لە پەراوێزى کتێبەکەى سەرۆک بارزانى: (شۆڕشى گوڵان ١٩٧٥-١٩٩١)

لە پەراوێزى کتێبەکەى سەرۆک بارزانى:  (شۆڕشى گوڵان ١٩٧٥-١٩٩١)

 

     کتێبى شۆڕشى گوڵان (١٩٧٥-١٩٩١) کە ساڵى ڕابردوو (٢٠٢١) لە دوو بەشدا چاپ و بڵاوکرایەوە کتێبى چوارەمى مەوسوعە مێژووییەکەى سەرۆک بارزانى یە کە لە ژێر ناونیشانى (بارزانى و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد) پێشتر سێ بەرگى ترى لێ دەرچووە .

ئەم کتێبە بابەتێکى مێژووی سیاسى هاوچەرخى کوردە ، گرنگى خۆى هەیە چونکە باس لە گەورەترین شۆڕشى کوردستان دەکات کە شۆڕشى ئەیلولى مەزنە تێیدا زۆر لاپەڕەى شاراوەى ئەم شۆڕشەى پیشانداوە کە شایانى خوێندنەوەیەکى وورد و هەڵوەستەکردنە لە سەرى بە تایبەتى لەو بەشەى کە پەیوەندى بە خەباتى یەکێتى قوتابیانى کوردستانەوە هەیە بەڕێزیان چەند زانیارییەکى گرنگى لەم بارەیەوە خستۆتەڕوو کە بۆ من بووە هاندەرێک تاکو دەست بدەمە قەلەم و بە پێ ى ئاگاداربوون و کارکردنم لەو ڕێکخستنە چەند زانیارییەکى نوێ وەک ئیزافەیەک بخەمە سەر زانیارییەکانى بەڕێزیان بەو هیوایەى سودى هەبێت و جێگاى ڕەزامەندى بەڕێزیان بێت .

      سەرۆک بارزانى لە بەشى دووەمى ئەم کتێبەدا باس لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە شۆڕشى ئەیلول دەکات کە حەڤدە لاپەڕەى لە فەسڵى دەیەمى کتێبەکە بۆ تەرخان کردووە (ل١٥٥-١٧٢) .

      ئەم بابەتە تەواو سەرنجى ڕاکێشام چونکە بۆ من بایەخ و گرنگى خۆى هەیە لە بەر ئەوەى یەکێک بووم لە ئەندامەکانى ئەم ڕێکخستنە نهێنى یەى پارتیمان لە ناو شارى هەولێر کە بەڕێزیان لە ژێر ناوى ڕێکخراوى شیرین ئاماژەى پێکردووە بەو شێوەیە وەسفى دەکات و دەیناسێنێ: ( یەکەم ڕێکخراوى نهێنى یەکێتى قوتابیان لە ساڵى ١٩٧٦ لە پارێزگاى هەولێر بە ناوى ڕێکخراوى شیرین دامەزرا ، ئەم ڕێکخراوە توانى لە سەرهەڵدانەوەى ڕێکخستنى قوتابیان دا ڕۆڵى کاریگەى خۆى ببینێت (ل١٥٦-بەشى دووەم) .

      ئەم وەسف و ناساندنەى بەڕێزیان هانیدام ئەگەر بە کورتیش بێت شتێک لە سەر ئەم ڕێکخستنە نهێنی یەى یەکێتى قوتابیانى کوردستان بنوسم چونکە وەک پێویست ئاوڕى لێ نەدراوەتەوە و حەقى خۆى پێ نەدراوە خەتى ڕێکخستنەکەى ئێمە (خەتى شیرین/سەر بەلقى دوو- باڵى ڕاست) بەشێک بوو لە ڕێکخراوى شیرین کە بەندە یەکێک بوو لە ئەندامەکانى و لە ساڵى ١٩٨١ بە فەرمى یەپوەندیم پێوە کردووە ، هەروەکو لە نوسراوى مەکتەبى سیاسى پارتیمان ژمارە (١٢٨٣) لە (٢٥/٧/١٩٩٢) داهاتووە کە ئاراستەى لقى دوو کراوە بۆیە ئاگادارى بەشێک لە کار و چالاکیەکانى ئەم ڕێکخستنە نهێنیەى ناو شارم ، سەرەتا وەکو من زانیومەوە ئەم ڕێکخستنە ڕێکخستنێکى حزبى بوو هەروەکو کاک عبدالله خەلۆ  سکرتێرى (ی.ق.ل.د.ک) بوو دواى ڕاپەڕین لە وەڵامى پرسارێکمدا بۆى گێڕامەوە و وتى لە بەر ئەوەى ئەم ڕێکخستنەى ئێوە ئەندامەکانى هەموو قوتابى بوون بە فەرمانى سەرۆک بارزانى لە ساڵى ١٩٨٧ خرایە سەر ڕێکخستنى یەکێتى قوتابیانى کوردستان .

