی ناكرێن؟

-  ماتۆڕ بووەتە سەرچاوەی داهاتی هەندێ چین و توێژ، بۆیە دەستبردن بۆ ڕێكخستنی ئەو بوارە پێویستی بە وریایی و بیركردنەوەی باش هەیە، بۆ ئەوەی زیان بە داهاتی ئەو خەڵكە نەگات، لە گەڵ ئەوەش ناكرێت ماتۆرسكیل تۆماركراو و خاوەن ژمارە نەبێت بۆ ئەوەی بناسرێتەوە، لە ماوەی ڕابردوو هەندێ هەڵمەت بۆ دەستگیركردنی هەندێ لەو ماتۆڕانە ئەنجام درا، بەڵام لەبەر داهاتی هەندێ لەو خەڵكانە ئەو پرۆسەیە بە شێوەی كاتی ڕاگیراوە. داوا لە خاوەن ماتۆڕەكان دەكەین ئەوانەی دەیانەوێ كەسابەت بكەن، با ماتۆڕەكانیان بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەكان ڕێك بخەن، چونكە ئەوە بۆ ئەوان و بۆ سەلامەتیی گشتی باشترە و چیتر خاوەن ماتۆڕەكانیش بە هۆی كەسانێكی تاوانبار و دەرچوو لە ئادابی گشتی لەكەدار نابن، داواكاریشم لە شوفێری ماتۆڕەكان ئەوەیە كە ئەوەندە سەرپێچی لە یاساو ڕێنماییەكانی هاتوچۆ نەكەن و خۆیان و كەسانی دیكە نەخەنە مەترسییەوە.

 

Top