گۆڕانی کەش وهەوا زیانێکی گەورەی بە وڵاتانی ئەفریقا گەیاندووە

گۆڕانی کەش وهەوا زیانێکی گەورەی بە وڵاتانی ئەفریقا گەیاندووە

 

 

ئەمساڵ گۆڕانی ڕێژەی بارانبارین بەهۆی گۆڕانی کەش وهەوا بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە هەندێک وڵاتی ئەفریقا.

هەرچەندە کەمترین ڕێژەی کاربۆن لە جیهاندا لە کیشوەری ئەفریقا بڵاو کراوەتەوە ، بەڵام ئەمساڵ گۆڕانی ڕێژەی بارانبارین کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دروست بووە و بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە هەندێک وڵاتی ئەفریقا، ئەم باران و لافاوە زۆرە زیانێکی گەورەی مرۆیی و ماددیی بە وڵاتانی ئەفریقا گەیاندووە.

لە کاتێکدا هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵات و باشووری کیشوەری ڕەش لەگەڵ وشکەساڵییەکی تونددا دەجەنگن، ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاست ڕووبەڕووی بارانبارینی بەخوڕ بوونەتەوە.

بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە، ماداگاسکار و مۆزامبیك بە درێژایی ساڵ تووشی زریانی وێرانکەر بوون.

ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە وڵاتانی باکووری ئەفریقا وەک تونس و جەزائیر لەگەڵ ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا کێشەیان هەبوو.

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی، لە ساڵی ٢٠٢١ کیشوەری ئەفریقا سێیەم یان چوارەم ساڵی گەرمترینی خۆی لە سەرەتای ساڵانی ١٩١٠ەوە ئەزموون کردووە.

لەم کیشوەرەدا ئاستی ئاوی کەناراوەکان لە سەرووی تێکڕای جیهانییەوە بەرزتر بووەتەوە.

وڵاتانی نەیجیریا و کۆماری ئەفریقای باشوور زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی لافاو و زریانەکانەوە کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە دروست بووە.

بەهۆی لافاو لە نەیجیریا ٦١٢ کەس و لە کۆماری ئەفریقای باشوور ٥١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەئەنجامی بارانبارینی بەخوڕی ئەمساڵدا، ١٦٨ کەس لە نیجەر، ١٣٤ کەس لە سودان، ٤١ کەس لە بنین، ٣٧ کەس لە مالاوی، ٢٢ کەس لە چاد، ٢٠ کەس لە مۆزامبیك، ١٦ کەس لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، 15 کەس لە کەناری عاج، 15 کەس لە ڕواندا، 15 کەس لە ئۆگاندا، 34 کەس لە ماداگاسکار، 14 کەس لە مۆریتانیا، 11 کەس لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و 8 کەس لە سیرالیۆن گیانیان لەدەستداوە.

حاجیە سەعدیە عومەر فاروق وەزیری کاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی کارەساتی سروشتی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی نەیجیریا ڕایگەیاند: لە مانگی ئایارەوە لانیکەم ٦١٢ کەس لەم وڵاتە بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە دروستبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی لافاوەکەوە دوو هەزار و 776 کەس برینداربوون و گوتی: سێ ملیۆن و 200 هەزار کەس بەهۆی ئەم لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top