پەیوەندى کردنم بە حیزب:

       بۆ یەکەمین جار لە هاوینى سالى ١٩٨١ پەیوەندى پارتایەتیم لە ڕێى برادەرێکمەوە بە ناوى (حەسەن على قادر ڕواندزى) بەم ڕێکخستنەوە کرد ئەو کاتە پۆلى چوارى ئامادەیى بووم لە ئامادەیى ئازادى کوڕان ، هێشتا بە فەرمى پلەى ئەندامیێتیم وەرنەگرتبوو کە دەستم بە چالاکى نوسینى دروشم کرد لە سەر دیوارى بەشێک لە گەڕەکەکانى ناو شارى هەولێر ، باش لە بیرمە دروشمەکان و شوێنەکانى کە لە سەریم نوسیوە بۆ یادگارى لە دەفتەرێکى کۆنى مەکتەب تۆمارم کردووە و ئێستاش ماومە ، دروشمەکان و شوێنەکان کە لەسەرم نوسیون ئەمانەى خوارەوەن:

(بژى پارتى دیموکراتى کوردستان، نەمرى بۆ بارزانى، بڕوخێ ڕژێمى بەعسى فاشى، بمرێ صدامى دیکتاتۆر، عاش الحزب الدیمقراطى الکردستانى، یسقط نظام البعث)

١- دیوارى قوتابخانەى ١١ى ئازار لە مەنتکاوە .

٢- دیوارى باخچەیەکى ساوایان لە مەنتکاوە .

٣- دیوارى ماڵى مەحمود حلمى لە ڕوناکى نزیک جادەى کەرکوک .

٤- دیوارى پشتەوەى مەخفەرى خانەقا (بنکەى پۆلیسى خانەقا) ئێستا شوێنەکەى نەماوە و بۆتە بازاڕى نیشتیمان (بۆ زانین حکومەتى بەعس بۆ ئەوەى ڕێگرى بکات لە دووبارە بونەوەى ئەم کارە ، دیوى پشتەوەى مەخفەرەکەى تێل بەند کرد) .

٥- دیوارى گۆرستانى چراغ دیوى لاى شێخ الله کە ئەو کات دوکانى قەسابەکانى لە تەنیشتەوە هەبوو (ئێستا ئەم شوێنە نەماوە و بۆتە بازاڕى نیشتیمان) .

٦- ئاو بارەکەى شیرین و فەرهاد کە لە شێوەى دیوارێکى بازنەیى بوو ئێستا شوێنەکەى نەماوە ، بەڵام فلکەکە هەر ماوە و کەوتۆتە پێش بازاڕى کوتاڵ فرۆشەکانى شێخى چۆلى .

٧- دیوارى مزگەوتى ألتى برماغ ناو بازاڕى قەیسەرى بەرامبەر دوکانى باوکم ، بۆ بەیانى خۆم ئاگاداربوم ئەمنەکانى رژێم هاتن رەشیان کردەوە ، چونکە ئەو کاتە من لە دوکان بوم بە دیاریانەوە وەستام تا ڕەشیان کردەوە .

       هەموو ئەو چالاکى دیوار نوسینەم بە پەمپى بۆیاغ بەشەو بە پایسکیل ئەنجام دەدا هەروەها زۆر هەوڵم دا لە سەر دیوارى خانوەکانى ناو گەڕەکى مستەوفى (ناو قەسران) نزیک دائرەى ئەمن دروشم بنوسم وەک تەحەدایەک بۆ ڕژێمى بەعس و دام و دەزگایەکانى ، بەڵام نەمتوانى بینوسم چونکە زوو زوو سەیارە لە سەرى فەرعەکان بە دیار دەکەوتن ئەوە بووە هۆى ئەوەى نەتوانم ئەم کارە بە دڵى خۆم بکەم بۆیە وازم لێهێنا و موجازەفەى زیاترم بە خۆم نەکرد.

