سکرتێرى گشتیى YNDK پیرۆزبایى لە سەرۆک مەسعود بارزانى دەکات
میدیا - هەولێر:
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، لە پەیامێکیدا بۆ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان، بەبۆنەی سەرکەوتنى کۆنگرەى (14)ى پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵبژاردنەوەى جەنابیان بۆ سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ، وێڕاى پیرۆزبایى و هیواى تەمەن درێژى و سەرکەوتن خواستن بۆ جەنابیان، ئاماژە بە رۆڵى کاریگەرانەى سەرۆک بارزانى بۆ رێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستان دەکات و، لەم پێناوەشدا پێشنیارى پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان) دەکات. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
برای بەڕێزمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان
سڵاوێكی برایانەی گەرم ...
بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی سەرکەوتنى کۆنگرەى (14)ى پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵبژاردنەوەى جەنابتان بۆ سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە کۆمیتەى ناوەندى و تەواوی كادرو ئەندامان و جەماوەری پارتى دیموکراتى کوردستان دەكەین و هیوای تەمەن درێژى و بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
هەڵبژاردنەوەى جەنابتان بۆ سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان بڕیارێکى دروستى کۆنگرەى (14)ى پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لەبەرئەوەى كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و, هەموو رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم كۆمەڵێ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری مەزندان, بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە سیاسەتى حەکیمانى جەنابتانە بۆ رێكخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوەندی سیاسی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستان, رێبەرى شۆڕشى گەلى کوردستان (مستەفا بارزانى نەمر) لە شۆڕشى ئەیلوولى نیشتمانیدا هەمیشە هەوڵیداوە تەبایى و یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانى گەلى کوردستان بپارێزێت و چەترى هاوبەشى هێزە کوردستانییەکان و کەسانى وڵاتپارێزو تێکۆشەرانى کوردستان بوو، بەردەوام هەوڵیدەدا ناوماڵى کوردستان رێک و یەک بێت، جەنابتان کە درێژەپێدەرى رێبازى (بارزانى نەمر)ن وەك هەمیشە دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر و مەزن ببینن بۆ کۆکردنەوەى تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان، بە باوەڕى ئێمە پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان) دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و رێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستان، بۆ ئەمەش جەنابتان دەتوانن رۆڵێکى کارا بگێڕن، لەم پێناوەشدا ئێمە وەكو YNDK ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتوانییەكین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای تەمەن درێژى و تەندروستییەکى باش بۆ جەنابتان و پێشڤەچون و سەرکەوتنى زیاتر بۆ پارتى دیموکراتى کوردستان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی هاوخەباتى و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان ... لەگەڵ رێزو خۆشەویستى دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
براى دڵسۆزتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
6 / 11 / 2022