ئەوەى شایەنى باسە دواى زیادبوونى هەڵمەتى دیوار نوسین ، دائیرەى ئەمن لە هەولێر ئاگادارى دوکاندارەکانى سبوغ فرۆشى کرد لە ناو قەیسەرى کە بە بێ ئاگادارى ئەوان قوتوى پەمپى سبوغ بە کەس نەفرۆشن، ئەوەم لە سبوغ فرۆشەکانى ناو قەیسەرى زانیەوە، بەمجۆرە حکومەتى بەعس بە هەموو ڕێگایەک هەوڵى دەدا ڕێگرى لە چالاکى ڕێکخستنى حزبە کوردیەکان بکات بەڵام هەر دادى نەدا بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم چالاکیانە زیاتر دەبون.

ساڵى ١٩٨٢ بۆ من ساڵێکى شووم بوو:

      لە ڕاستیدا ساڵى ١٩٨٢ بۆ من ساڵێکى ناخۆش و بەخەم بوو ئەویش لە بەر دوو هۆکار:

هۆکارى یەکەم: لە مانگى شوبات بە دیاریکراوى لە (١٠/٢/١٩٨٢) برایەکم کە بە حەوت ساڵ لە خۆم گەورەتر بوو (لە دایک بووى ١٩٥٦) ناوى (محسن) بوو کە تازە سێ ساڵ بوو بە مامۆستا دامەزرابوو لە تەمەنێکى کورتى ٢٦ ساڵیدا بە ڕووداوى ئۆتۆمبێل گیانى لە دەستدا و ماڵئاوایى لێکردین ئەوە بۆ من کۆستێکى زۆر گەورەبوو کاریگەریەکى زۆرى لەسەر دەرونم کرد .

هۆکارى دووەم: هێشتا چلەى براى جوانەمەرگم نەچوبوو کاتێ هەواڵى ئاشکرابوونى ڕێکخستنە نهێنى یەکەمان لە لایەن حەسەنى برادەرمەوە بێراگەیاندرا ، بەم خەبەرە تەواو وەزعى خێزانەکەمان شڵەژاو و تێکچوو خەمى مەرگى برایەکەمان هەر لە بیر کرد دایک و باوکم لە خەمى من بە تەواوى چۆکیان شکا ، چونکە لەوە دەترسان منیش بکەومە دەستى ڕژێم و نەمبیننەوە .

شەهید بوونى هەڤاڵ سەردار مەنتک ناسراو بە (ئارى) و دەستگیرکردنى هەڤاڵ ڕەجەب پێش نەورۆزى ساڵى ١٩٨٢:

       پلان و بڕیار وابوو هەڤاڵانى ڕێکخستنەکەمان بە بۆنەى هاتنى جەژنى نەورۆز هەندێ چالاکى دیوار نوسین و بڵاوکردنەوەى مەنشوراتى پارتى لە ناو شارى هەولێر ئەنجام بدەن ، بەڵام برادەرانى ئێمە دوو لە هەڤاڵانمان بە ناوى (رەجەب و سەردار) دەستى خۆیان بە پێش خست و پەلەیان لە کارەکە کرد و بە تەنیا لە نزیک ماڵى خۆیان لە گەڕەکى ئازادى لە شەوى ١٦لەسەر ١٧/٣/١٩٨٢ لە کاتى بڵاوکردنەوەى مەنشورات و هەڵواسینى لافیتە دەکەونە بەر هەڵمەتى مەفرەزەى گەڕۆکى ڕژێم کە شەوانە لە گەڕەک و شەقامەکانى هەولێر دەسوڕانەوە و تەقەیان لێ دەکرێت و هەڤاڵ سەردار کە ناسرابوو بە (ئارى) دوو گولەى پێ دەکەوێت و بە هۆى سەختى برینەکەیەوە تا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە لە ڕێگا گیانى لە دەست دەدات ، هەڤاڵ ڕەجەبیش دەستگیر دەکرێت ، هەردووکیان قوتابى دوا قۆناغى دار المعلمین بوون بۆ ڕۆژى دوایى حەسەنى برادەرم چونکە ماڵیان لە ماڵى ئەم دوو هەڤاڵەمان نزیک بوو هەواڵەکە دەزانێت و بێ دواکەوتن خۆى دەگەیەنێتە قوتابخانە کە ئو کاتە من لە دەوام بووم لە (ئامادەیى ئازادى کوران) کە نزیک بوو لە ماڵیان ، لەم هەواڵە ناخۆشە ئاگادارى کردمەوە منیش بە ناچارى بێ خۆ تاخیرکردن دەستم دایە کتێبەکانم و بە پەلە قوتابخانەم جێهێشتوو خۆم گەیاندە ماڵەوە ، جارێ هەر زوو ئەو مەنشورات و کتێبە قاچاغانەى هەمبوون کۆم کردنەوە و لە گەڵ خۆم بردم و خۆم گەیاندە ماڵى پلکم خێزانى شەهید مورشید کاوانى لە گەڕەکى شەهیدانى سێتاقان لە ناو حەوشەکەیان لە بن خاکم کردن و شاردمەوە.

      بۆ ڕۆژى دواتر لەوێ نەمامەوە دایکم هات منى گەیاندە گوندى کاوانیان چەند رۆژێک لەوێ مامەوە ئینجا باوکم هات منى گەیاندە ماڵى باپیرم (ماڵى باوکى خۆى) لە گوندى شێخ مەمودیان لەوێ مامەوە تا سەرهەڵدانى خۆپێشاندانەکانى قوتابیانى زانکۆ کە لە سەرەتاى مانگى ئایار لە ناو شارى هەولێر دەستى پێکرد وەک پشتگیریەک بۆ مانگرتنى خۆپێشاندانەکانى قەڵادزێ و چوارقوڕنە کە لە بیرەوەرى ٨ساڵەى بۆردومانى قەڵادزێ (٢٤/٤/١٩٧٤ – ٢٤/٤/١٩٨٢)کە سەرەتا لەم دەڤەرە دەستى پێکردبوو ، ئینجا لە سەرەتاى مانگى ئایار هەولێریشى گرتبۆوە .

      هەر چەندە لەو کاتەدا من لە ناو شار دوورکەوتبومەوە ، بەڵام بێ ئاگا نەبوم لە دۆخ و هەواڵى ناوشار چونکە رۆژانە بەردەوام گوێم لە ئێزگەى دەنگى کوردستانى عێراق دەگرت (کە ئێزگەى پارتى دیموکراتى کوردستان) بوو ، زیاتر لەو ئێستگەیەوە هەواڵەکانى ناوشارى هەولێرم دەبیست ، ئیتر دڵم قرارى نەدا لە هەولێر خۆپیشاندان هەبێت منیش لە گوند دابنیشم بۆیە تەحەمولم نەکرد ، ئەم دۆخە نوێیەم بە دەرفەت زانى بڕیارمدا بە هەر جۆرێک بێت خۆم بگەیەنمەوە ناو هەولێر ، چونکە ئەوە ئەو ڕۆژە بوو کە من دەمویست و چاوەڕوانى بووم هەستم کرد کە مەترسیەکە کەمبۆتەوە بە تایبەتى دواى ئەوەى زانیم کە پیاوانى ڕژێم تاقیبى ماڵمانیان نەکردووە ئەمەش نیشانەى ئەوەبوو کە ڕژێم هیچ زانیارییەکى لەم دوو هەڤاڵەمان دەست نەکەوتبوو چ لە کاتى تەحەرى کردنى ماڵەکانیان یان لە کاتى ئەشکەنجەدانى هەڤاڵ ڕەجەب ، بۆیە بە بێ ترس و بێ منەت ملم لێنا و خۆم گەیاندەوە ناوشارى هەولێر بەڵام بۆ ماوەیەک شەوانە لە ماڵى خۆمان نەدەنوستم وە بە رۆژیش تێکەڵى خۆپیشاندانەکانى قوتابیانى زانکۆ دەبووم و بەشداری هەموو ئەو خۆپیشاندانانەم کرد کە رۆژانى (٨،٦،٥،٤،٣،٢)ى مانگى ئایارى ساڵى ١٩٨٢ لە لایەن قوتابیانى زانکۆى سەڵاحەدین ئەنجام دران کە دەکاتە رۆژانى یەک شەمە و دووشەمە و سێ شەمە و چوارشەمە و پێنج شەمە و شەممە لە مانگى ئایار هەروەکو لە ڕۆژمێرى تایبەتى خۆم (ڕۆژمێرى پیرەمێرد و هاوسەر) ئاماژەم بەم ڕووداوانە کردووە و تا ئێستاش لام پارێزراوە .

      دەبێ ئەو ڕاستیەش بلێم ئاشکرا نەبونى من و هەڤاڵانم دەگەڕێتەوە بۆ خۆڕاگرى و ئازایەتى هەڤاڵ رەجەب چونکە زۆر قارەمانانە خۆى بەرامبەر ئەشکەنجەدانى دائیرەى ئەمنى ڕژێم ڕاگرت و هیچى نەدرکاند و ڕژێم هیچ سوودى لێ نەبینى ، بە ڕاستى هەڤاڵ رەجەب لە کاتى گرتن و تا زیندانى کردنى خۆراگربوە و هەڵوێستێکى جوامێرانەى نواندووە و خۆى لە بەرامبەر هەموو ئێش و ئازارى ئەشکەنجەدانى بەعسیەکان ڕاگرتووە بە هۆى ئەم هەڵوێستەى هەڤاڵ ڕەجەب ئێمە پارێزراین ، بەمەش من و هەڤاڵەکانى خۆى لە ڕێکخستنى نهێنى پارتى ناو شارى هەولێرى قەرزار کرد بۆ هەتا هەتایێ لە بیرى ناکەین ، ئەوە بوە هۆى ئەوەى کە ئێمە سەلامەت دەربچین ، بەم خۆڕاگریەى خۆى هەم ژیانى ئێمە و هەم ژیانى خۆى ڕزگارکرد ، ئێستا ئەم هەڤاڵەمان لە ژیاندا ماوە بەڵام وازى لە کارى حیزبى و سیاسى هێناوە ، خەریکى ژیانى ئاسایى خۆیەتى سەرپەرشتیارى پسپۆرى زمانى عەرەبیە و لە هەمان کاتدا قوتابى دکتۆرایە ، هەروەکو بۆ خۆى بەم دواییە بۆى باسکردم لە دواى ئازادبونى لە زیندان زۆر لە هەولێر نەماوەتەوە یەکسەر چۆتە شاخ و پەیوەندى بە ڕێزەکانى پێشمەرگەوە کردووە ، ئەم بارودۆخەى کە ئێمە دووچارى بوین زۆر سەخت و دژوار بوو بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بە ئومێدەوە دەمان ڕوانیە ئاسۆى دواڕۆژ و ورەمان بەرنەدا من لە لاى خۆمەوە لە سەر ڕێبازى کوردایەتى و بیرو باوەڕى پارتایەتى خۆم بەردەوام بووم ، بۆ ساڵى نوێى خوێندنى ١٩٨٢-١٩٨٣ دواى ڕزگاربوونم لەم ڕووداوە جارێکى تر گەڕامەوە قوتابخانە و لە پۆلى پێنجەمى زانستى دەستم بە خوێندن کردەوە بەڵام ئەمجارە بەردەوام نەبوم لە ئامادەیى ئازادى کوران بەڵکو خۆم نەقلى ئامادەیى هەولێرى کوران کرد لە شوێنى ئێستاى بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى ناوەندى هەولێر لەوێش ژمارەیەک قوتابى نوێم ناسى بەشێکیان هاوبیرم بون هەندێکیشیان هەڵگرى بیر و باوەڕى حزبە جیاوازەکانى کوردستان بون کە لەو کاتەدا جۆرێک لە فرەیى حیزبى هەبوو لە ناو قوتابیانى شارى هەولێر ، کە زیاتر دروشمى کوردایەتى و نیشتیمان پەروەرى و دژایەتى بەعسیان بەرز کردبوەوە .

جارێکى تر لە پایزى ١٩٨٢ خۆپێشاندان دەستى پێکردەوە:

      لە پایزى ١٩٨٢ جارێکى تر خۆپێشاندانى قوتابیان لە ناو شارى هەولێر دەستى پێکردەوە،  دەتوانین ناوى بنێین قۆناغى دووەمى خۆپێشاندانەکان بەڵام ئەمجارە قوتابیانى قوتابخانەکانى دواناوەندى و ئامادەیى یەکان بەشداریان تێدا کردوو ڕۆڵى سەرەکیان لە دەست پێکردنەوەى ناڕەزایەتییەکانى قوتابیان بینى لە دژى ڕژێمى بەعس .

یەکەم قوتابخانە کە لە قۆناغى دووەمى خۆپێشاندانەکان واتە لە پایزى ١٩٨٢ بە دیاریکراوى لە ١٦/١١/١٩٨٢ دەستى بە خۆپێشاندان کرد قوتابیانى قوتابخانەکەى ئێمە بوو (ئامادەیى هەولێرى کوران) کە بە هوتاف کێشان لە دژى ڕژێم لە ناو قوتابخانە هاتینە دەرو بە ناو کۆڵانەکانى گەڕەکى مستەوفى تا بەردەم پارێزگا ڕۆیشتین لەوێ پۆلیس و ئەمن پەرتەیان پێکردین و بەڵام دیسان جارێکى تر دەستمان پێکردەوە ئەمجارە لە شەقامى بن قەڵات لاى مەچکۆ تا دەگاتە بەردەم بانکى رافیدەین یەکمان گرتەوە جارێکى تر دەستمان بە خۆپێشاندان کردەوە ، بەڵام ڕژێم زۆر بە توندى و بێ ڕەحمانە رووبەروومان بۆوە نەوەک هەر بە دار و حەیزەران بە ناومان کەوتن بەڵکو ئەمجارە تەقەشیان لێکردین و قوربانیشماندا هەر لەو ڕۆژە بوو قوتابیەکمان بە ناوى سەڵاح جەوهەر کە یەکێک بوو لە قوتابیەکانى پۆلى پێنجەمى ئامادەیى گوللەى بەرکەوت و شەهید بوو .

دواى ئەم ڕووداوە ئیتر هەر کەسەو هەوڵى خۆ ڕزگارکردنى دەدا بە جۆرێک بڵاوەیان پێ کردین کەس نەبوە براى کەس ، دوو ڕۆژ دواى ئەم ڕووداوە هەڵسورێنەرانى ئەم خۆپێشاندانە بڕیارماندا ئەمجارە لە بەردەم قوتابخانەى ئامادەیى هەولێرى کچان گردببینەوە ، ئەوە بوو لە کات و شوێنى دیاریکراو لە ١٨/١١/١٩٨٢ لە بەردەم قوتابخانە و فلکەى زەعیم گردبوینەوە دەستمان بە خۆپێشاندان کرد هوتافمان دژى ڕژێم دەدا، دیسان پیاوانى ڕژێم لەوێش ڕاویان ناین و پەرت و بڵاویان کردین ئیتر بە ناو کۆڵانەکانى گەڕەکى کۆمارى (جمهورى) خۆمان لە دەستى پۆلیس و ئەمنى بەعس ڕزگارکرد و ڕامان کرد بەڵام هەر کۆڵمان نەدا و لە ڕۆژانى دواتر درێژەمان بە خۆپێشاندان دایەوە .

ئەمجارە لە جادەى ئیسکان نزیک قوتابخانەى ناوەندى قەندیل دەستمان بە خۆپێشاندان کردەوە ، لێرە قوتابیان بەرد بارانى سەیارەى پۆلیسیان کردوو هەندێکیشیان پەلامارى ئامانەى نەفەر هەڵگر (پاس)ى حکومەتیان داو جامیان شکاند بە داخەوە بەهۆى ئەم کردەوەیە پیاوانى ڕژێم هارتر بوون و کۆڵان بە کۆڵان دواى ئێمە کەوتن و ماڵ بە ماڵ بە دواماندا دەگەڕان تا بمان دۆزنەوە ، ئێمە ژمارەیەک قوتابى بوین لە ناو ماڵەکانى گەڕەکى موفتى خۆمان شاردبوەوە ، ڕۆژى دواتر لە بەردەم قوتابخانەى ئامادەیى ڕۆناکى کچان جارێکى تر دەستمان بە خۆپێشاندان کردەوە ئیتر بەم شێوەیە مانگى یازدەى ساڵى ١٩٨٢ بوو بە مانگى خۆپێشاندان و ناڕەزایى قوتابیان لە ناو شارى هەولێر بەمەش تەنگمان بە ڕژێم هەڵچنیبوو.

ئەوەى شایەنى باسە لەم خۆپێشاندانانەى شارى هەولێر قوتابیە چالاک و کورد پەروەرەکانى ئەم قوتابخانانە (ئامادەیى ڕزگارى کوران و ئامادەیى کوردستانى کوران و ئامادەیى ئازادى کوران و ئامادەیى زۆزانى کوران و دواناوەندى مزەفەریەى کوران (دەوامى دووەمى ئامادەیى کوردستان) و دار المعلمین و (ثانویة النضال) و ئامادەیى گەلاوێژى کچان و ئامادەیى ڕۆناکى کچان و ناوەندى قەندیلى کوران) وە چەند قوتابخانەیەکى تریش کە ناوی هەموویانم لە بیرنەماوە بەشداریەکى کاریگەریان لەم خۆپێشاندانانە کردوو ڕۆڵێکى سەرەکیان لە گەیاندنى پەیامى کوردایەتى و نیشتیمان پەروەریان گێڕا ، بەم هەڵوێستەیان لاپەڕەیەکى گەشیان لە مێژووى خۆپیشاندانەکانى قوتابیان تۆمار کرد کە جێى شانازین .

ئەمەى خوارەوە ناوى بەشێک لە ئەندامانى ئەم ڕێکخستنە نهێنى یەى پارتیمانە کە لە ناو شارى هەولێر لە سەرەتاى هەشتایەکانى سەدەى ڕابردوو چالاکیان هەبوو:

١- شەهید سەردار نجم الدین منتک ناسراو بە (ئارى) __  لە شەوى ١٦لەسەر ١٧ى ئادارى ١٩٨٢ لە کاتى ئەنجامدانى چالاکیەک لە گەڕەکى ئازادى کەوتە بەر گولەى ڕژێم و شەهید بوو.                        

٢- رجب محمد ئۆمەر __ لە هەمان شەوى شەهید بوونى سەردار مەنتک دەستگیر دەکرێت لە دادگایەکى شکلى دا حوکمى بیست ساڵ زیندانى بۆ دەردچێت ، بەڵام لە لێبوردنێکى گشتى لە هەمان ساڵدا ئازاد دەکرێت .

٣- حسن على ڕواندزى

٤- محمد سعید مزورى

٥- مهدى صالح مزورى (دیار مزورى)

٦- کریم صبرى مزورى

٧- محمد سلیم مزورى

٨- فؤاد عبدالقادر

٩- نجات همزە

١٠- کریم ئۆمەر

١١- سمکۆ سلیم

١٢- کامەران طاهر

١٣- کامەران على

١٤- عزیز حسن عزیز

١٥- طلعت قادر

١٦- رشید کاکە

١٧- کاروان منتک براى شەهید (خدر منتک)

١٨- مولود .......

١٩- خالد ........

٢٠- رسول .........

بە داواى لێبوردنەوە ناوى باوکى ئەم سێ هەڤاڵەى دواییەم نەزانى ، لە گەڵ ناوى ئەم بەڕێزانە ناوى دەیان هەڤاڵى تریش هەیە بەڵام من هەموویانم نەناسیوە بۆیە نەمتوانى ناوەکانیان بنوسم ، چونکە وەکو هەندێک لە هەڤاڵان بۆیان باس کردم ژمارەى ئەندامانى ئەم ڕێکخستنە نهێنى یەى ناو شارى هەولێر خۆى دەدا لە (٨٦) ئەندام .

لە کۆتاییدا سەرى ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانى کورد و کردستان دادەنوێنین و سەروەریان بارزانى نەمر و کاکە ئیدریسى هەمیشە زیندوو .

                                                                                                  هەینى قادر خضر

                                                                                                                                    ئادارى (٢٠٢٢)

Top